بۆچی دەوڵەتە عەرەبییەکان شکستیان هێناوە؟

 
 
 کوشتنی ئەم دواییەی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی وەک سەرکەوتنێکی گەورە ڕيکلامی بۆکرا لەلایەن ئەو وڵاتانەوە کە دەیانەوێت تواناکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەناوببەن. کارەکە بە دەستکەوتێکی هێندە مەزن ئەژمارکراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕوسیا هەریەکە بەجیا لافی ئەوە لێدەدات کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بەرپرسیاری کوشتنیەتی. هەموو ئەو ‌‌هێزانەی لە یەک ڕیزدا دژی داعش کۆبوونەتەوە- واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا، حکومەتی عێراق، میلیشیاکانی شیعە، کوردەکانی سوریا، ئێران و ڕوسیا- لەو ناوچانەدا بڵاوبوونەتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسلامیدا بوون سەرەڕای ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوانیشیان. بەپێی یەکێک لە خەمڵاندنەکان دەوڵەتی ئیسلامی یەک لەسەر چواری ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵدا نەماوە کە پێشتر لە لوتکەی سەرکەوتنەکانیدا بەدەستییەوە بوون.

بەهەرحاڵ کەمکردنەوەی تواناکانی دەوڵەتی ئیسلامی و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە لەدەستچووەکان لە سوریا و عێراقدا کێشەی بێسەروبەری و توندوتیژيی لەم وڵاتانەدا چارەسەر ناکات. لەڕاستیدا هۆکاری پشت سەرهەڵدانی توندوتیژی و دەرکەوتنی هێزە فرەنەتەوەییە جیهادییەکان، بریتییە لە نەبوونی تواناکانی دەوڵەت لەو وڵاتانەدا. بە واتایەکی دیکە، ئەوە شکسستهێنانی دەوڵەتە لە دابینکردنی ئاسایش بۆ دانیشتوانەکەی و بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگة بەشێوازێکی پێشبینیکراو کە بواری ڕەخساندووە بۆ گروپەکانی وەک قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی تا لە عێراق و لیبیا و سووریادا نەشونما بکەن. ئەم گروپانە سۆزی خەڵکەکە بەوە ڕادەکێشن کە دوژمنایەتيی ئایینی تیژبکەنەوە و ئەمە یەکێکە لە شێوەکانی کارکردنیان. جگەلەوەش، وەک نموونەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەریدەخەن، نموونەی ئەڵتەرناتیڤی پێکهاتەی دەوڵەت دادەمەزرێنن کە دەتوانن ئاستێک لە ئەمن و ئاسایش بۆ ئەو خەڵکە دابین بکەن کە لەبەرامبەر پاراستنیاندا چەکدار و پارەیان دەدەنێ.

زیادبوونی دوژمنایەتییە ئیتنی و مەزهەبییەکان و ناکۆکییەکان لەم دەوڵەتانەدا، هەمان هۆکار و سەرچاوەیان هەیە. چونکە، کاتێک دەوڵەت ناتوانێت پێویستییە بنەڕەتییەکان دابین بکات – واتا ئاسایش بۆ دانیشتوان دابین بکات – تاکەکان و گروپەکان بەدوای ئەو کەس و لایەنە ئەڵتەرناتیڤانەدا دەگەڕێن کە دەتوانن بیانپارێزن. دەڵاڵە مەزهەبی و ئیتنیەکان ئەرکی دامودەزگاکانی دەوڵەت دەگرنەئەستۆ و بەشێکی هاووڵاتیان ئیتر خۆیان بە لایەنگر و هەواداری ئەوان دەزانن نەک بە هەوادار و لایەنگری دەوڵەت لەبەرامبەر پاراستن و ئاسایشیاندا. هەر ئەمەشە هۆکاری کێبڕکێ و ناکۆکی نێوان گروپە مەزهەبی و ئیتنیەکان لەسەر ئەو سەرچاوە کەمەی کە دێتە بەردەستیان و دواجاریش دەبێتە هۆی توندوتیژی نێوان یەک گروپ و یەک مەزهەب.

پرۆسەی شکستهێنانی دەوڵەت لە جیهانی عەرەبیدا، بەشێوازە هەرە هاوچەرخەکەی، نە لە لێکدانەوەی جیاوازی قورئانەوە هەیە لەلایەن جیهادییەکانەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی، نە لە ناکۆکییە ١٤٠٠ ساڵییەکەی نێوان سوننە و شیعەدایە کە سەرکردە مەزهەبییەکان بەکاریاندەهێنن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دژایەتیکردنی لایەنی بەرامبەر. ڕەگ و ڕیشەی ئەم شکستە لە پەلاماردانی عێراقەوەیە لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا کە شانبەشانی ئەو داگیرکارییە بەرنامەیەکی ئەنقەست هەبوو بۆ لەناوبردنی سوپا و دەزگا مەدەنییەکانی ئەو دەوڵەتە لە پرۆژەیەکدا کە ناوی لێنرا ڕیشەکێشکردنی بەعس.