پۆپۆلیستی هەڕەشەیە بۆ سەر ئابووریی جیهان ‌

 
قسەكردن لەسەر پۆپۆلیستیی ئابووریی پانتاییەكی فراوانی گفتوگۆكانی سیاسی داگیرگردووە، بەجۆرێك وەك پەتای لێهاتووەو بەشێوەیەكی خێرا لە هەموو شوێنەكان بڵاو دەبێتەوە و بە كەسیش ناگیرێتەوە.
 
زەبرێكی تر لە یەكێتیی ئەوروپا 
هەر لە كەوتنی یەكەم بەردی دۆمینۆی دەنگدانی بریتانییەكان بۆ دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا، سیاسییە پۆپۆلیستییە ئەوروپی‌و ئەمریكاییەكان هێرشیان دەستپێكرد بۆ پێشكەشكردنی چارەسەری تەقلیدی‌و یاریكردن بە هەست‌و سۆزی ناڕازیی‌و پەرواێزخراوەكان، بەڵام بەبێ ئەوەی رەوڕەوەی ئابوورییان لەبەرچاو گرتبێت كە بەهیچ جۆرێك بەرەو دوا ناگەڕێتەوە.
دەركردنی كۆچەرییەكان كارەساتی ئابووری قورستر لە پێشوازیكردنیانی لێدەكەوێتەوە، ئابووریی جیهان ناتوانێ تەنانەت بەرگەی پاشەكشێی سەفەرو گەشتیاری بگرێت كە دەشێ دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی پارێزگاریی هەندێك لە دەوڵەتان بێت.
ناونیشانی ئەو دڵەڕاوكێ گەورەیەی جیهانی گرتۆتەوە، ئەو بشێوییەیە كە سەركەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ناویەتییەوە، ئێستا ترسەكە لەوەدایە ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەرەنساش مارین لۆپین كاندیدی راستڕەو دەربچێت، كە بانگەشە بۆ دەرچوونی وڵاتەكەی لە ناوچەی یۆرۆ دەكات، ئەمەش زەبرێكی گورچكبڕی ترە بەر یەكێتیی ئەوروپا دەكەوێت، دەشێ ئەمە بۆ دەوڵەتانی تری ئەوروپاش پەل بهاوێژێت.

بەرەو دوا ناگەڕێتەوە
ناواخنی ترسەكە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەو سیاسەتی خۆپارێزییەی پۆپۆلیستەكان پەیڕەوی لێدەكەن دژی ئابووریی بەجیهانیبووە، ئەمەش ئابووریی جیهان رووبەڕووی داكشان دەكات، لەكاتێكدا جیهان لەكێبڕكێی كرانەوەو بەهێزكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و خێراكردنی رەوتی گەشەی ئابووری‌و زیادكردنی وەبەرهێنانە.
بەدیاركەوتنی ئەو دیاردە نوێیە، نابێت ئەوە بشارێتەوە، كە ئەم فەوزەوییە نوێیانەی بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە پشتیوانی جەماوەری بۆ بۆچوونەكانیان دەبەستن، بێزاری‌و ناڕەزاییەكانی خەڵكی لەو سیاسەتانەی حكومەتەكانیان پەیڕەوی دەكەن ئیستغلال دەكەن، بەڵام دروشمەكانیان چەندین خەوشی گەورە لەخۆدەگرێت كە پەیوەندییان بە كەمی شارەزایی‌و لێهاتوویی لە ئیدارەدانی قەیرانەكاندا هەیە.