گەمەكانی نرخی نەوت

هەرچەندە راپۆرتەكانی رێكخراوی ئۆپێك هێما بۆ ئەوەدەكەن نرخی نەوت لەداهاتوودا بەرزدەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمە بۆچونێكی سیاسی بێ وەك لەوەی بۆچونێكی دیراسەكراوی زانستی بێت!

ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەكەن، دەزانن نرخی نەوت لەماوەی رابردوودا وەك كارتێكی سیاسی لەلایەن زلهێزەكانەوە بەكارهاتووە، و رەنگە لەداهاتوودا دووبارە و چەندبارە بۆ هەمان مەبەست بەكاربێت، وەك فشارێك بۆسەر وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت كە زۆرتر لەرووی سیاسییەوە ناتوانن بیشارنەوە پاشكۆن!

دەمێكە دنیای پێشكەوتوو لەهەوڵی ئەوەدایە سەرچاوە وزەییەكان لەنەوتەوە بگۆڕێت بۆ وزەی خۆر یان هەر ئالتەرناتیڤێكی دیكە، هەر بەم خەیاڵەشەوە كە دوور نییە ببێت بەواقیع، سەنتەرەكانی توێژینەوە و دامەزراوە ئەكادیمییە پەیوەندارەكان ئەم بابەتەیان تاووتوێكردووە، بۆنموونە بەپێی تازەترین بۆچوونی سەنتەری ریپینك ئێكسی ئەمریكی بۆ توێژینەوەی فیكریی، لەئێستاوە تا هەشت ساڵی دیكە جیهان پێشكەوتنێكی وا گەورە بەخۆیەوە دەبینێت لەهیچ بازاڕێكدا ئۆتۆمبێڵ و بارهەڵگر نابینرێت بەبەنزین و پەترۆل كاربكات، بەڵكو دەگۆڕێت و دەبێتە كارەبایی، ئەمەش راستەوخۆ واتای داڕمانی پیشەسازییە نەوتیەكان و نرخەكانی نەوت دەگەیەنێت.

بێجگە لەوەی سیاسەتەكانی رێكخراوی ئۆپێك و وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەژێر كاریگەری سیاسەتی نەوتی زلهێزەكاندا ناتوانن نرخێكی سەقامگیر بۆ نەوت دانێن بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، هەمیشە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت وابەستە بووە بە رووداوە سیاسییەكانەوە، هەر جارێك شەڕێك روویدا بێت یان تەنانەت گرژییەك كەوتبێتە نێوان وڵاتانەوە راستەوخۆ كاریگەری بەسەر نرخی نەوتدا جێهێشتووە، بۆ نموونە لەگەڵ وروژاندنی پرسی چەكی ئەتۆمی و ململانێكانی خۆرئاوا و كۆریای باكور ، یان لە پرسی گەمارۆدانی دەوڵەتی قەتەڕ لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە راستەوخۆ ئاماژەكانی نرخی نەوت بەرزبوونەوەیان تۆماركردووە!

هەر لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرهەمهێنانە نەوتییەكەی خۆی زیادكرد نرخی نەوت دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هاوكات ترسی خستە نێو دڵی رێكخراوی ئۆپێك بەوەی كە ئەم هەنگاوە كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئەو نرخە دەبێت كە وڵاتانی ئەندام لەرێكخراوەكە لەسەری رێككەوتوون.

بێجگە لەوەی بەئەزموون سەلمێنراوە هەر كاتێك ئەمبارەكانی نەوتی ئەمریكا روو لەدابەزین دەبن بەشێوەیەكی گشتی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا روو لەبەرزبوونەوە دەكات، ئەمە فاكتێكە بەهیچ شێوەیەك نابێت نادیدەبگیرێت.

لەلایەكی دیكەشەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بەمدواییانە هۆشداری داوەتە وڵاتانی بەكارهێنەری نەوت كە هەست بەئارامییەكی وا نەكەن بەوەی نرخی نەوت هەروا هەرزان بێت، پێشیوایە تا ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، لەبەر ئەوەی وەبەرهێنەران كە حاڵیحازر بەدەست نزمبوونەوەی نرخەكە دەناڵێنن، خستنەڕووی نەوت بۆبازاڕەكان كەمدەكەنەوە.

بەڕێوبەری جێبەجێكاری ئاژانسەكە فاتیە بیرۆل لەلێدوانێكیدا هێمای بۆئەوەكردووە كە هەڵخەڵەتانی بەكارهێنەران بەنەوتی ئەمباركراو و نزمی نرخەكەی، ئاسانە، بەڵام دەبێ لەسەر دیوارێك بینوسین : ئەو پاشەكشە مێژووییەی وەبەرهێنانەكان كە دەیبینین نیشانەی سەرسوڕمانی زۆری دەبێت بۆ رووداوی كتوپڕ كە رەنگە لەداهاتوودا لەسەر ئاستی ئاسایشی نەوتدا بیبینین، لەوانەیە داهاتووەكەش دوور نەبێت.