ئەم ڕۆژانە كەشی سیاسیو لەسایەی ئەویشدا دۆخی ئابوری هەرێم بەهەلومەرجێكی نەخوازراودا تێدەپەڕێت، ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی نیگەرانە بەرامبەر بەهەڵكشانی ئەو كێشمەكێشە سیاسییانەی ئەمڕۆ لەنێوان حزبەكانی كوردستان لەلایەكو لەنێو حزبەكان لەلایەكی دیكەوە بەدیدەكرێت، بەسەرنجدان لەوەی لەچوارچێوەی كلتورو سیستەمێكی سیاسی دامەزراوەیی بەهێزو دیموكراسیدا ئەنجامنادرێنو كاریگەریی خراپو درێژخایەنیان لەسەر ئایندەی ئابوری ئەم وڵاتە دەبێت، چونكە “ئارامیو سەقامگیریی، ئاسایشو تەناهی” گرنگترین رەگەزی گەشەی ئابورییە.
لەكاتێكدا كە كوردستان زیاد لەهەر شتێك پێویستی بەوەبەرهێنانو بەچالاككردنی رۆڵی كەرتی تایبەتە لەهەمو سێكتەرە ئابورییەكاندا، ئەم دۆخە هەموو دەرفەتێك لەبەردەم وەبەرهێناندا دەكوژێو هانی هەڵاتنی سەرمایەی ناوخۆش بەرەو دەرەوەی وڵات دەدات، هەربۆیە خوازیارین حكومەتو هەمو لایەنە سیاسیە كاریگەرەكان بەرژەوەندی درێژخایەنی هەرێمو گەشەی ئابوری كوردستان نەكەن بەقوربانیی ململانێ سیاسییەكانیان.
ئێمە نیگەرانین لەدۆخى ئاڵۆزى هەرێمی كوردستان بەگشتیو شاری سلێمانی بەتایبەتی، كاركردن بەو ئاڕاستەیەی سلێمانی ببێتە چەقی ململانێ سیاسییەكان، هەڵەیەكی كوشندەیەو مێژوو لەهەمو ئەوانە نابورێت كە بەو ئاڕاستەیە كاردەكەن. ئەم كێشمەكێشانە نەك تەنها گەورەترین زیانیان بەئابوریو ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە گەیاندوە، بەڵكو زیانیان بەناوبانگیشی گەیاندووە، كە بەدرێژایی زیاتر لە 200 ساڵە، پێشەنگە بۆ ئەدەبو رۆشنبیرییو سەرمەشقە بۆ خەباتو قوربانیدان.
دۆستو دوژمن ئەو راستییە باش دەزانن كە سلێمانی چ رۆڵێكی گەورەی لەمێژوی ئەدەبو خەباتی كوردستاندا بینیوە، ئەگەر ئەدەبو رۆشنبیریی ئەم شارە یاخود خەباتو قوربانیدانی سلێمانی لەمێژووی ئەدەبو خەباتی گەلی كورد دەربكرێت، بمانەوێو نەمانەوێ، پێمانخۆش بێت یان ناخۆش، بۆشاییو كەلێنی گەورە لەمێژوی ئەدەبو بەرخودانی كوردستاندا دروستدەبێت.
سێ كوچكەی ئەدەبی كلاسیكی كوردی “نالیو سالمو كوردی” هەرسێكیان رۆڵەی سلێمانی بون، پێشەنگی نوێكردنەوەی شیعری كوردی “مامۆستا گۆران” بوو، یەكەم شاعیری گەورەی كورد خەڵاتێكی بەناوبانگی جیهانیی پێبەخشرابێت “شێركۆ بێكەس” بو، كە خاوەنی جوانترین كۆمەڵە شیعرەكانی ئەدەبی هاوچەرخی كوردییە. یەكەم رۆژنامە لەكوردستانی باشور بەزمانی كوردی لەشاری سلێمانی بڵاوكرایەوە که “پێشكەوتن” بوو، یەكەمین رۆمانی كوردی نوسەرەكەی “مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد” بوو، یەكەم كورتە چیرۆك لەمێژوی ئەدەبی كوردیدا “لەخەوما”ی جەمیل سائیب بو. “پیرەمێردو عەلائەدین سوجادی” باشترین رۆژنامەنوسو نوسەرانی سەدەی بیستەمی كوردن كە رۆڵی گەورەیان لەبوژانەوەی زمانی كوردییدا بینی، باشترین تیمەكانی شانۆو هونەری كوردی لەم شارەوە سەریانهەڵدا، روناكبیرترین پیاوانی ئایینی “شێخ محەمەدی خاڵ”و “مەلا عەبدولكەریمی مودەریس” پیاوی جوامێریی ئەم شارە بون كە گەورەترین خزمەتیان بەئەدەبی كوردی كرد، ئێستاش یەكەمین رۆمان كە لەزمانی كوردییەوە بۆ زمانە زیندوەكانی جیهان وەردەگێڕدرێنو بایەخیان پێدەدرێت، رۆمانە بەنرخو ناوازەكانی “بەختیار عەلی”ن.
لەڕووی سیاسییشەوە، بەڵگەنامەكانی بەریتانیاو تۆژینەوە مێژووییەكان شاهێدی ئەوە بۆ سلێمانی ئەدەن كە پاش جەنگی یەكەمی جیهانیی لەڕیزی پێشەوەی تێكۆشاندا بوو بۆ سەربەخۆییو نەلكاندنی ئەم خاكو وڵاتە بەدەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراقەوە، لەخۆپیشاندانی 6ی ئەیلولی بەردەركی سەراوە تا دەگات بەهەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولو شۆڕشی نوێو راپەرینی 1991، سلێمانی رۆڵی بزوێنەری شۆڕشو كۆڵنەدانی بینیوە.