هۆکاری بڕینی بودجه‌ی هەرێمی کوردستان چیبوو؟

 
 
سه‌ره‌تای ساڵی (2015) من له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ زوو زوو پرسیاری “بڕینی بودجه‌ی” هه‌رێمی كوردستان م له‌لایه‌ن به‌غدا وه‌ ده‌وروژاند.
هه‌موو جار وته‌بێژی ئه‌وكات (جێن ساكی) ئه‌یوت: رێكه‌وتنێكی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد هه‌یه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بێت. من ده‌موت ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كاری پێناكرێت و خه‌ڵكی كوردستان موچه‌ و بودجه‌یان براوه‌، ئێوه‌ رۆڵتان هه‌یه‌ له‌م پرسه‌یا.
دوای ئه‌وه‌ی من زۆر ئه‌م پرسیاره‌م دوباره‌ كرده‌وه‌، هه‌ندێك هاورێم له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ به‌غداد و هه‌ولێر پێكه‌وه‌ كارمانكردبوو، بانگیانكردم و وتیان “تۆ خۆت باش ئاگاداری بۆچی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ شكستی هێنا و كاری پێناكرێت، ئیدی بۆ زۆر پرسیار ئه‌كه‌یت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌؟ خۆت ئه‌زانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئه‌نقه‌ست رێكه‌وتنی نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ بودجه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا واژوو كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت پێیه‌وه‌ و به‌غداد ناچار بكات كه‌ بوجه‌ی كوردستان ببرێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌رێم بیانوی بۆ دروست ببێت بۆ فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی خۆی به‌ شێوه‌ی “سه‌ربه‌خۆ.””
من وتم: من خۆم باش ده‌زانم، وه‌ له‌ ورده‌كاریه‌كه‌ی ئاگادارم به‌ڵام مه‌به‌ستمه‌ بینه‌ره‌كانم راسته‌وخۆ له‌ ئه‌مریكاوه‌ گوێبیستی بن. 
من ده‌زانم برینی بودجه‌ یه‌كێك بو له‌ ئامانجه‌كانی خودی ئاشتی هه‌ورامی و ئه‌وانه‌ی دارێژه‌ری سیاسیه‌تی نه‌وتی بوون له‌ كوردستان ئه‌ویش بۆ دوو مه‌به‌ست.
یه‌كه‌م: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكیكیان باسیانكرد، واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و لای ئه‌مریكاش كورد حوجه‌ی بۆ دروست ببێت كه‌ نه‌وت به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ بفرۆشێت به‌یانوی ئه‌وه‌ی “به‌غدا پاره‌ی هه‌رێمی كوردستانی بریوه‌.”
دووه‌م: بۆ رازیكردنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان وه‌ دروستكردنی فشاری جه‌ماوه‌ری كه‌ “ئیدی پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ن پشتیوانی سیاسیه‌ت نه‌وتی كوردستان بكه‌ن.” به‌مه‌ش داهات و بودجه‌ی كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی له‌ به‌غدا جیاكرایه‌وه‌.
مالكی له‌وكاته‌دا ئاگامه‌ندیانه‌ بێت یان نا ئه‌وه‌ی جێبه‌جێكرد كه‌ دارێژه‌رانی سیاسیه‌تی نه‌وتی له‌ كوردستان ده‌مێك بوو به‌دوایدا ده‌گه‌ران.
دیاره‌ ئه‌مه‌ ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ هێشتا نرخی نه‌وت به‌ربوو له‌ بازاره‌كان دا و به‌ڵام پلاندانه‌رانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ غافڵ بوون له‌ نرخی وزه‌ له‌ بازاره‌كانی جیهان.
ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ كاره‌ساتبار بوو بۆ كوردستان، بۆ شه‌ری دژ به‌ داعشیش كه‌ ئه‌مرۆ ناچارین بۆ نزیكه‌ی “نیو ملیاردۆلار” هه‌موو هێزی لۆبی و دبلۆماسی كوردی له‌ ئه‌مریكا بخه‌ینه‌ گه‌ر. به‌ڵام دیار نیه‌ له‌ ماوه‌ی درێژخایه‌ن دا ده‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی چیده‌بێت.