هەڵکشان و داکشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌

 
 
ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان له قەیراندایە، یان وەک مۆدێلێک کۆتایی هاتوە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زمانی ئینگلیزی به KRG کورتدەکرێتەوە. ئەم کورتکراوەیە زیاتر وەک براندێکی بازرگانی دەردەکەوێت لەوەی ناوی حکومەتێک بێت. براند یان ئەوەی لە زمانی گشتی ناو بازاڕی کوردستاندا پێی دەڵێن مارکە، کۆمەڵێک خەسڵەتی خۆیەتی. 

براند بۆ جیاکردنەوە و ناسینەوەی کاڵایە لە نێو بڕی زۆری کاڵاکانی تری ناو بازاڕ. حکومەتی هەرێم هەوڵی دەدا کە بناسرێتەوە و جیابکرێتەوە له جێگاکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت عێراقیش، بانگەشەی عێراقێکی تر، یان عێراقێکی جیاواز، هەوڵێک بو بۆ خۆ جوداکردنەوە له بەشەکەی تری عێراق. 

بەکاربردنی ئەم ستراتیژیە بازرگانیە بۆ ناساندنەوەی حکومەتێک، روداوێکە شایستەی چەندین توێژینەوەی قوڵە. چۆن ئەم براندە بە خێرا هەڵکشاو پاشان داکشا، ئایا ئەم مۆدێلە چەندێک زیان و زەرەری لە مۆدێلی حکومڕانی گەیاندەوە لە هەرێمی کوردستان. 

خەسەڵەتەکانی ئەم مۆدێلە 
کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشە بۆ خۆی دەکات. پێش هەموشتێک وێنەی بیرەنەوتێک دەردەکەوێت، ئینجا دەموچاوە هەمیشەییەکان، که له پاشیانەوە ناوی کۆمەڵێک خێڵ و بنەماڵە دێت. نەوت و دەموچاوی هەمیشەیی و خێڵەکێتی هەمو خەسڵەتەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبین. ئەم خەسڵەتانە هەرزو بۆ چاودێری بە ئاگای ڕون دەکەنەوە، کە ئەوەی بە جیاواز دەفرۆشرێت کاڵایەکی هاوشێوەو کۆنە. پاش وێنای نەوت کە لە خۆیدا سیمبولی پارە و سامان و فرەیی و دەوڵەمەندبون هەڵدەگرێت وێنای باڵەخانەی بەرزدێت. پارەی خێرا و گەشەی خانوبەرە، یان لە ڕاستیدا بڵقی خانوبەرە، خەسڵەتێکی تری ئەم براندە بازرگانیەیە. کەرتی خانوبەرە وەها ناسراوە کە کەرتێکی پڕ لە دەستکەوتی خێرایە، گەشەیەکی ئابوری کاتی بەرهەم دەهێنێت، نابێتە هۆی هاتنە ئارای هیچ ژێڕخانێک. لە ڕاستیدا ئاماژەیەکی ترە، بۆ بونی پارە و هەڵکشانی خێرا. که بۆ خۆی پەیامێکی ترە بۆ بونی دەرفەت و دەستکەوی خێرا. هەرێمی کوردستان KRG دەیویست وەها خۆی بناسێنێت، وەها بانگەشەی ئەوای تر بکات کە جێگایەکە بۆ دەوڵەمەندبونی خێرا، بۆ دەستکەوتی ئاسان، بۆ پارەی مۆڵ (مۆڵ وەک وشەیەکی کوردی بەکاردەبەم، نەم وەک وشەیەکی بیانی نوێی ناو زمانی کوردی).

 له تەنیشت ئەم خەسڵەتانەوە باس لە دو شتی تر دەکرا، که ئاسایش و دیموکراسی بون. له سەردەمی بە کاڵابونی هەموشتێکدا ئاسایش یەکێکە لە هەرە ئاڵۆزترین کاڵا نوێکان. بێگومان بەشی زۆری بونی ئاسایش لە کوردستان بۆ خەڵكی کوردستان خۆی دەگەڕێتەوە نەک بۆ حکومەت. بەڵام ئاسایش لە ڕوانگەی بازرگانیەوە سودی ئەوەی هەیە کە سەرمایە ڕادەکێشیت، خەسڵەتێکی گرنگ دەدات بە براندی KRG، که هەرە پێویستترین خەسڵەتەکانی سەرمایەداریە. بەڵام پێوانی ئاسایش روداوێکی ئاسان نیە. جێگایەک ئاسایشە بەبەراورد بە جێگایەکی تر، نەک وەک خۆی. زۆر خراپی باری ئاسایشی بەشەکانی تری عێراق وەهایکردوە کە پێوانی ئاسایش له هەرێم تایبەت بێت. کەواتە دابینکەر، یان بەرهەمهێنەری ئاسایشی هەرێم، بریتیه له