ئـیدارەدانی كـات ‌

كات توخمیكی گرنگیی ئابوورییە، دەرامەتێكی سنوردارەو نوێ نابێتەوە، توخمێكی یەكلاكەرەوەی نێوان توخمە دیارەكانی بەرهەمهێنانە، ئەم توخمە جێی بایەخی ئێجگار زۆری دەوڵەتانی پێشكەوتووە، ئەمەش یەك لەهۆكارە سەرەكییەكانی پەرەسەندنی ئەو دەوڵەتانەیە، هەرچەند ئێمە زۆر باسی گرنگیی كات دەكەین، كە نابێت بە هەدەری بدەین‌و دەبێ سات بەسات سوودی لێ ببینن، بۆ ئەمەش زۆرجار دەڵێن كات وەك شمشێر وایە نەیبڕی ئەتبڕێت، كات وەك زێر وایە، بەڵام بەداخەوە زۆربەی كات‌و رۆژەكانمان بەبێ سوودو بەبێ ئەوەی بەكاریبهێنین بەسەردەچێت، چەند كاتمان بەبێ سوود لەكاروباری بێسود بەڵكو لەشتی زیانبەخش بە كۆمەڵ بەسەربردووە.
 
كات لای بازرگان‌و وەبەرهێنەرەكان
كات سەعاتە یان چەند ساتێكە دەڕواو ناگەڕێتەوە، ئەو سەعات‌و ساتانەیە بەسەریەكەوە شەو و رۆژ پكدێنن، هەر ساتێك لەژیانی مرۆڤ بڕوات‌و سوودی لێ وەرنەگرێت بۆ كارێكی سوودمەند زەرەرێكی گەورەیە لە تەمەنی فانی‌و ناتوانرێ قەرەبووی بكرێتەوە.
ئەگەر بگەڕێێنەوە بۆ بایەخی كات لەڕووی ئابوورییەوە، دەبینین ئەو پڕۆژانەی جێبەجێكرنی كاتێكی زیاتری دەوێت تێچوونەكەی زیاترە لەو پڕۆژە هاوشێوەیەی كە بەكاتێكی كەمتر جێبەجێ دەكرێت، چونكە كات بەردەوام یەكلاكەرەوەیەو تێچوونی مادی ئەژماركراوی هەیە، هەروەها ئەو كاتەی لەبازرگانێك یان وەبەرهێنێك بەبێ ئیشكردنی لێی دەڕوات بە زەرەرێكی گەورە ئەژمار دەكرێت، هەندێك دامەزراوە سوود لەكات وەردەگرێت بۆ تەرویجكردن بۆ بەرهەمەكانی‌و لەبەر ئەوە كاتی گونجاو دەستنیشان دەكات تا زامنی بەكاربەری گونجاو بۆ بەرهەمەكەی بكات، توخمی كات دەچێتە چوارچێوەی بەرنامەی بازاڕخستن‌و تەرویجكردنیەوە، كۆمپانیا گەورەكانی بەڵێندەرایەتی بۆ نمونە سورن لەسەر بەجێهێنانی كارەكانیان لەكاتی گونجاودا بەبێ دواكەوتن، واتە هەر دواكەوتنێك لەو بەرنامە دیاریكراوەی بۆ جێبەجێكردن تەرخان كراوە، رووبەڕووی زەرەری دەكاتەوەو دەبێ غەرامەی دارایی بدات، وێڕای ئەوەی متمانەی لای بەكاربەران‌و حكومەتیش لەدەست دەدات، بەدوایدا دەشێ جاریكی تر لە ئایندە بە ئاسانی گرێبەستی كاركردنی دەست نەكەوێت.
 
ئێمە لەكوێی ئەمەداین
كات لای كۆمپانیاكانی گواستنەوەی ئاسمانی‌و دەریایی‌و زەمینی بایەخێكی گەورەی هەیە، بەتایبەتیش بۆ كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی‌و شەمەندۆفێرو گواستنەوەی گشتی، چونكە ئەم جۆرە ئامرازانە كاتی دیاریكراویان هەیەو دەبێ پێوەی پابەندبن، بە ئاستێك لەهەندێك لە دەوڵەتان ئەگەر یەك لەو ئامرازی گواستنەوانە دوابكەوێت، دەكرێ نەفەرەكان سكاڵا لەو كۆمپانیایە بكەن‌و داوای قەرەبووی ئەو دواكەتنەیان بكەن، بێگومان ئەمە لای ئێمە روونادات، چەندین كۆمپانیا هەیە چەندین سەعات لە جێبەجێكردنی كارەكەی دواكەوێت‌و دواتر بە داوای لێبوردنێك ئیشەكەی چارەسەر دەكات، چونكە هۆكارەكەی بۆ چەندین هۆكاری دەرەوەی ئیرادەی كۆمپانیاكەی دەگێڕێتەوەو كە دەشێ هەمووشی جێ باوەڕ بن.
جێی تێڕامان‌و تێبینییە، كاتێك سەردانی دەوڵەتێكی پێشكەوتوو دەكەیت، بە ئەستەم بتوانی وەسفی بەكارهێنانی كات لای ئەوان بكەیت، تەنانەت لەكاتی فەراغ‌و سەفەركردنیان لە شارێكەوە بۆ یەكێكی تر دەبینی خۆیان بە خوێندنەوەوە سەرقاڵ كردوە، تەنانەت مناڵەكانیشیان لەسەر خوێندنەوەو ئەنجامدانی هەندێك یاری راهێناوە كە یارمەتیدەری بیركردنەوەو گەشەدانە بە عەقڵیان،