ژیان، ترس و سه‌ركه‌وتن ‌

مرۆڤ سروشتی‌ وایه‌، زۆر كات و بۆ زۆر هه‌نگاوی‌ ژیانی‌ ده‌ترسێت له‌وه‌ی‌ شكست بهێنێت، هه‌ر ئه‌م ترسه‌ی‌ له‌ شكست وای‌ كردوه‌ له‌چه‌شتنی‌ چێژی سه‌ركه‌وتن به‌دووری‌ بگرێت و بێ به‌شی بكات، چونكه‌ كاتێك ترست هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ شكست بهێنیت یان له‌كارێك سه‌ركه‌وتوو نه‌بیت ئه‌وا هه‌وڵی بۆ ناده‌یت و ترس یارمه‌تیده‌رت نیه‌ له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانت.
 
كه‌سانی‌ شكست خواردوو رووداوه‌كانی‌ ژیان ده‌یانترسێنێت، به‌ربه‌سته‌كانی‌ ژیان ده‌یان وه‌ستێنێت، له‌بری ئه‌وه‌ی‌ گیروگرفته‌كانی‌ ژیان ببنه‌ وانه‌یه‌ك بۆ خۆ رێكخستنه‌وه‌و هه‌نگاو نان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، ده‌بنه‌ هۆكارێك بۆ ترس و وه‌ستان له‌شوێنی‌ خۆیان و له‌ئه‌ستۆ نه‌گرتنی‌ به‌رپرسیارێتی‌ له‌ژیان، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌به‌رپرسیارێتی‌ ده‌ترسن كه‌ له‌راستیدا ترسه‌ له‌ شكست و نه‌گه‌یشتنه‌ به‌سه‌ركه‌وتن ئه‌وا ناتوانن ئه‌ركه‌كانی‌ ژیان بخه‌نه‌ سه‌رشانی‌ خۆیان‌و سه‌ره‌نجام نابنه‌ كه‌سانی‌ كاریگه‌ر و مایه‌ی ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری بۆ كه‌سانی‌ تر و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان، ئه‌و كاتیش بوونیان شانازیه‌ك به‌ ژیان نابه‌خشێت، چونكه‌ سه‌ركه‌وتن دژوار نیه‌ كاتێك هه‌وڵدان و به‌رده‌وامی‌ له‌ئارادابێت، ئه‌وه‌ بزانه‌ سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ئامانج بۆت نایه‌نه‌ ماڵه‌وه‌ نابنه‌ میوانت، بۆیه‌ ده‌بێت تۆ به‌دوایاندا هه‌ڵوه‌دا بیت‌و هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانیان بده‌یت، مرۆڤیش بۆ خه‌وتن نه‌هاتووه‌ته‌ بوون، بۆ ژیان و له‌ ئه‌ستۆگرتنی‌ به‌رپرسیارێتی‌ و هه‌وڵ‌ و كۆشش ده‌ژێت، به‌ كار و كرده‌وه‌ جوان و باشه‌كانی‌ كاریگه‌ری دروست ده‌كات و ده‌بێته‌ كه‌سێتیه‌كی‌ جێی شانازی‌ كۆمه‌ڵگه‌.
  
كه‌واته‌، بوونی‌ مرۆڤ له‌م ژیانه‌دا واته‌ هه‌نگاو نان‌و كاركردن و پاشان گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی‌ كه‌ ده‌ته‌وێت به‌ ده‌ستی‌ بهێنیت، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ ترسی له‌دڵدایه‌ و ئه‌و ترسه‌ رێگری لێ ده‌كات  كه‌ هه‌نگاوی‌ كرداری‌ بنێت له‌ ژیاندا، ناگات به‌هیچ ئامانجێك، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بیانوویه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ ده‌ست پێنه‌كردن له‌ كاروباره‌كانی‌ ژیان و به‌سه‌ردا زاڵ‌ بوونی‌ ترس له‌ شكست، ئه‌و كاتیش له‌بری ئه‌وه‌ی‌ ئامانجی‌ گه‌یشتن بێت به‌سه‌ركه‌وتن و به‌خته‌وه‌ری، ئه‌وا ئامانجی‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت شكست نه‌هێنێت، ئه‌وه‌ش روونه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هه‌نگاویان پێ نانرێت و ده‌ست ناكه‌ن به‌ رۆیشتن به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن له‌ كاروانی‌ ژیان به‌جێده‌مێنن. 
 
چه‌ند ژیان گرنگ نیه‌، چۆن ژیان گرنگه‌، به‌وردی‌ و وریاییه‌وه‌ هه‌نگاوی‌ ژیان بنێ،  ترس‌و دڵه‌ راوكێ له‌ ئاسۆی ژیانت وه‌ده‌رنێ، ئامانجت سه‌ركه‌وتن و كاریگه‌ری دانان بێت نه‌ك خۆ پاراستن له‌ شكست، ئه‌وه‌ت له‌ یاد بێت ژیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ توانیویانه‌ هه‌نگاو بنێن و گوێیان به‌ترس نه‌داوه‌، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌ربه‌سته‌كان نایان وه‌ستێنێت، هه‌روه‌ها ژیان شانازی‌ به‌ كه‌سانێكه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌توانن ببنه‌ چرای‌ شه‌وه‌زه‌نگی‌ مرۆڤایه‌تی‌، نه‌ك ئه‌وانه‌ی‌ ترس رۆژگاری‌ لێ كردوون به‌ شه‌وه‌زه‌نگ.