ئابووریی دیپلۆماسی‌و دیپلۆماسییەتی ئابووری ‌


چیتر چەمكی ئابووری لە گەیشتن بە خودبژێویی‌و دەستەبەركردنی گەشەو فەراهەمكردنی داراییدا كورت نابێتەوە، بەڵكو فراوانبووە تا چەندین بواری تریش بگرێتەوە. لەسایەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ژینگەی سیستمی جیهاندا روویداوە، بەجیهانیبوون جەستەی نێودەوڵەتی یەكخستوە، لەمیانی كرانەوەی بازاڕە نیشتمانییەكان بەڕووی بازاڕی نێودەوڵەتییدا، هێزی دەوڵەت تەنیا بەهێزی سەربازی ناپێورێت، بەڵكو بەهێزی ئابوورییەكەیشی، دەوڵەتان دەستبەرداری چەمكی تەقلیدیی ئیدارەی پەیوەندییەكانی نێوان بوون، هەرچەندە بەرژوەندیی دەوڵەت هۆكاری زاڵی رەفتاری دەوڵەتانە لەبەرامبەر بە یەكتر. لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە ئابووری‌و سیاسییانەی جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت، ئەستەمە بتوانرێت سیاسەت لە ئابووری جیابكرێتەوە، تا ئەوەی ئابووری بووە فاكتەرێكی سەرەكی داڕشتن‌و گەشەكردن پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان دەوڵەتان، بەڵكو زۆرجار دیپلۆماسییەت ئابووری بۆ خزمەتكردنی ئامانج‌و بەرژوەندییەكانی دەوڵەت بەكاردەهێنرێت.

هەموو چالاكییە ئابوورییەكان دەگرێتەوە
ئابووری رۆڵێكی گرنگ‌و گەورە لە بەرزكردنەوەی هێزی ناوخۆیی دەوڵەت لەڕێی بەرهەمهێنان‌و زۆرێكی تری ئامرازەكانی ترەوە دەگێڕێت كە بۆ گەیشتنە بە خودبژێویی‌و فەراهەمكردنی پێداویستییە هەمەچەشنەكانی هاووڵاتیان، هەروەها ئابووری رۆڵێكی گرنگی دەرەكی بۆ بەرزكردنەوەی هێزی ئابووریی دەوڵەت دەگێڕێت، تا لەڕووی ئابووری‌و سیاسییەوە بیگەنێتە ئاستی دەوڵەتە پێشكەوتوو و گەورەكان.
دیپلۆماسییەتی ئابووری شێوەیەكی شێوەكانی دیپلۆماسییە، ئەویش بەكارهێنانی تەواوی ئامرازە ئابوورییەكانی دەوڵەتە بۆ دەستەبەركردنی بەرژوەندیی نیشتمانی، دیپلۆماسییەتی ئابووری هەموو چالاكییە ئابوورییەكان دەگرێتەوە، بۆ نمونە هەناردەو هاوردەو وەبەرهێنان‌و قەرزو یارمەتی‌و رێككەوتنی ئازادی بازرگانی‌و ئەوانی تریش.
دیپلۆماسییەتی ئابووری بەشێوەیەكی سادە زانینی هەر یەك پانتاییەكە، مەبەست لێی جۆرو ئاستی پرسە ئابوورییە ناوخۆیی‌و ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەكان، هەروەها یاریزانەكانی هەریەك لە دەوڵەتان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە.

بنەما گرنگەكانی ئەم بوارە
دەشێ ژمارەیەك لە بنەما گرنگەكانی ئەم بوارە دیاری بكەین، ئەوانیش:
یەك: بەكارهێنانی هەژموونی سیاسی‌و پەیوەندییە سیاسییەكان بۆ پتەوكردنی كاریگەریی بازرگانی‌و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، بۆ باشتركردنی ئەدائی بازاڕەكان‌و چارەسەركردنی كێشەكانی بازاڕو سنورداركردنی تێچوون‌و مەترسییەكانی سەوداو مامەڵە نێودەوڵەتییەكان.