گوزەرانی خەڵکی زۆر سەخت و دۆخی ھەرێمیش مەترسیدارتر

 
 ماوەی دوو ساڵە لە سایەی قەیرانی دارایی و نەبوونی پلانێکی زانستی و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەر، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی دژواریدایە تا ئەو ئاستەی بڕستی لێ بڕیون.

ئەوە لە قەیرانە یەک لەدوای یەکە سیاسیەکەش بگەڕێ کە ھەرێمی کوردستان و حوکمڕانیە خۆماڵییەکەی لە سایەی ململانێی ھێزە سیاسیەکانەوە بۆ چەندین ساڵ گیڕاوەتەوە دواوە.

 ئێمە لە ماوەی ئەم دوو ساڵە سەختەی کە وەک وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتین، چ لە ھەڵوێستی ئاشکرا و چ لە ئەنجومەنی وەزیرانیش بێدەنگ نەبووین، بەتایبەتی لە بابەتی ژیان و گوزەرانی خەڵک و نەھێشتنی ئەو جیاوازیە زۆرەی کە ھەڵەی سیستمی ئیداریی و کورت بینی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ڕابردوو ئێستاشدا لە نێوان خەڵکی کوردستان و کاربەدەستاندا دروستی کردووە.
 
حکومەت و پەرلەمان و دەزگا شەرعیەکانی دیکەی کوردستان موڵکی ھیچ کەس نیە، خەڵکی کوردستان نەبێت کە بە خوێنی ڕۆڵەکانیان دروستیان کردووە، بۆیە ھەق نیە ڕێگە بدرێت چیتر خەڵک بەو ھەموو نەھامەتی و ژیانە سەختەوە بناڵێنن و ھێزە سیاسیەکانیش ھەر خەریکی ململانێ و یەکتر شکاندن و پێداگریی بن لەسەر بیروڕا و مەرجەکانیان، ئاخر چ مەعقولە ئێمە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان سنگفراوان و لە ناوخۆشدا ھیچ دەرچەیەکمان نەھێشتۆتەوە بۆ بەیەکگەیشتن؟!

ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە ھەرچی زووە نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان لەم دۆخە مەترسیدارە لەبەرچاو بگرێت و، داھاتی خەڵک بۆ خەڵک خەرج بکات و ژیانی ئاسایی بۆ شەقام و جوڵەی ئابوریی بۆ بازاڕەکان بگیڕێتەوە ئەویش بە نەھێشتنی ئەو سیستمی پاشەکەوتەوە کە خراوەتە سەر موچەی فەرمانبەران یان لانی کەمی کەمکردنەوەی ڕێژەکەی بۆ ئاستێک کە لەگەڵ بازاڕدا بگونجێت.

بە دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ پرۆژەکان جوڵە بخاتەوە ناو بازاڕەکان کە سەرەنجام لەو ڕێگەیەوە ھەزاران دەرفەتی کارکردن لەبەردەم گەنجان و خەڵکی بێکاری ئەم وڵاتەدا دەکاتەوە.

ھەموو چاوەکانی تەنھا لەسەر نەوت نەبێت، بەڵکو بە دابینکردنی بودجەی شایستە بۆ بواری کشتوکاڵیی، دەتوانرێت کارێک بکرێت کە لە ڕێگای بەخشینەوەی ژیان بە کێڵگەکان، کشتوکاڵ بکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەھێزکردنی ئابوریی و پەیداکردنی سەرچاوەی گەورەی دارایی بۆ خەزێنەی گشتی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کردار ئەوەمان