هەرێمی کوردستان و قۆناغی دوای شەڕی موسڵ

 
قۆناغی دوای شەڕی موسڵ و کۆتایی هێنان بەداگیرکارییەکانی گروپی تێرۆریستی داعش لە عیراق بووەتە باس و خواستی گەرمی سیاسی لەهەرێمی کوردستان بێت یان لەعیراق، لەو نێوانەشدا باس لەپرۆژەو ئەجندای جیاواز دەکرێت بۆ ئەو قۆناغەو دەستپێشخەری بۆ فۆرمێکی سیاسی نوێ لەئارادایە لەلایەک بۆ عیراق و لەلایەکی تریشەوە بۆ ئایندەی موسڵ، کەبێگوومان لەرووی ئیداری و قانونی و سەربازییەوە وەک موسڵی پێش داعش نابێت ئەمەش وا دەکات دەرگای ململانێی سیاسی نوێ بکرێتەوە، هۆکارەکەش گرنگی موسڵە لەرووی نەتەوەیی و ئابوری و پێگەی جوگرافی و ململانێی مێژوویی هەرێمایەتیی لەسەری و چەندین هۆکاری تر، بەجۆرێک کە کار گەیشتوەتە ئەو ئاستەی تورکیا هێزی سەربازی هێناوەتە سنورەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و ئێرانیش ئەجندای تایبەتی خۆی هەبێت لە ناوچەکە.

لەم نێوانەشداو لەدۆخێکی سیاسی و سەربازی وا ئاڵۆزدا گرنگە بپرسین ئاخۆ هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە دەکات؟؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ هەرێمی کوردستان هەم گرنگەو هەم قورسە، گرنگە چونکە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی شاری موسڵەو هاوسنورە لەگەڵ هەرێم و کێشەی خاکی هەیە لەناوچەکەو ئەمە جگە لەقوڵایی ستراتیژی بۆ پاراستنی هەرێم کە هاتنی داعش سەلماندنی لەگەڵ گرنگی ئابوری موسڵ بۆ هەرێمی کوردستان تا دەگاتە بوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، نابێت ئەوەش لەیاد بچێت کە لەهەڵبژاردنە جیاوازەکانی عیراقدا بەدەستهێنانی سەنگ و پێگەی بەهێز لەعیراق بەشێکی بۆ دەنگەکانی کورد دەگەڕێتەوە لەموسڵ، کە ژمارەیەکی باش نوێنەریان دەچێتە ئەنجومەنە جیاوازەکان.

سەبارەت بە قورسی و گرانی قۆناغی ئایندەش بۆ هەرێمی کوردستان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کەپێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتنی گشتگیری بۆ قۆناغی دوای داعش لەموسڵ ئەنجام نەدا، ئەمەش وا دەکات کە هەرێمی کوردستان دووچاری ململانێی سەخت بێتەوەو بخزێتە چوارچێوەی سیناریۆو ئەجندە جیاوازەکان کە داڕێژەران و بەڕێوەبەرانی کارتی بەهێزتریان لەدەستدایە، بۆ نموونە حکومەتی عیراق دوای رزگارکردنی موسڵ دەبێتە براوەو یاریچی یەکەم و ئەجنداکانی خۆی راستەوخۆ جێبەجێدەکات و هەر لەئێستاوە سەرەتاکانی دەرکەوتووە کاتێک ناوبەناو داوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت لەناوچەکەو بەحوکمی ئەمری واقیع بەپشتیوانی نێودەوڵەتی هێزەکانی عیراق جۆرێک باڵا دەستییان دەبێت بە حەشدی شەعبیشەوەو وڵاتانی کاریگەری وەک ئەمریکاو روسیاو تورکیا و ئێرانیش زیاتر بەدوای لەناوبردنی داعش و خوڵقاندنی ئارامی ناوچەکە دەگەڕێن، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە حکومەتی عیراقی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەربکات.

”ئەجندای حکومەتی عیراق لەموسڵی دوای داعش”

هەرچەندە حکومەتی عیراق ئەجنداو بەرنامەی خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش رانەگەیاندووە بەڵام بێگوومان بەرنامەی خۆی داناوە کەخۆی دەبینێتەوە لەبەرجەستەکردنی وێناکردنی خۆی وەک براوەی یەکەم و پراکتیزەکردنی، واتە خۆی دەکاتە خاوەن بڕیاری سەرەکی لەناوچەکە، هەر لەبەر ئەوەشبوو پێش دەستپێکردنی پرۆسەی (وا هاتین نەینەوا) هیچ رێککەوتنێکی گ