ئەگەرچی دراوە بیانییەكان كە بەهای بەرزیان هەیە، تاڕادەیەك مامەڵەیان پێوە دەكرێت، بەڵام بەزۆری قسەكردن لەسەر بەهای كاڵاكانو دانانی نرخ لەسەر كاڵاكانو تەنانەت بەهای دراوەكانی دیكەش لەسەر بنەمای دۆلاری ئەمریكایی پێوانە دەكرێت.
ئێستا بابەتێك كە لەزۆرێك لەمیدیاكانی كوردستاندا گرنگیی پێدەدرێت، بەتایبەتیش لەكەناڵە ئاسمانییەكانو سایتە ئەلەكترۆنییەكان، دوو بابەتە كە وەك هەواڵێكی سەرەكی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، یەكەمیان كەشوهەوایە، دووەمیشیان نرخی دراوە بیانییەكانو بەتایبەتیش دۆلارە، هەندێك جاریش نرخی نەوتو سوتەمەنییەكان لەكاتی بەرزبوونەوەی زۆرو دابەزینی زۆردا دەبنە مایەی سەرنجی خوێنەران.
قسەی ئێمە لێرەدا زیاتر لەبارەی نرخی دۆلارو دراوەكانو بەراوردكردنیانە بەدیناری عیراقی، ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو دەستەواژەیەیە كە لەمانشێتی هەواڵە ئابوورییەكاندا هەمیشە ئەو مانشێتە زەق دەكرێتەوە كە دەوترێت (دۆلار دابەزی، یان دۆلار بەرزبۆوە)، سەرنجەكەش ئەوەیە كە جاران زۆرێك لەدراوە بیانییەكان بەجۆرێك لەجۆرەكان بەجێگیریی دەمانەوەو ئەوەی كە زۆر هەڵبەزو دابەزی پێوە دیاربوو نرخی دۆلار بوو بەرامبەر بەدینار، بەڵام ماوەی زیاتر لەشەش مانگە دەكرێت بڵێین تاڕادەیەك نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار جێگیربوو، بەڵام گۆڕانكاریی گەورە لە نرخی پاوەنی بەریتانیو یۆرۆو تمەنو لیرەی توركیدا دروستبووە، بۆنموونە لەماوەی ئەو شەش مانگەی رابردوودا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەگشتی لەنێوان 130 هەزار دینار بۆ 127 هەزار لەهەڵبەزو دابەزدا بووەو هەندێك لە چاودێرانی ئابووریی هەمیشە ئەو هەڵبەزو دابەزەیان بە ئاستی خستنەڕووی دۆلارەوە بەستۆتەوە لەلایەن بانكی ناوەندیی عیراقەوە، بەڵام لەو ماوەی شەش مانگەدا ئەم گۆڕانكارییانە لەدراوەكانی دیكەدا هاتۆتەدی:
100 پاوەن لە 165 هەزار دینارو هەندێك جار لە 170 هەزار دیناریشدا بووە، ئێستا یان 100 یۆرۆ لەبەرامبەر 145 هەزار دینارەوە هاتۆتە سەر 133 هەزار دینار، 100 لیرەی توركی لە 42هەزار دینارەوە هاتۆتە سەر 34هەزار دینار، 100هەزار تمەنی ئێرانی لە 36 هەزارەوە هاتۆتە سەر 33 هەزار دینار، بەم پێوەرەبێت واتە دیناری عیراقی بەرزبۆتەوە، بۆیە پێموابێت دەبێت ئیتر ئەو دەستەواژەیە بگۆڕدرێت كە تەنها دەوترێت دۆلار بەرزبۆوە، یان دۆلار دابەزی، چونكە بەم پێیە بێت هەموو دراوەكان لەبەرامبەر دیناردا دابەزیون. رووە حسابیو بانكییەكەشی بۆ شارەزایانی بواری ئابووریی جێدەهێڵم.
(ئەم وتارە دەربڕینی رای نووسەر خۆیەتی )