عێراق لە لووتكەی سامان و عێراقیەكان لە ناخی ژێرەوە!

 
لە بارێكی دەگمەندا كە چەندین ساڵە شتی وا نەبووە، ناوی عێراق لە سەرەوەی لیستێكی بارودۆخ باشدا دەبینین، نەك لە سەرەوەی دۆخێكی خراپدا وەك هەمیشە وابووە و ساڵ دوای ساڵ كە وڵاتمانی پێدا تێدەپەڕێت و ماوەی چوار دەیەیە، ناوی عێراق هەمیشە لە ریزی پێشەوەی دەوڵەتە فشیلەكاندا بووە (ئێستا فاشیلی ئیمتیازە)، لە ریزی پێشەوەی دەوڵەتانی گیرۆدەی گەندەڵیی ئیداری و دارایی و  نەبوونی شەفافیەت و  پێشێلكاریی مافەكان و ئازادییە گشتی و تایبەتەكان و دەربازبوونی بكوژانی رۆژنامەنووسان لە سزادان و بەرزیی رێژەی بێكاری و نەخوێندەواریی و نزمیی ئاستی كار (17 خولەك لە رۆژێكدا بۆ تاقە كەسێك) و.. زۆر شتی دیكەی لەم جۆرانە.

لیستە جیاوازەكە ئەوەیە كە ئەمساڵیش ناوی عێراقی خستووەتە نێوان دە دەوڵەمەندترین وڵاتان بە سەرچاوە سروشتیەكانەوە… عێراقی شانبەشانی روسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان و سعودیە و كەنەدا و ئێران و چین و برازیل و ئوسترالیا و ڤەنزوێلا… داناوە. ئای عێراقیەكان چەند خۆشحاڵن بەم پۆلێنكردنە.

عێراق بە سامانە سروشتیەكەیەوە كە بەهای كۆی گشتیی بە (14،94) تریلیۆن دۆلاری ئەمریكی خەمڵێنراوە، ئەم پێگەیەی گرتووە. ئەم بەهایە هێندەی كۆی داهاتە نەوتیەكانی عێراق بۆ ماوەی 200 ساڵە بە تێكڕای بەرهەمهێنانی ئێستای و بە نرخی ئەمڕۆی بەرمیلێك نەوتەوە، ئەم نرخەی سامانی سروشتیی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە لێكدراوەتەوە كە یەدەگی نەوتی دەگاتە 153 ملیار بەرمیل و هی غازی سروشتیی 131 تریلیۆن پێ‌ سێجا و هی كبریت 600 ملیۆن تەن و هی فۆسفات 5،75 ملیار تەن و كشتوكاڵیش 158 ملیۆن دۆنم.  هەروەها 12 هەزار شوێنی گەشتیاری-یش دەچنە ئەم حساباتەی عێراقەوە (كە هەر شوێنێكیان دەكرێت لە بارودۆخێكی دیكەی جیاواز لەم دۆخەی ئێستادا بكرێتە مریشك و هێلكەی ئاڵتونین بكات). هەروەها قەبارەی هێزی كار-یش كە لەئێستادا 10 ملیۆن كەسە، بەهەمانشێوە دەچێتە حسابەكەی عێراقەوە، لەگەڵ تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی كە بانكی نێودەوڵەتی بە 180 ملیار دۆلاری خەمڵاندووە.   

جا بۆ ئەوەی ئەو كەسەی ئەم زانیارییانە دەخوێنێتەوە زۆر خەیاڵی نەفڕێت، ئەم سامانە سروشتیە بەرزەی كە عێراق هەیەتی، هیچ بەهایەكی كردەكیی نییە و هیچ كاریگەرییەكی ئەرێنیی لەسەر ژیانی عێراقیەكان نییە كە لانیكەم 25% یان لە ناخی هەژاری و نەخوێندەواریدا دەژین، چونكە ئەم سامانانە لە ئێستادا، بە هەمان شێوەی رابردوو، لە دەستێكی ئەمیندا نین..بەڵكو لە دەستێكی تێكدەردان كە خاوەنەكانیان نە ئەستۆیان هەیە و نە ویژدان، دزیكردنیان بەلاوە پەسەندە و گوتاری رقاویی دەڵێنەوە و داهێنان دەكەن لە ورووژاندنی نەعرەتەی نەتەوەیی و تایەفیدا و هیچ شتێك نازانن لەسەر بەڕێوەبردنی دەوڵەت و كۆمەڵ و ئابوری، نایشهێڵن ئەوانەی دەیزانن جێگەكانیان بگرنەوە، یاخود بەشداریی بكەن لە بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانەدا، بۆ ئەوەی دۆخی عێراقیەكان نەگاتە دۆخی ژیانی روسەكان یان ئەمریكیەكان یاخود سعودیەكان و یان هیچ نەبێت باری گوزەرانی ئێرانی و ڤەنزویلییەكان.