رازیبوونی حكومەتی هەرێم بە پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی بۆ وەرگرتنی بڕێك پارەی مانگانەوە بۆ گواستنەوەی و فڕێدانی زبڵ و خاشاك، لەلایەن هاوڵاتیانەوە نەك پێشوازی نەكرا، بەڵكو رەتكرایەوە، زیاتر لە 19 رێكخراوی مەدەنی و كەسایەتی و چالاكوانیش بە یاداشتێكی ئیمزاكراوی چەند خاڵییەوە، نارەزاییان دەربڕی.
پاگژكردنەوە و ریساكلینی خۆڵ و خاشاك لە وڵاتانی پێشكەوتوودا هەیە، كە شێواز و سیستمی پێشكەوتووی تێدا بەگەڕخراوە، دووبارە بەكاریشدەهێنرێتەوە، كە پاڵپشتی پاراستنی ژینگە و تەندروستیی و خستنەڕووی سیمای هاوچەرخیشە، هاوكاتیش كلتوری پاكڕاگرتن و هوشیاریشیان ئامانجێكی دیكەیانە، سزای قورسیش بۆ سەرپێچیكار دانراوە، وەك ئەوەی لە فەرەنسا فڕیدانی تەنیا فلتەرێكی جگەرە 70 ئیرۆ سزاكەیەتی.
فەرمانە 4 خاڵییەكەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازەكەی وەزارەتی شارەوانی بە ئیمزای سەرۆكی حكومەت، درەنگ وەختە و دەبوایە ، زۆر پێشتر بوایە، سەرچاوەكەشی لە پەرۆشییەوە بوایە بۆ ژینگە و كلتووری پاكوخاوێنی كە (24) ساڵە فەرامۆشكراوبووە، كە بەداخەوە ئەمە پاڵنەری فەرمان و پێشنیازەكە نییە، بەڵكو حكومەت پارەی كۆمپانیاكانی پاككردنەوەی پێنادرێت كە ساڵانە 140 ملیار دینارە!!، هەروەها دیوەكەی دیكەش ئەوەیە كە بڕیارەكەی حكومەت لەسەردەمی گیرفان بەتاڵی خەڵكدایە.
خاڵی چوارەمی فەرمانەكەی سەرۆكی حكومەت جێگەی سەرنجە، داوادەكات هەلی «یەكسان»، «شێوەی یاسایی»، «شەفاف»، «دوور لە قۆرخكاری» و «بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی…»، لە گرێبەستەكانی ئەو بوارە هەبێت!!، خوێندنەوەی دیوەكەی دیكە دەریدەخات، كە هەر گرێبەست و كارێك لەم هەرێم و دەسەڵاتی حكومەتەدا هەبێت، لەمپەرەكانی» نایاسایی، قۆرخكاریی، ناشەفافیەت، بەرژەوەندی تایبەت» دێتە رێگەی، بەگرێبەستی زبڵیشەوە!!، جا ئەبێت لە گرێبەستی نەوت و غاز و دەرمان و پەرتوكی مەنهەج و هەموو ئەوانی دیكە چ بێدادییەك هەبێت و هەیە، كە دۆخی هەرێمیان بە ئێستا گەیاندووە!!.
بۆ زەمینەسازی بڕیارەكەش وەزیری شارەوانی حكومەتی هەرێمیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا باسی وردەكارییەكانی كرد كە ئەو پارەیەی وەردەگیرێت لە نێوان(3-5) هەزار دیناری مانگانەدایە، ئەو وتەنی «هیچ نییە»، بەڵام بەو هیچەی ئەو بێمنەتی كرد، بەو پارەیە پاڵپشتی حكومەت ئەكەن بۆ دابینكردنی داهات !!. و ئەو پارەی زبڵە دەكەنەوە بە مووچە بۆ فەرمانبەران!!.
حكومەت ئەركیەتی خزمەت بكات، لە بەرامبەریشدا باج و رسومات و كرێ وەربگرێت ، بەڵام كە حكومەت و وەزارەتەكانی خزمەت نەكەن و مووچەی فەرمانبەران نەدەن و لە داهاتی نەوت و سامانی وڵات بێبەش بن، چۆن دەكرێ و دەتوانرێت پارەی زبڵیش وەربگیرێت!!.
قورسە هاوڵاتیانی هەرێم باوەڕ بەوە بكەن، كە لەسەردەمی فرۆشتن و هەناردەی نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و لەسەردەمی سەربەخۆیی ئابووریدا