ئەو پاسوێردەی مەلەفی نەوت دەكاتەوە

مەتەلی مەلەفی نەوت لای پارتی بەكۆدێك دەكرێتەوە و لای یەكێتیش بەكۆدێكی تر. هەربۆیە هەركاتێك كردنەوی ئەو باسە دێتە گۆڕ، سیستمی پەیوەندیەكانی ئەو دوو حزبە، یەكسەر بەشێوازی جیاواز و بەوەڵامدانەوەی جیاواز، لەشاشەی ڕای گشتیدا دەردەكەون. 

وێڕای ئەوەی نەوت، پرسێكی نیشتیمانیە و موڵکایەتیەكەشی بۆ گەلی كوردستان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو پاسوێردانەی ئەو دوو حزبە بۆ كردنەوە و داخستنی ئەو مەلەفە دایان ناون، هەتا ئێستا پاسوێردی حزبی موجەڕەدن.

لێرەدا من قسەم لەسەر پاسوێرد و مەتەڵەكەی پارتی نیە،بەئەندازەی ئەوەی مەبەستمە، قسە لەسەر كۆدەكانی ئەو مەلەفە لای یەكێتی بكەم. ئەوە بەو مانایە نا، كەئەوەی لای پارتی ڕاست و ڕەوا و بێ گرفتە. بەڵكو بەو مانایەی چارەی ئاسەوارە نێگەتیڤیەكانی ئەو مەلەفە لای یەكێتی دەتوانن ببن بەهۆكار بۆ چارەسكردنی ئاسەوارە نەرێنیەكانی لای پارتیش.

له‌ڕاستیدا كێشەی پاسوێردەكانی ئەو مەلەفە لای یەكێتی، كێشەی هەمان پاسوێردەكانی یەكێتی خۆیەتی، كەلەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، كوتلە جیاوازەكان هەوڵیاندا، هەریەكەیان لەئەویتری بستێنێت. ئەگینا گرفتەكە لای یەكێتی پرسی ئاگاداری گروپێك و بێئاگایی گروپێكی تر نیە، بەڵكو كردار و پەرچەكرداری دنیای تەكەتولەكانە، كە تیایدا میكیاڤیلیانە، كۆدەكانی ئەو مەلەفە تێكەڵ بەكۆدەكانی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەكرێت و هەموو شانەی ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی، لەسەری یەكێتیدا دەشكێنێت.
 
(ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی)