تاقیکردنەوە مۆدێرنترین کاڵای بەکارهێنانە ‌‌

ئه‌م سه‌ردێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌، قسه‌ی «سلاڤۆی  ژیژەک»ه‌. پێویستییەکی ژیانی کاپیتاڵیزم  بە کاڵا بونی تاقیکردنەوەیە »کڕین لەپێناو تاقیکردنەوە»، تاقیکردنەوە لەناو خودی کاڵای مادیدا بەرجەستە دەبێت، یاخود هەر خۆی خودی کاڵایە .هێزی جادوویی کاڵای  ناپێویست یان ناڕەسەنە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی  بەکار هێنەر.دەتوانین بڵێین داهێنانی سەرمایەدارییە، بەڵام سەرمایەداری گرفتاری بووە و ئیتر شتێکی دەست لێبەرنەدراوە بۆی،لەبەر ئەوەی ئەگەر مرۆڤ لە پێناو تاقیکردنەوە کاڵا نەکڕێت،دەبێت لەلایەک بەرهەم هێنانی کاڵا کەم ببێتەوە ،ولە لایەکیش پێویستی کارکردنی زۆر و بەردەوامی مرۆڤ کەم دەبێتەوە،ئەمەش لەدوو لاوە زیانەبۆ سیستەم و سەرمایەداران.

ئەم بەرجەستە بونەی  تاقیکردنەوە لەکاڵادا بەهۆی دوو بابەتەوەیە کە هەردوکیان دروستکراوی سیستەمن.
یەکەم :بەکار هێنەر  کە ئەویش لەڕوی  سایکۆلۆژییەوە دروستکراوی سیستەمە.
دووەم:بەهۆی  ئەوەی کە  بەرهەم هێنان دەبێت بەمۆدێل و دیزاینی نوێ،لەگەڵ گۆڕین و زیادکردنی هەر تایبەت مەندییەک   ڕاستەوخۆ پێداویستییەکی ساختە سەر هەڵدەدات، ئەمە جیاوازە لە  پێداویستییەک بۆ کەڵک لێوەرگرتن و چێژ لێ وەرگرتن؛بەڵکو جۆرێک لە فەنتازیای مرۆڤە بۆدەست کەوتنی کاڵا، واتا تاقیکردنەوە دەبێتە پێداویستییەک  بۆ فەنتازیای مرۆڤ.مرۆڤ دووجار یەک کاڵا ناکرێت بۆیەک مەبەست ،بەڵام بە کەمێک گۆڕانکاری  لەڕەنگ،شێوە ، دەبێتە کاڵایەکی تر کەمرۆڤ حەزدەکات تاقیبکاتەوە.وەک چۆن سێکس لە پێویستییەکی فیسیۆلۆجییەوە  دەبێت بە فەنتازیا و تێر بونی بۆنییە،بە هەمان شێوە تاقیکردنەوە  گۆڕاوە بۆ فەنتازیا کە پێداویستییەکە پڕناکرێتەوە ڕەنگە لەماوەی بیست و چوار کاتژمێردا بگۆڕێت بە شتێکی بێکەڵک و کاڵایەکی تر جێگای بگرێتەوە.
لێرەوە یە کە کاپیتالیزم بێ  بەزەییانە خەریکی وێرانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانە.
 
مه‌حمود عەبدوڵڵا