تێڕوانینی ئابووریی سیاسەتی خوێندن


كۆی ژیانی ئێمە دەرامەتی رەخساوە، وا پێویست دەكات بە باشترین رێگە ئەو دەرامەتانە بەكاربهێنین، هەر لەبەر ئەمەشە دەوترێ پێویستی دایكی داهێنانە، ئابووری بزوێنەری ژیانی مرۆڤە.

یەك دەرامەت ئاو دەدەن
زانست لە ناوەڕۆكیدا دۆزینەوەی دەرامەتە راستەقینەكانی سەر گۆی زەوی‌و دۆزینەوەی باشترین رێگەیە بۆ بەكارهێنان‌و پاراستنیان، هەروەها هەوڵی تێگەیشتن دەدات لەوەی چۆن مرۆڤەكان لە كۆمەڵگەدا بژین، چۆن ئەو دەراماتانەی بەسەردا دابەش بكات، كێ ئەو مافەی هەیەو كێ ئەو مافەی نییە. هەموو ئەوانە لە زۆرێكی زانستەكاندا پۆلێن كراون، كە مرۆڤ بە خۆشی یان بە زۆر فێری دەبن، بە خۆشی لە رێگەی دامەزراوەكانی خوێندنەوە كە هەموو دەوڵەتان هەوڵی پەرەپێدانی دەدەن، بە زۆریش لە رێگەی ئەزموون‌و هەڵەوە فێری دەبێت، كە مرۆڤی نەزان بەو جۆرە رووبەڕووی دەبێتەوە. لەبەر ئەوە كۆمەڵگەكان یەك پێشی ئەویتر دەكەوێت لەڕێی وەرگرتنی زانست‌و پەرەپێدانی‌و بایەخدانی زیاتر بە خوێندن‌و توێژینەوە، بەشداریكردنی دەوڵەتانی تری جیهان بۆ دۆزینەوەی زیاتری دەرامەتە سروشتیییەكان یان پەرەدان بەو دەرامەتانەی كە ئێستا رەخساون. 

لە كارەساتەكاندا، كە بە درێژایی مێژوو دووچاری مرۆڤ بووەتەوە، ئەو كۆمەڵگەیانە رزگاریان بووە كە مایەیەكی مەعریفی باشیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەهۆیەوە ئەو قەیرانانە تێپەڕێنن‌و بە باشی‌و شارەزایی ئەو دەرامەتە ئابوورییانەی هەیانە بەگەڕبخەن‌و سوودی لێ ببینن، بەڵام ئەو كۆمەڵگەیانەی لەو تاقیكردنەوەدا شكست دێنن، چارەنووسەكەی نادیار دەبێت. فێربوون‌و رەوشی ئابووری لەهەر كۆمەڵگەیەكدا، دوو سەرچاوەن، كە یەك دەرامەت ئاو دەدەن، ئەگەرچی بەرەكەیشی جیاواز بێت.

بەشێكی دانەبڕاوی ریفۆرمی ئابوورییە
لەبەر ئەوە ئاساییە بوترێت، بایەخدان بە ئایندەی خوێندن لەهەر دەوڵەتێك، بەشێكی دانەبڕاوی ریفۆرمی ئابوورییە لەو دەوڵەتە. خویندن هەموو كایەكانی ژیانی كۆمەڵگەو مرۆڤەكان دەگرێتەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ئابووری‌و وەبەرهێنان‌و بڕیاردانی پەیوەست بە تەرخانكردنی دەرامەتە ئابوورییەكان، بازاڕی دارایی، كۆمپانیاو هەموو جۆرە پیشەسازییەكانەوە هەیە.

ئەزموونەكانی جیهان سەلماندوویانە كە ریفۆرمی ئابووری لە ریفۆرمی سیستمی خوێندنەوە دەستپێدەكات، ئەوە ئەزموونی سەنگافورەیە، كە نمونەیەكی دیاری بەرچاوە، كە چۆن ریفۆرمی خوێندن رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە بونیاتنانی ئابوورییەكی پیشەسازیی سەربەخۆ، هەرچەندە سەنگافورە دوای ئیستعماركردنی لەلایەن بریتانیاوە، دەوڵەتێكی هەژارو دواكەوتوو بوو، لی كوان یو، سەرۆكی سەنگافورە لە كتێبی (چیرۆكی سەنگافورە)، باس لەوە دەكات، كە چۆن خوێندن رۆڵێكی بنەڕەتی لەو هەموو ریفۆرمانەی پێی هەڵساون، گێڕاوە، هەمان حاڵەت لەگەڵ ئەزموونی مالیزیا دووبارە بووەتەوە، خوێندن سەرچاوەیەكی بنەڕەتی ئەو گواستنەوە شارستانییە بوو كە سەنگافورەو مالیزیا روویدا.