راپەڕین پرۆژەیەکی تەواو نەکراو
نووسینی: عەتا قەرەداخی
وشەى راپەڕین هەڵگری مانایەکی گرنگە لە مێژووى کوردو هەموو ئەو گەلء نەتەوانەدا کە وەکو کورد دووچاری ژێردەستەیی دوورو درێژو چەوساندنەوەی بێ سنوور بوونەتەوە. راپەڕین بە گوێرەى کورد هەڵگری دوو مانای ئاشکرایە کە یەکەمیان رەتکردنەوەى پرۆسەى دوورو درێژو بەردەوامی چەوساندنەوەو ژێردەستەییء دابەشکردنی وڵاتء داگیکردنییەتی. دووەمیان لە پشتی ئەو رەتکردنەوەیەوە ئامانجێک هەیە کە ئەویش بیناکردنی پرۆژەى بنیادنانەوەو خۆدرووستکردنەوەیە بۆ ئایندە. کەواتە کاتێ باسی راپەڕینی خەڵکی کوردستان دەکەین دەبێ لەم دوو روانگەیەوە لێی بڕوانین.
بە گوێرەى خاڵی یەکەمیان راپەڕین لە مێژووی کورددا لە مێژە دەستی پێکردووە چونکە لە رابردوویەکی دێرینەوە کورد لە رووی داگیرکەرانی وڵاتەکەیدا راوەستاوەو هەوڵیداوە بوونء دەسەڵاتی ئەوان لەسەر جوگرافیای خۆی رەت بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش رێگای جۆراوجۆری خەباتی لەبەر گرتووە. وەکو ئاشکراشە کورد وەکو نەتەوە هەمیشە ناچار کراوە کە رێگا جۆراوجۆرەکانی راپەڕین لەبەر بگرێت چونکە راپەڕین رێگایەک بووە بۆ بەرگری لە خۆکردن و بۆ خۆپاراستن. دیارە شێوازى رەفتارو سیاسەتی دڕندانەى داگیرکەرانی کوردستان کاریگەری ئاشکرای هەبووە لەسەر سرووشتی راپەڕینەکانی کورد.
وەک دەزانین داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستان رێگای جۆراوجۆریان بەکارهێناوە بۆ زیاتر تێکشکاندنی کەسێتی نەتەوەیی کوردو تەنانەت سڕینەوەى شووناسی ئەم نەتەوەیە. تاکە رێگاش لەبەردەمی کورددا بۆ پارێزگاری کردن لە خۆی و لە بوون و شووناسی نەتەوەیی خۆی رێگای خۆبەدەستەوە نەدان بووە کە ئەویش لە شێوازی راپەڕینی جۆراوجۆردا بەرجەستە بووە. لە چلەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا کە سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر بە کورد رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبوو، کورد بە رابەرایەتی بنەماڵەی بەدرخانییەکان دژی ئەو سیاسەتە دوژمنکارییەی تورکە عەسمانییەکان راپەڕی کە مەبەستیان سڕینەوەى شووناسی کوردی بوو. ئەو راپەڕینەش نایەکی ئاشکرا بوو بە رووی داگیرکەرانی کوردستان و سیاسەتی نامرۆڤانەیاندا بەرامبەر بە گەلی کورد. هەر بە دوای ئەوەدا کە سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی لە رەوتی خراپی خۆی بەردەوامبوو، شێخ عوبەیدوڵای نەهری لە سەرەتای هەشتاکانی ئەو سەدەیەدا سەرکردایەتی راپەڕینێکی بەربڵاوی کرد دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورکء بە مەبەستی بەرگری کردن لە کوردو شووناسی کوردی. هەروەک لە گەیشتنی ئینگلیزەکان بە ناوچەکە لە سەروبەندی جەنگی یەکەمدا شێخ مەحمودی حەفیدزادە سەرکردایەتی راپەڕینی کوردی لە باشووری کوردستان بە دژی سیاسەتی ئینگلیزەکان کرد. بەدوای ئەوەدا راپەوڕینی شێخ سەعیدی پیران ء سمکۆی شەکاک و سەید رەزای دەرسیم و درووستکردنی کۆماری کوردستان لە مهابادو راپەڕینەکانی ساڵانی سی و چلەکانی بارزان و تا دەگاتە شۆڕی ئەیلول و شۆڕشی نوێء خەباتی نەپساوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکور.. هەموو ئەمانە خەباتی کوردن لە پێناوی مافە رەواکانیدا، بەڵام ئەم راپەڕینانە بە هۆی دڕندەی دوژمنانەوە تەنیا سرووشتی چەکدارانەیان هەبووە. گۆڕینی شێوازی خەبات لە راپەڕینی چەکدارییەوە بۆ راپەڕینی مەدەنی لە راپەڕینی بەردەرکی سەرای سلێمانی لە سییەکانی سەدەی بیستدا وەکو قۆناغێکی نوێ لە خەباتی گەلی کورد لە پێناوی مافەکانی و رەتکردنەوەى سیاسەتی ناجۆری دوژمانی داگیرکەردا دادەنرێت.
خەباتی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا سەرباری خەباتی پێشمەرگایەتی لە شاخ، هەر لە سەرەتای هەشتاکانەوە هەنگاوێکی تری ناو، جەماوەری خەڵکی کوردستان ناو بەناو رێگای خۆپیشاندان و شێوازی خەباتی مەدەنیان لەبەر دەگرت. راپەڕینەکانی خوێنکاران لە بەهاری ساڵی 1982 و خۆپیشاندانی جەماوەریی لەو ساڵانەدا لە شارۆچکەکانی وەکو هەڵەبجەو قەڵادزێء پێنجوێن سەرتای قۆناغێکی نوێن لە خەباتی خەڵکی کوردستاندا دژی داگیرکەری وڵاتەکەیان. هەروەک خۆپیشاندانی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی سەلاحەدین و موسڵ لە بەهاری 1984 و لەسەروەختی گفتوگۆی نێوان رژێم و یەکێتی نیشتیمانیدا رووبەری خەباتی مەدەنی خەڵکی کوردستانی زیاتر برەو پێدا. ئێمە دەزانین کە لەو خۆپیشاندانە مەدەنیانەى کە خەڵکی کوردستان لە نێوەى یەکەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا ئەنجامیان دەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی رژێم بە ئاگرو ئاسن رووبەڕی جەماوەری بێ چەکی کوردستان دەبوونەوە، بەڵام جەماوەر جەسوورانەو بێترس درێژەى بەو جۆرە خەباتە دەداو ئەو بۆچوون و تێڕوانینە لە لای خەڵکی کوردستان درووست بوو کە سەرباری بە گرنگء پیرۆز سەیرکردنی خەباتی پێشمەرگایەتی، دەشێ کورد رێگای خەباتی مەدەنی لە رێگای خۆپیشاندانەوە بگرێتەبەر. هەرچەندە ئەم جۆرە خەباتەیات تەنیا بۆ ئەو وڵاتانە دەب