نەخۆشی هۆڵەندی‌و ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوەیە ‌

نەخۆشی هۆڵەندی، بە سادەیی مەبەست لێی، زەرەركردنی چالاكی كەرتە ئابوورییە بەرهەمدارییەكانە دەرئەنجامی گەشەكردنێكی خێرای چالاكییەكی تر، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر گەشەكردنی هەندێك چالاكی ئابوورییە لەسەر حسابی چالاكییە ئابوورییەكانی تر.

هەڵكشانی نرخی 
راستەقینەی گۆڕینەوەی دراو
سەرچاوەی ئەم ناونانە بۆ ئاسەواری خراپی دۆزینەوەی غازی سروشتی لە سەدەی نۆزدەی زاینی لەسەر پیشەسازی هۆڵەندی دەگەڕێتەوە، چۆن؟ ئەو دۆزینەوەی غازی سروشتییە بووە هۆكاری گەشەكردنی كەرتی غازی سروشتی‌و دەوڵەمەندبوونی ئابووریی هۆڵەندی، ئەمەش زیادبوونی كرێی دەستیكاری هۆڵەندی بە بەراورد بە ئاستی كرێی دەستیكاری ئەوروپای لێكەوتەوە، هەروەها بەشێوەیەكی گشتی هەڵكشانی ئاستی گشتیی نرخی لە هۆڵەندە بەدوای خۆیدا هێنا، ئەوەش بەرزبوونی نرخی گۆڕینەوەی ئیسمی‌و راستەقینەی دراوی هۆڵەندی لێكەوتەوە، ئەمەش بە رۆڵی خۆی بووە هۆكاری لاوازی ئاستی كێبڕكێی پیشەسازیی هۆڵەندەو دووچاری داتەپینی كرد، هەروەها ئەو دۆزینەوەی غازی سروشتییەو ئەو گەشەكردنەی دروستیكرد، ئەخلاقیاتی كاری لە نێوان هۆڵەندییەكان بە بەراورد بە ئەوروپییەكان بە رێژەیی نزم كردەوە.
ئەو ناو لێنانە فراوان كرا بۆ هەر حاڵەتێكی هەڵكشانی نرخی راستەقینەی گۆڕینەوەی دراوی لێبكەوێتەوە، لەبەر ئەوە هەندێك لە ئابووریناسان ئەو هەڵكشانە بە نەخۆشی هۆڵەندی ناودەبەن. بۆ روونكردنەوە: ئەو نرخی گۆڕینەوەی دراوەی كە رۆژانە دەیبیستین (وەك نرخی گۆڕینەوەی دینار بەرامبەر بە دۆلار) رەنگدانەوەی ئاستی نرخی نێوان دەوڵەتان نییە، لەبەرئەوەی ئەو نرخی گۆڕینەوەیە نرخێكی ئیسمییە، بەڵام نرخی راستەقینەی گۆڕینەوە، نرخی كاڵاو خزمەتگوزارییەكانی دەوڵەتێكە بە بەراورد بە نرخی كاڵاو خزمەتگوزارییەكانی دەوڵەتێكی تر یان دەوڵەتانی تر، لەبەر ئەوە پشت بە نرخی ئیسمی گۆڕینەوەی دراو و ئاستی گشتی نرخی دەوڵەتان دەبەستێت.

هەندێك لە نەخۆشی هۆڵەندی
لەم داتاو هەمەجۆرە پیشەسازی‌و غەیرە پیشەسازییانەدا نەخۆشی هۆڵەندی دەستنیشان كراوە، ئەمانەی خوارەوە هەندێكیانن:
یەك: دۆزینەوەی زێڕ لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم لە ئوسترالیا، ئەو دۆزینەوەیە كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەندێك لە پیشەسازییەكانی ئوسترالیا كرد.
دوو: پێشكەوتنی خێرای لە بەشێكی پێشكەوتووی تەكنەلۆجیای كەرتی پیشەسازی لەماوەی سی ساڵی رابردووی ئەمریكاو دەوڵەتە پیشەسازییەكانی تر، كاریگەریی پێچەوانەی لەسەر ئەو بەشەی كە ئاستی تەكنەلۆجیاكەی كەمتر پێشكەوتوو بوو، هەبوو، هەروەها لەسەر كەرتی كشتوكاڵیش، زیادبوونی رێژەی بێكاری لای بەشێكی هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەی لێكەوتەوە.
سێ: بووژانەوەی كەرتی بانك‌و دارایی لە سویسرا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەناردە تەقلیدییەكانی سویسرا وەك سەعات كرد.
چوار: دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت لە عیراق، ئەو دۆزینەوەیە كاریگەریی نەرێنی لەسەر پیشەسازیی ناوخۆیی‌و دەستی‌و رەوشتی كار هەبوو، دەرفەتی پەرەپێدانی ئەو پیشەسازی‌و پیشەییانەی لەبار برد.