وڵاتی لوبنان هاوشێوه‌ی وڵاتی عێراق سه‌رچاوه نه‌وتی نییه، له ڕووبه‌ری خاك، دانیشتوان و ڕووباردا هاوتای عێراق نییه!به‌ڵام له فره ره‌گه‌زی، جه‌نگی ناوخۆ‌و ده‌ره‌كی، بڵاوبوونه‌وه‌ی تایه‌فه‌گه‌رێتی و ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵات، هه‌بوونی مافیا‌و ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كیدا هاوشێوه‌ی عێراقه، بۆ نموونه له (15/7/ 1958) سوپای ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنی سه‌رۆك (شه‌معوون) به هێزو له ڕێگای ئاسمانه‌وه دابه‌زییه خاكی ئه‌و وڵاته، جه‌نگی ناوخۆی ئه‌و وڵاته پازده‌ساڵ (1975ـ 1990) درێژه‌ی كێشا، سوپای سوریا له ساڵی (1976) چوونه ناو خاكی ئه‌و وڵاته‌وه و تا ساڵی (2005) تیادا مایه‌وه، به‌ر له‌و مێژووه‌و پاشتریش هێزه ناودهوڵهتێكان (یونیفیل) له وڵاته‌دا هه‌بوون، ئیسرائیل له نێوان ساڵانی (1978ـ 2000) دا‌و به مه‌به‌ستی پاراستنی سنووره‌كانی بهكیرێگیراوه دورزێكانی وه‌ك پاسه‌وان به‌كارهێنا، هه‌روه‌ها چه‌ند جارێك ئیسرائیل سنووری ئه‌و وڵاته‌ی به‌زاندووه(1978 ـ 2000) ، ته‌نانه‌ت ساڵی (1982) به‌یروتی پایته‌ختی داگیركرد، به‌ڵام دوای بهرگیریهكی شێلگیرانه له لایه‌ن لوبنانیهكانهوه پاشه‌كشه‌ی كرد، دواتر ئیسرائیل چه‌ندین ورده شه‌رو گێچه‌ڵی به وڵاتی لوبنانی گێڕاوه، گرنگترینیان جه‌نگی (2006) بوو كه‌به شكستی سوپای ئیسرائیل و له‌سه‌ر ده‌ستی (حزب الله) كۆتایی هات.
له‌ته‌ك ئه‌و بارگرانییه‌ی جه‌نگ و ئه‌و ناكۆكیانه‌ی تایه‌فه‌گه‌ری دروستیكردون، سه‌رباری باندی مافیا‌و گه‌نده‌ڵی وئاریشه ڕامیارێكان كه دواترینیان تا هه‌ڵبژاردنی (عیماد مشیل عۆن) وه‌ك سه‌رۆك كه بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ درێژه‌ی كێشا. له‌ته‌ك كێشه‌ی دارایی و پاشه‌كشه‌ی بارۆدۆخی هاوڵاتیان به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی، به‌ڵام هێشتا لوبنان وڵاتێكی به‌رچاوه! سیسته‌م و قانوون تیادا ڕاگیراوه. چالاكی كۆمپانیا، په‌یمانگا، ناوه‌نده‌كانی تهندروستیو جێگا شوێنه‌واره‌كانی دیار‌و پێشه‌نگن.
ئایا ده‌كرێت به‌راوردێك بكه‌ین به‌تایبه‌ت كه ئاسته‌نگ و ئاریشه‌كان له دوو وڵات‌دا هاوشێوه‌ن، بۆچی لوبنان وه‌ك هێزێكی سه‌رنجراكێش ماوه‌ته‌وه.
به‌ڕای من وه‌ك دیارده (4) ده‌زگاو (3) به‌ڵگه‌ی ڕاستی پشتگیری ئه‌و بۆچوونه ده‌كه‌ن.
1. به پێچه‌وانه‌ی عێراقه‌وه كه ده‌وڵه‌ت قۆرخی گشت كایه‌كانی كردووه، له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی وڵاتی لوبنان له‌م بواره‌دا وڵاتێكی نموونه‌ی نییه، چونكی گه‌له‌ڵ ئه‌و ناته‌واوی و ده‌لاقانه‌ی له ژیانی ئابووری، رامیاری‌و … هتد. ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه، ئه‌گه‌رچی له‌و وڵاته‌دا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام سیسته‌می ده‌سه‌ڵات تا سه‌ر ئێسك له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فه‌گه‌ری ڕیكخراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌م وكوڕیانهدا هاوكات ده‌وڵه‌ت ده‌ستی وه‌رنه‌داوه‌ته هه‌موو كایه‌كانی ژیان و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه و گشت شتێكی قۆرخنهكردووه، بۆ نموونه ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی بستێك زه‌وی نییه، ته‌نانه‌ت بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێگاو بان زه‌وی له هاو وڵاتیان ده‌كڕێت، سوپاكه‌ی حه‌فتا هه‌زار چه‌كداره، وڵات بۆ خۆژیاندن پشت به هاو وڵاتیان ده‌به‌ستێت. خانه‌واده‌كان له به‌رایی ته‌مه‌نه‌وه منداڵه‌كانیان له‌سه‌ر پشت به‌ستن به تواناكانیان ڕا ده‌هێنن تا بتوانن له بواره‌كانی كاردا ڕۆڵیان هه‌بێت ، نه‌ك پشت به دامه‌زراندن و ده‌وڵه‌ت ببه‌ستن. ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی عێراقه‌وه.