خورمچە!

 
 
لە ساڵی 90 كان و گەمارۆی ئابوری سەر عێراق نەتەوە یەكگرتوەكان بەرنامەیەكیان هەبوو بۆ عێراق بە ناوی (نەوت بەرامبەر بە خۆراك)، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەم ڕۆژانەدا لە بەغدا داوای بەرنامەیەكی هاوشێوەی كردوە نەك لە نەتەوە یەكگرتوەكان بەڵكو لە عەبادی و حكومەتی عێراق بەرنامەی (نەوت بەرامبەر بە موچە).
 
عێراقیش بەو بەرنامەیە ڕازینەبوە و لەوانەیە بە (نەوت بەرامبەر بە خورما) ڕازیبێت. 
حكومەتی هەرێم دەگەڕێنەوە بۆ كوردستان و پاش گفتوگۆ لەگەڵ توركیا لەوانەیە ڕازیبن بە بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خورما لەگەڵ حكومەتی عێراق.
 
ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە بمێنێتەوە و حكومەتی هەرێم زوو وەڵام نەداتەوە لەوانەیە حكومەتی عێراق مەرجی تر بۆ بەرنامەكە زیاد بكات و ئەویش دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی خورماكە لێبكاتەوە.

ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئاشتی هەورامی دەبێتە وەزیری كشتوكاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەدرێت بە كۆمەڵی ئیسلامی.

جا ئەڵێن ووشەی موچە بە ئینگلیزی (سالەری) پێدەوترێت و گوایە ڕۆمەكان كاتێك لە بەریتانیا بوون بۆ موچەی سەربازەكان و كارمەندەكانیان خوێیان داوە و وشەی (ساڵت) واتە خوێ بووە بە سالەری.

ئەو كاتە موچەی كوردستانیش لە سایەی حكومەتی هەرێم دەبێتە (خورمچە).