توێژینه‌وه‌ی زانستی، رێگه‌ی پێشكه‌وتنی راسته‌قینه‌یه‌

 
توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجیا توخمی بنچینه‌یی گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی ده‌وڵه‌تانه‌، هۆكاری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا پێشكه‌وتنی به‌رچاویان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، بۆ بایه‌خدانی زۆر به‌و لایه‌نه‌ زینده‌وه‌یه‌و هه‌موو پشتیوانییه‌كی توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجیا له‌ڕووی دارایی‌و هونه‌رییه‌وه‌، تا بتوانن لێوه‌ی گه‌شه‌ بكه‌ن‌و وڵاته‌كه‌یان پێشبكه‌وێت.

توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجی ته‌نیا پرسێكی حكومی نییه‌، به‌ڵكو كۆمپانیا گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه‌كان بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی قازانج‌و سووده‌كانیان بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌رك به‌ گرنگی باڵاده‌ستی ته‌كنه‌لۆجی له‌ به‌رهه‌م‌و توانای كێبڕكێ كردنی به‌رهه‌می كۆمپانیاكانی تر له‌ڕووی كوالێتی‌و شێوه‌و ته‌كنیكی نوێوه‌، ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌نێت، ئه‌و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌ توێژینه‌وه‌و به‌رهه‌مه‌كانیان پێشی ده‌كه‌ون، نمونه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئێجگار زۆره‌.

بودجه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجیا

له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بینین، ده‌وڵه‌تانی پیشه‌سازی، یان ئه‌وانه‌ی پێیان ده‌وترێ ده‌وڵه‌تانی زۆر پێشكه‌وتوو، بودجه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجیا، چ له‌لایه‌ن حكومه‌ت یان له‌لایه‌ن كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیان ته‌رخان ده‌كه‌ن، تا ئاستی پێشكه‌وتوویان به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بڕی بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌نده‌ نییه‌ كه‌ جێی باسكردن بێت.

له‌ لیستێكی مه‌وسوعه‌ی ویكیپیدا كه‌ له‌ 72 ده‌وڵه‌ت پێكهاتووه‌، ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كانی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ركه‌وتن، تونس رێژه‌ی (0.86%)ی كۆی به‌رهه‌می ناخۆیی بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و ته‌كنه‌لۆجیا ته‌رخان ده‌كات، جه‌زائیر (0.7%)، مه‌غریب (0.6%)، سعودیه‌ (0.5%)، میسرو سودان (0.23%)، ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ بوون: ئێران‌و ئه‌نده‌نوسیا (0.7%)، پاكستان (0.67%)، مالیزیا (0.63%)، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ده‌وڵه‌تانی ئه‌م رێژه‌یه‌یان خه‌رج كردووه‌، ئیسرائیل (4.2%)، ژاپۆن‌و سوید (3.3%)، فنله‌نده‌ (3.1%)، كۆریای باشوور (3%)، ئه‌مریكا (2.7%)، ئوسترالیا (2.5%)، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیاو سویسراو تایوان (2.3%)، سه‌نگافوره‌ (2.2%)، ئه‌مه‌ ئه‌و پێوه‌ره‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ لێوه‌ی گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵی مرۆیی‌و پێشكه‌وتنی زانستی‌و په‌ره‌پێدانی ده‌وڵه‌تانی پێ بپێورێت، كه‌ ئه‌مه‌ لایه‌نێكی گرنگیی پێشكه‌وتنی‌و گه‌شه‌ی پیشه‌سازی‌و ته‌كنه‌لۆجییان پێكدێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ له‌ ته‌رخانكردنی بودجه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی‌و په‌ره‌پێدان، وایكردووه‌و واشده‌كات ده‌وڵه‌تانی پیشه‌سازی پێشبكه‌ون‌و ئه‌وانیتریش به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كانی هاورده‌ بكه‌ن.

په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مهێنان‌و داهێنان