شارە سەرەكییەكانی هەموو دەوڵەتانی جیهان بەردەوام بوونەتە ناوچەی راكێشان، بەهۆی ئەو وێنە جوانو رەنگاڵەیەو خۆشگوزەرانییەی كە شارەكان لەخۆیان گرتووە، هەر چویتە ئەوێ دەتوانی هیواو ئاواتەكانتی لێ بەدیبهێنێت، لەبەر ئەوە شار بەردەوام لە مێشكو بیری تاكەكاندا ئامادەیی هەیە، چ لەسەر ئاستی گەلی دەوڵەتێك، یان لەسەر ئاستی تەواوی گەلانی جیهان، كاتێك بیروبۆچوونەكان لەسەر شارێكی دیاریكراو دەگیرسێتەوە، كە دەكرێ لەو شارەدا خەونەكان بەدیبێتو تاك بگاتە ئەوپەڕی سەركەوتنو خۆشبەختی، بەجۆرێك زۆرێكی خەڵكی لەهەر شوێنو ناوچەیەكەوە هەوڵی بۆ دەدەنو دەیانەوێ تێیدا ژیان بەسەر بەرن، ئەمە بەدەرە لەو واقیعە راستەقینەیەی كە هەندێك جار ئەوانەی هەوڵی بۆ دەدەن، توشی شۆكیان دەكات.
سروشتی ژمارەی دانیشتووان
زۆرمان بیستوە لەسەر خراپیو ناخۆشییەكانی ژیانی ئەوانەی لە زۆرێكی دەوڵەتە جیاوازەكانی جیهانەوە، كە پارەیەكی ئێجگار زۆریشیان لەو پێناوەدا خەرج كردوە، تا بەو شارە بگەنو تێیدا بژین، بەو هیوایە بوونە لەو شارە یان هەر شارێك كە خەونیان پێوە بینیوە، ئەو خەونو ئاواتەیان بەدیبهێنن، كە لەو شارەی لێوەی هاتوون نەیتوانیوە بۆیانی بەدیبهێنێت. لە چیرۆكی پەنابەرو ئەوانەی لەدەست رەوشی نالەباری سیاسیو ئابووریی دەوڵەتەكانیان رایان كردوە، باشترین نمونەی ئەو ناخۆشیو بە دبەختییەیە كە لەدەوڵەتی میوان بینیویانەو دەیبینن، لەگەڵ هەنگاوی یەكەمدا خەونەكانیان دەشكێت، لەبەرئەوە زۆری ژمارەی دانیشتوانی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان، سەرچاوەكەی زیادبوونی سروشتی ژمارەی دانیشتووان نییە لەو شارە یان ئەویتر، بەڵكو بۆ ئەو بزاوتە كۆمەڵایەتییەی ئەو شارە بەخۆیەوە دەیبینێت، دەگەڕێتەوە، چ دەرئەنجامی گواستنەوەی ناوخۆیی، واتە لە گوندو شارو شارۆچەكەكانەوە، یان دەرەوە لە دەوڵەتانی ناوچە جیاجیاكانی جیهانەوە رووی تێ دەكەن، هەموو ئەو گواستنەوانە گوشارێكی گەورەی دانیشتوان دەخاتە سەر ئەو شارە گەورەو بەناوبانگانە، بەجۆرێك كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی حكومەت پێشكەش بە دانیشتووانی شارەكەی دەكات، دەبێت.
بەدیهێنەری خەونی تاكەكان
زۆربەی حكومەتەكانی جیهان، هەوڵی ئەوە دەدات، شارەكانی ببنە بەدیهێنەری خەونی تاكەكانی كۆمەڵگەكەی، ئەویش لەڕێی ئەو جوانكاریو رێكخستنە ئەندازەییو ئیدارەییەوە كە بیكاتە شارێك كە سەرنجی میوانو دانیشتوانەكەیشی رابكێشێت، وای لێبكات هەستو سۆزی هەموو ئەوانە بجوڵێنێت كە بە هیوان لەو شارەدا بژین، هەرچەندە شار لە حەقیقەتیدا كەشێكی قورسی هەیە كە زۆرجار هەستی تاكەكان توشی شۆك دەكات، بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی لە گوندو شارۆچكەكانەوە سەردانی شار دەكەن، ئەو پەیوەندییە توندە كۆمەڵایەتییەی لە گوندەكاندا هەیە، لەشارەكان بەدی ناكرێت، پیاوی شار بە درێژایی رۆژ سەرقاڵە، ئێوارە درەنگ دەگەڕێتەوە ماڵ، ئەوكاتیش هێندە ماندووە پێویستی بە پشووە، لەبەرئەوە كاتی ئەوەی نابێت پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی چالاك بكاتەوە، كاتێك بۆ سەردانی ئەمو ئەو تەرخان بكات. لەبەر ئەوەی ئەو وێنەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەی جارانی بەرەبەرە لەناو دەچێت، رەفتارێكی كۆمەڵایەتیی تری جیاواز لەوەی گوند بۆ دروست دەبێت، دوای ئەوە، كاتێك ئەو تاكە دەگەڕێتەوە بۆ گوندەكەی خۆی، بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەگەر رادەكەیشی كەم بێت، رەفتارە كۆمەڵایەتییەكەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ئەو گۆڕانە كەمە زیاد دەكات تا وێنەكەی بەتەواوی دەگۆڕێت، ئەو وێنە كۆتاییە دواتر لە رەفتاری نەوەكانیدا بە تەواوی رەنگ دەداتەوە، بەتایبەتی ئەگەر خێزانەكەیشی لەگەڵ خۆی بردبێتە شار، چیتر گوند ئەو كەشە كۆمەڵایەتییە لەبارو گونجاوە نییە بۆ مناڵەكانی كە لەشاردا پەروەردەو گەورە بوونە، لەبەر ئەوە كاتێك د