كێڵگە نەوتییەكانمان لە بەڵگەنامەكانی ویكیلیكس دا ‌

2016 چەند رۆژێكی مابوو، كاتێك سایتی ویكیلیكس ئیمێڵێكی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بڵاو كردەوە كە جەنابی وەزیر بۆ بەرات ئەلبەیراك وەزیری وزە‌و سامانە سروشتییەكانی توركیای ناردووە‌و تێیدا پێشنیاری فرۆشتنی چەند كێڵگەیەكی نەوتی هەرێمی بە پێنج ملیار دۆلار كردووە. بەپێی ئیمەیلەكە، پێشنیاری فرۆشتنی كێڵگەكان یەكێ لەو سێ پێشنیارە بووە كە وەزارەت بۆ چارەسەركردنی  كێشەی قەرزەكانی سەر هەرێم هێناویەتییە پێش. ناوەڕۆكی ئیمەیلەكە دەری دەخا كە هەرێم زیاتر لەوەی كە پێشبینی دەكرا قەرزاری توركیایە، ئەوەی ئەمەش دەسەلمێنێ ئەوەیە كە ئیمەیلەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەرێم تا ساڵی 2019 توانای دانەوەی قەرزەكانی توركیای نیە‌و ئەگەر هەرێم لە ساڵی 2019 دەست بە قەرزدانەوە بكات، پرۆسەكە دوو ساڵی پێ دەچێ. ئەوەش پێشنیار كراوە كە ئەگەر توركیا نەتوانێ تا ساڵی 2019 چاوەڕێ بكا، هەرێم ئامادەیە قەرزەكان بەشێوەی نەوت‌و گاز بداتەوە.

هەرچەند ویكیلیكس هیچ دیكۆمێنتێكی دەربارەی وەڵامی توركیا بڵاو نەكردۆتەوە، بەڵام پێناچێ توركیا رازی بووبێ بە كڕینی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم چونكە دەزانێ ئەمە زۆر كێشەی یاسایی بۆ دروست دەكات.

دورنمای یاسایی بابەتەكە خۆی لە خۆیدا مەسەلەیەكی گرنگە، نە لە عیراق‌و نە لە هەرێم یاساكان رێ بە فرۆشتنی كێڵگە نەوتییەكان نادەن چونكە ئەو كێڵگانە موڵكی حكومەت نین تا بیانفرۆشێ بەڵكو موڵكی گەلن. بۆیە لێرەدا نەك هەر فرۆشتنی كێڵگە نەوتییەكان بەڵكو پێشنیاری فرۆشتنی كێڵگە نەوتییەكانیش یاسایی نیە. لایەنێكی گرنگی دیكەی مەسەلەكە ئەوەیە كە پێشنیارەكە لە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیراندا باس نەكراوە، بەتایبەتی كە لە بابەتێكی هەستیاری وادا بریاڕدەر ئەنجومەنی وەزیرانە نەك وەزارەتێك بە تەنها.

هەرچەند ئیمەیلەكە لە كۆتایی ساڵی پار بڵاو كراوەتەوە، بەڵام مێژووی پێشنیارەكە بۆ مانگی ئازاری رابردوو دەگەڕێتەوە. ئەمەش بەم مانایە دێ كە هەردوو وەزارەت لە ئازارەوە تاوتوێی ئەم بابەتە دەكەن. پێشنیاری فرۆشتنی كێڵگە نەوتییەكان بەڵگەی دوو راستیی ناخۆشە. یەكێكیان ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە‌و دووەمیشیان ئەوەیە كە حكومەت لە خۆی را نابینێ بتوانێ قەرزەكان بداتەوە، بۆیە بیر لە چارەسەری «نائاسایی» دەكاتەوە.

تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوە نیە كە هەرێم هیچ كێڵگەیەكی نەوتی فرۆشتبێ بەڵام خودی بیركردنەوە لە بابەتێكی وا، ئەوە نیشان دەدا كە كەموكوڕییەكی زۆر لە میتۆدی بیركردنەوەی حكومەتدا هەیە. هەموومان دەزانین سیاسەتی چەوت ئاكامی چەوتی لێ دەكەوێتەوە بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە كە گیروگرفتێكی گەورە بە دروست كردنی گیروگرفتی گەورەتر چارەسەر بكرێ. وەك دەردەكەوێ، سڵكردنەوەی توركیا لە كڕینی كێڵگە نەوتییەكان‌و ناتوانایی هەرێم لە قەرزدانەوە، تای تەرازووی بژاردەی سێیەمی قورستر كردووە، ئەویش قەرزدانەوەیە بە هەناردەكردنی بڕێكی زۆری نەوت‌و گاز بۆ توركیا. ئەمە باری قەرزەكان سوك دەكا، بەڵام باری هاووڵاتیانی هەرێم قورستر دەكا چونكە قەرزدانەوە لە ڕێگای هەناردەكردنی نەوت‌و گازەوە داهات بۆ هەرێم دابین ناكات.