بۆچـی گـەڕانەوە بـۆ بـەغدا؟ ‌‌

 
قەیرانە داراییەكەی هەرێمی كوردستان ماوەی دوو ساڵ‌و نیوی تێپەڕاند، بێ ئەوەی تائێستا توانرابێت كاریگەرییەكانی لەسەر خودی حكومەت‌و خەڵك كەم بكرێتەوە. لەو ماوەیەدا هەرچی دەكرێت‌و پلان‌و بەرنامەی بۆ دادەنرێت، كەچی ئەنجامەكان هێندەی قەبارەی قەیرانەكان نین.

حكومەتی هەرێم زۆر پلان‌و رێگەی گرتۆتەبەر، بەمەبەستی دەربازبوون لە قەیرانی دارایی كوردستان، بەڵام لە هیچیاندا سەركەوتوو نەبووەو دەرەنجامی واقیعی لە مەودای كورتخایەن‌و مامناوەندا لێنەكەوتۆتەوە. كە ئەمانە دوو لەو سیاسەت‌و پلانانەن، كە ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیادكردنی داهات‌و كەمكردنەوەی خەرجییەكان جێبەجێی كردن، بەڵام بەبێ دەستكەوتی بەرجەستە.

(1) بڕیاردان لەسەر
 سەربەخۆیی ئابووریی
نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو، لەسەر بنەمای ژمارەو داتاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم تایبەت بە دۆسێی قەبارەی نەوتی دەرهێنراوی كوردستان‌و دۆزینەوەی كڕیارو بازاڕو زەمانەتی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان‌و پارە بۆ پڕۆژەكان، هاوكات بە پاڵپشتی لایەنە سیاسییەكان، جارێكی تر حكومەتی هەرێم دوای رێكنەكەوتنی لەگەڵ بەغدا، بڕیاریدا نەوتەكەی بە سەربەخۆ بفرۆشێت‌و چیتر لە رووی داراییەوە پشت بەو بودجەیە نەبەستێت، كە مانگانە بەغدا بۆی دەنارد.

ئەوەبوو لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو هەرێم دەستی بە فرۆشتنی نەوت كرد‌و راستەوخۆش داهاتەكەی وەرگرت، كە ئەوكات نرخی بەرمیلێك نەوت بە (67) دۆلار بوو.
ئەوە لەكاتێكدا زۆربەی ئاماژە جیهانییەكان گوزارشتیان لەوە دەكرد، كە نرخی نەوت لە پاشەكشەی زیاتردایە‌و پێدەچێت لە (30) دۆلار نزیكبێتەوە، بەڵام هەرێم گوێی بەو ئاماژانە نەداو نا مەدروسانە بەردەوام بوو لە فرۆشتنی نەوت، سەرەنجام كەوتە داوی بازاڕی پڕ كێشمە كێشی نەوتەوەو رۆژ بە رۆژ داهاتەكەی كەمی كرد، بە جۆرێك زۆر لەو بودجەیە كەمتر بوو، كە تایبەتە بە بەكاربردن‌و بڕەكەی 850 ملیۆن دۆلار بوو.

دوای ئەو كارەساتە داراییەی رووی لە كوردستان كرد، حكومەت بێ چارە بوو لە دابینكردنی مووچەو لەو ساڵەدا (2015) توانی تەنیا مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران‌و هەشت مانگ‌و نیوی مامۆستایان دابەش بكات‌و قەیرانەكەی هێندەی تر لەسەر خەڵك قورستر كرد. ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەیتوانی ژمارە‌و داتاكانی كە خستبوویە بەردەم حكومەت‌و پەرلەمان، بكات بە واقیع‌و كاتێك لە زاری وەزیرەكەیەوە دەیووت «لەكۆتایی 2015دا ئاستی هەناردەی نەوتی كوردستان دەگەیەنرێتە بڕی نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل»، كەچی بە نەوتی كێڵگەكانی كەركوكیشەوە تەنیا لە توانایدا بوو بڕی (450 – 470) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە بكات (بەپێی وتەی خۆی)!!.