پەتای گەندەڵیو چەرمی ڕو
لە ڕاپەڕینە مەزنەکەوە بیستو پێنچ ساڵ تێپەڕیوە و چاوەڕێین کارەبا بێتەوە چاوەڕێین غاز بە بۆری بێتە ماڵەکانمانەوە، چاوەڕێن خەڵوزی بەرد بێتە بەرهەمو خۆمانی پێگەرم کەینەوە ، چاوەڕێین بێکاری کەم ببێتەوە هەموو ئەم چاوڕوانیانەمان لەو شەمەندەفەرە بارکرد کە چاوەڕێ بوین بگاتە سلێمانی ، چاومان ڕوا سەبرمان سوا، پردی تەحەمول پچڕا ،لەدوای کۆڕەوەکەوە پێشبڕکێ بوو لە نێوان حیزبە کوردستانیەکاندا ، کێ زوتر دەستی بگاتە جەنابی دیکتاتۆر وپاڵەوانەکانی ئەنفال تا لای سەرو دانیشێ دەست لەملان بەو دیدارە شەرەفمەندبێ ، کاتێکێش بەغدا بە حسابو کتابی خۆیدا چوەوە، ئیدارەی لە کوردستان کێشایەوە ، خەڵكی کوردستان شانیان دایە بەر بارگرانی ژیانو بەڕێکردنی ئەو قۆناغە سەختە ، سەربەرزانە دروشمی ( سەری بەرزبۆ موچە نەوی ناکەین )یان بەرزکردەوە ، لەودەمەدا خەڵک حیزبەکانی بە پەیامبەرو فریشتە ئەزانی! هێشتا دەرنەکەوت بوو کێنو چین؟ خەڵک بێئاگا بو لەوەی ئەوان خەریکی تاڵان کردنو ئاودیو کردنی وڵاتو دابەشکردنی داهاتی گومرگەکان بون ، هەرچیان پێکرا کردیان لە گیرفان پڕکردنو وڵات کاول کردن ، تا کار گەیشتە ئەوەی لەسەر بەشە تاڵانی ڕێک نەکەوتن ، شەڕی نەگریسی ناخۆیان دامەزراندو چەند هەزار گەنجێکی بێگوناهیان کردە قوربانی پۆستو پارەو بنەمالەکانی خۆیان ، کوردستان بوبە دوو میرنشین، هەرکەس بۆ خۆی ، کێ قارەمانە زۆرتر و زوتر دەوڵەمەند ببێت ، کاتێکیش لە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەبو شەڕی براکوژی بەردەوام بێت بە چاو لێسورکردنەوەیەک بەیەک تەقەڵ بەیەکا دایدرونەوە.لێرەوە خەڵک وردە وردە مەعدەنەکەیانی ناسی، زانی چعەیارێکن .
سەیرەکە لەوەدابووسەرکردەکان بێشەرمانە باسیان لە ئەستۆپاکی خۆیان ئەکردو ، میلەتیان تاوانبار ئەکرد وەک ئەوەی ئەمان نەبوبن فەرمانیان دابێ یەکتری داپاچن ،گوایە ئەوان فریشتەن لە ئاوی شەو پاکتر بون، بەدەست میلەتەوە گیریان خواردوە ! ئەوان ئاگادار نەبون کە کولێرەیەک ئەبوایە ئاردەکەی لە زۆنی زەرد دوجار گومرگ بکرایە و لە زۆنی سەوزیش بە هەمان شێوە ، ئەوەی دور لە هەواداریو ماستاوی حیزبایەتی چاوێک بەو مێژوە پڕ لە شەرمەزاریدا بخشێنێتەوە ئەتوانێت ئەو ڕاستیانە بدۆزێتەوە کە دو کەرت کردنی وڵاتو دوئێدارەیی لە بەرژەوەندی هەردو دەسەڵاتدا بوە ، هەموو حەرامەکان حەڵاڵ کران ، تاوانبار کرایە دادوەر ، قوربانی کرایە تاوانبار پەلکێشکردنی سوپای بێگانە شەرمی تیا نەما سەرسەختترین دوژمن کرایە برابەش ، وڵاتی تەسلیم کرا، میلەتیش کام کێو بەرزە بابیگرێ.
پاش مێژویەک لە تاڵان کردنو ناعەدالەتی، حیزبی کوردیو حکومەتی کوردی، لە دوژمنەکان کەمتریان پێنەکردین ، کاتێک پەلکێش کردنی سوپای بەعس ناونرا خاڵی وەرچەرخان، بەرامبەرەکەش دوانەکەوت لەپەنابردن بۆ دوژمنێکی کە ، ئیتر هیچ بەهایەک نەما بۆنیشتمان! بۆ میلەت! بۆ هیچ پیرۆزیەک کە ئەم خەڵکە قوربانی بۆ داوە ! جگە لەتاڵانو بڕۆی سامانی گشتی ، یاسا بوبە پارەیەکی قەڵب کە لە هیچ بازاڕێکدا ڕەواجی نەما، بو بەو ئاشەی بە ئاو و ئارەزوی دەسەڵاتداران ئەگەڕێ ،ناشەرعی بەشەرعی ئەڵێت کشمەلیک، حیزب لەم مەملەکەتەدا بوە بە کۆمپانیای بازرگانی و بزنس ، گرنگ ترین سێکتەر کە بە دەستی ئەنقەست سوکو ڕسوا کرا،پەروەردە و زانکۆکان و دامەزراوە عیلمیەکان بو، لەو ڕۆژەوە کە قبوڵ خاس هاتەکایەوە زانکۆو کۆلێجەکان ئاخنران بە کەسانێک کە لە قۆناغەکانی ئامادەییدا لە تەلەبە تەمەڵو فاشیلەکان بون ،بڕوانامەی دوکتۆراو ماجستێر بێ بەهاکرا دەیانو سەدان کەس بون بە هەڵگری ئەو جۆرە بڕوانامە فەلو تەزویر