لەوەتهی نەوت دۆزراوەتەوە و كەركووك ناونرا ئاگرە ئەزەلیەكە، ئیتر هەموو جیهان كەڕوكاس بوون بەرانبەر نەتەوەیەك كە لەسەر دەریایەك نەوت دەژی و هەر دەڵێیت هەموو جیهان ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی كە جگە لە دووكەڵی ئەو نەوتە نابێت ئەم گەل و نەتەوەییە خێری دیكەی لێببینێت، ئاخر خۆ ئێمە چیرۆكی ئەندێشەو خەیاڵ ناگێڕینەوە، ئەوە ئێمەو ئەوەش سەدەی بیست، دواجار ئەم نەتەوەییەو پرسی دەوڵەت و شۆڕش و ئازادی و سەربەخۆیی بە نەوت فرۆشراو مامەڵەی پێوەكرا، بە بەرچاوی هەموو دونیاوەو كەسیش نقەی لێوەنەهات.
ساڵی ١٩٤٦ كۆمارەكەی پێشەوا قازی لە نێوان رووسیاو ئێران مامەڵەی پێوەكراو رووسیا كۆمارەكەی فرۆشت بە /.٤٩ی نەوتی ئێران بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ و مامەڵەكە سەری گرت و (عصبە الامم) خۆی لێ كەڕوكاس كرد.
مامەڵەو سەودا بە شۆڕش و ئازادی ئەم نەتەوەوە ساڵی ١٩٧٤ بەنەخشەڕێگای جەزائیر ئێران و شای ئێران كوردیان فرۆشت بە ڕژێمی بەعس یان بەعس بە نەوت كڕِیەوە لە ئێران، ئەوەی چاوی بە سەربەخۆیی ئەم نەتەوەیەدا هەڵنایەت و باوەڕی بەئازادی نییە بۆ ئەم گەل و نەتەوەیە وادیارە بەتەمان سەدەی بیست و یەكەمیش سەودای دیكەی پێوەبكرێت.
ئەمڕۆ و ئێستا لەم هەلومەرجە گونجاو و ڕەخساوەدا چی بكەین و چۆن بكەین؟ ئەمجارە خۆمان ئەم سەوداو مامەڵەیە بكەین و بەم نەوتە ئازادی و سەربەخۆیی بەدەست بێنین؟
بەشێك لەهاوڵاتیان هەر زوو دەڵێن نەوتێك بەشی مووچەو قوتی خەڵك نەكات هێشتا بەشە زۆرەكەی حەپەلووش دەكرێت چۆن بەشی سەوداو مامەڵەی واگەورەو گران دەكات؟
ئەم قسەش ڕێژەی ڕاستیەكەی هەرچەندێ ببێت، ناگاتە ئەوەی بیر لە چارەسەرنەكەینەوە ئەم نەوەتەی ٨٠ ساڵە شەڕی لەسەر دەكرێت و گەرمترین دۆسیەی بەردەستی هەموو دەوڵەت وهێزەكانی دونیایەو ڕۆژانە مامەڵەی سیاسی پێوەدەكرێت و هاوكێشەی پێدروست دەكرێت، ناكرێت ئەوەندە خەمساردانە مامەڵەی بكەین.
ئەم بابەتە پرسێكە بۆ بەدەستی هەموو تاكێك و هەموو سەركردەیەك و هەموو پارت و ڕێكخراوێك، دەبێت دەسەڵات زۆر بەرپرسیارانەترو شەفافتر بێتەسەرخەت لەم بابەتە هەستیارەدا، چونكە هەموومان لەوە دڵنیاین كە ئەم گەل و نەتەوەیە ئەوەندەی شەیدای ئازادی و سەربەخۆییە ئەوەندە خەمی نان و سەروەتی نییە، بەڵام تەنها شتێك كەناكرێت فەرامۆش بكرێت دڵنیاكردنەوەی خەڵكەو دروستكردنی متمانەیە لای هاوڵاتیان، چونكە
متمانە موعجیزە دەخوڵقێنێ.
<