ئەگەر بەشی زۆری هۆكارەكانی قەیرانە سیاسی و ئابووریە درێژەكێشاوەكەی هەرێمی كوردستان پەیوەندی راستەوخۆی بە فاكتەرە ناوخۆییەكانەوە هەبێت، ئەوا بەشێكیشی بەناڕاستەوخۆ زادەی كاریگەری دەرەكییە كە خۆی لە رۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزی جیهان و هێز و لایەنە سیاسیە گەورەكانی دیكەی سەر گۆڕەپانی عیراقدا دەبینێتەوە، كە جگە لەوەی نەتوانراوە بخرێتە خزمەتی هەوڵەكانی دۆزینەوەی چارەسەر، بگرە هەندێك جار رانەگرتنی هاوسەنگی لەنێوانیاندا گورزی بەو هەوڵانەش گەیاندووە و بێ ئاكامی كردوون.
هەرێمی كوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە هەر كاتێكی تر پێویستی بەوە هەبووە، بە باشترین شێوە سوود لەو كاریگەرییە دەرەكیانە وەربگرێت بۆ خزمەتی چارەسەری كێشە ئابووری و سیاسیەكانی، بەڵام بەپێچەوانەوە باڵانسێك نەبووە بۆ مامەڵەكردن بەیەك دوورایی لەگەڵ ئەو فاكتەرە دەرەكیانە، بەڵكو هەمیشە تەرازووەكە ناهاوسەنگ بووە.
لەو نێوەندەشدا رۆڵی زیاتر دراوە بە وڵاتێك تا رادەی دەستوەردان و یەكێكی دیكە فەرامۆش كراوە، باشترین پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی وڵاتێكی دراوسێ هەبووە و گەورەترین رێككەوتنی ئابووری درێژخایەنی لەگەڵ كراوە و پەیوەندیەكی خراپیش لەگەڵ حكومەتی وڵاتێكی دیكەی دراوسێ، فەزڵی ئەم دەوڵەتی ناوچەیی دراوە بەسەر دەوڵەتێكی دیكەی ناوچەكەدا لەكاتێكدا یەك تێڕوانینان بۆ مەسەلەی كورد و هەرێمی كودستان هەیە.
هەموو هێلكەكان خراونەتە سەبەتەی زلهێزێكی جیهانەوە و سستی و ساردیش لە پەیوەندی لەگەڵ زلهێزەكانی دیكە باڵا دەست بووە، ئەم لایەنی سیاسی عیراق زیاتر گوێی لێگیراوە و جێگا بۆ سەركردەكانی كراوەتەوە پشتیوانی كراون و پەناش دراون، لە كاتێكدا لایەنی گەورەی دیكە پەراوێز خراوە و بگرە دژایەتی رەمزەكانیشی كراوە.
سەرەنجام لاسەنگیەكی ئاشكرا بووەتە خەسڵەتی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەرەوە و زیاتر بەرەو لایەك كشاوە و لە لایەكی دیكە دوور كەوتۆتەوە، كە دواجار بەزیانی كۆكردنەوەی پشتیوانی زیاتر بۆ پرسی كورد و پاراستنی ئەزموونی هەرێم و هەوڵەكانی چارەسەری قەیرانەكانی شكاوەتەوە.
رەنگە لە مێژووی دوور و نزیكی كوردستان و تەنانەت عیراقیشدا كەسایەتیەكی وەك سەرۆك مام جەلال هەڵنەكەوتبێت بتوانێت ئەم لایەنە بەباشترین شێوە بقۆزێتەوە و راگرتنی باڵانس و هاوسەنگی لە پەیوەندیە ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و تەنانەت ناوخۆییەكانیشدا، بكاتە چەكێكی بەهێز بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و كارا بۆ كێشەكان.
نموونەی هەڵوێستەكانی تاڵەبانی لەم رووەوە بەشاهیدی هەموو لایەك، لە راگرتنی ئەو هاوسەنگیەدا ناوازەن، چونكە ئەو لە عیراق لە یەك كاتدا دۆستی بەهێز و جێمتمانەی شیعە و داكۆكیكارێكی سەرسەختی سوننەشە، بەڵام پێكهاتەكانی دیكەی وەك توركمان و ئاشووری وكلدان و مەسیحیەكانی فەرامۆش نەكردووە و هەردەم پاراستنی مافەكانیانی لەسەر زارە، لەسەر ئاستی دەرەوەش لای ئەمریكییەكان بە كەسی یەكەمی جێمتمانە و باوەڕپێكراو بووە، هاوكات پەرۆشی نزیكی و بایەخدانە دۆستایەتی و پەیوەندی لەگەڵ بەریتانیا و روسیا و چین و فەرەنسا و ئەڵمانیاش.
لە چوارچێوەی ناوچەكەشدا یەكێكە لە دۆستە دێرین و گوێلێگیراوەكانی توركیا و بەدیهێنەری پرۆسەی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پارتی كرێكارانی كوردستانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەلای كۆماری ئیسلامی ئێران و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەنگ و قورسایی و پێگەی تایبەتی هەیە، هەروەك پەیوەندیەكی دۆستانە و پتەوی لەگەڵ سعودیە و كوێت و ئوردن و فەلەستین و سوریا و میسر بەبێ جیاوازی دامەزراندووە، هەر لەبەرئەوەش بوو زۆرجار لە نێوەندە رۆژنامەوانی و رووناكبیری و سیاسیەكاندا بە «پیاوی راگ