سەرەتا دەبێ جارێكی تر پێداگری لەسەر ئەوە بكەم كە سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردی یان كوردستان چ لە هەر بەشێكی كوردستاندا یان لە كوردستانی گەورەدا مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە.
سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوی رزگاریخوازی گەلی كورد كە دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی پێنجەمی سەدەی نۆزدەیەم، ئامانجی سەرەكی ئازادی و سەربەخۆیی بووە، با ئەوەش رانەگەیەندرابێت. ئەو كاتە بنەماڵەی بەدرخانیەكان كە بنەماڵەیەكی منەوەری كورد بوون، راپەڕینێكیان بەرپاكرد لە پێناوی داواكردنی بەشێك لە مافە رەواكانی كورددا لەو كاتەدا كە كورد چەوساوەی ژێر سایەی دەسەڵاتی عوسمانی و فارسی-قاجەری-بوو.
لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا بززوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتیمانی كوردستان بەردەوامەوە كورد، خوێن و ژیانی خۆی لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی و كەرامەتی مرۆیی خۆیدا دەبەخشێت. لەم مێژووە درێژەدا بزووتنەوەو راپەڕینەكانی كورد درووشمی سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتیان هەبوو بێت یان نا خەباتی كورد لەو پێناوەدا بووە.
مەبەستمان لەم پێشەكیە ئەوەیە بڵێین كورد سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەت بە ئامانجی سەرەكی خۆی و بە مافی رەوای خۆیی دەزانێت و لەم رووەوە هەموو جۆرە دژایەتیكردنێكی سەربەخۆیی و گاڵتەكردن بە درووستكردنی دەوڵەت كاری پێچەوانەی بنەما نەتەوەییەكانە.
دەبێ ئەوەش بڵێین هەندێ لەو دەربڕینانەی كە وەكو دژایەتی و رەتكردنەوەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەردەكەوێت لە لایەك كاردانەوەی خەڵكە بەرامبەر بە نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و بەشێكیشی دەرهاوێشتەی كەلتووری نەخۆشی حیزبایەتیە لە كوردستاندا واتە دەرهاوێشتەی ململانێی كەلتووری جەلالی و مەلایی كۆن و نیو جەلالیزم و پارتیە لە ئێستادا. كە ئەو كەلتوورە نەخۆشە هەر رابردووی كوردی وێران نەكردووە بە تەنیا، بەڵكو ئێستاشی كوشتووەو مەترسی ئەوەشی هەیە كە داهاتووشمان وێران بكات، ئەگەر جڵەوی كاروبارەكان بە عەقڵ رێكنەخرێن و لە دەستی عاقڵەكان و حەكیمەكاندا نەبن، ئەوا ئایندەشمان لەبەردەم مەترسیدا دەبێت.
من لە ئەنجامی خەریكبوونی متەوازیعانەی خۆم بە مێژووی بزاڤی كوردایەتی و عەقڵی سیاسی كوردی و پێكهاتەو سرووشتی ژیانی حیزبایەتی كوردی و گوتاری ناسیونالیزمی كوردیەوە رەنگە كەمێ لەوە تێبگەم كە گرفتی سەرەكی لە كوردستان چیەو پەی بەوەش ببەم نەتوانینی بڕیاردانی حیزبی كوردی لە كوردستاندا بە گشتی و لە باشوور بە تایبەتی بۆ سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەت پەیوەندی بە نەبوونی پرۆژەی سەربەخۆیی و دەوڵەتەوە هەیە. ئەوەش راستەوخۆ دەرهاوێشتەی لاوازی ناسیونالیزمی كوردیە. ئەگەر وانەبووایە هەڵبەت ئێمە پێشتر دەمانتوانی دەوڵت درووست بكەین.
ئێستا لەم هەلومەرجەدا كە پەیوەندی بە قۆناغی دوای داعش و ئەگەری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی جوگرافیای سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، كورد بە جۆرێك باسی سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردستان دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكە باسی راپرسی گشتی دەكرێـت و سەرئەنجامیش كاتی راپرسی دیاریكرا.
ئەم هەنگاوانە لە رووی تیۆرییەوە گرنگن، بەڵام ئاشكرایە تەنیا تیۆریی بەس نیە، بەڵكو گرنگتر، ئەو پێداویستیانەیە كە دەبێ بە كردەوە لەسەر زەمینەی واقیعی كوردستان جێبەجێ بكرێن. من لێرەدا هەوڵدەدەم ئەو خاڵە گرنگانەی كە پێویستن پێش ریفراندۆم جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی زیاترین ژمارەی بەڵی بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنرێت ، لێرەدا كۆب