حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک بوە هەمیشە هەوڵی ئەوە دراوە سیستمێکی ناوەندی دروستبکرێت و پایتەخت بەرانبەر شارەکانی تر جۆرێک هەژمونی بۆ دروست بکرێت کە سەرئەنجام هاونیشتمانییان رق ئەستوری و هەستی ناوچەگەرێتی و شارچێتییان بەرانبەر یەکتری لا دروست دەبێت، کە هۆکاری سەرەکی دروستنەبونی یەکێتی نەتەوەیی و یەک گوتاری دەبێت، وەک ئەوەی ئێستا لەکوردستاندا دروستبوە کە بەپلەی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان لێی بەرپرسە.
بەندە بە تەواوەتی دژی شارچییەتی و خۆبچوکردنەوەی مرۆڤەکانم بۆ ئاستی بینی تەنیا شارو دەوروبەرەکەی خۆی، هەمیشە لایەنگری بان شار و گوتاری نەتەوەییم، بەڵام گوتاری نەتەوەیی راست و زانستی نەک گوتارێکی نەتەوەیی روکەشی کاتی، بۆ موزایەدەی سیاسی و گەوجاندنی خەڵک و هێنانەدی مەرامی کەسی و پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی.
سەرباری ئەمەش ئەوەی پارتی لەدوای ٢٠٠٥ بەرانبەر سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین و هەندێ ناوچەی سەر بە هەولێر کردویەتی، بەتەواوی دەچێتە خانەی ناعەدالەتی جوگرافی و پەراوێزخستنی شارەکانی تر کە ئامانجی دوایی لەم کارە ئەوەیە هەمیشە شارەکانی تر لەروی ئابورییەوە چاویان لەدەستی پایتەخت بێت کە سیمایەکی دیاری سیستمە تاکڕەوەکانە.
پارتی کە بەهۆی (31)ی ئاب و رێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ یەکێتی هەردو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیان بۆخۆیان بردوە، لەو رێگەیەوە پرۆسەی پەراوێزخستنی شارەکانی تریان ئەنجامداوەو سلێمانی زۆرترین پشکی بەرکەوتوە، بۆ ئەوەی هەمیشە لەڕوی ئابورییەوە پاشکۆی پایتەخت بێت و چاوی لەدەستی پایتەخت بێت. بۆ نمونە لەماوەی نێوان ساڵانی (2006-2015) واتە لە نۆ ساڵدا تێکڕای (42) ملیار دۆلار وەبەرهێنان بوە، بڕی (24) ملیار دۆلاری لەشاری هەولێر بوە، تەنیا (13) ملیاری لە سلێمانی بوە، ئەمەش رێژەی بێکاری لە هەولێر کەمکردوە و لەسلێمانی زۆری کردوە.
خاڵیکی تر بەمەبەست کێڵگە نەوتیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پرۆسەی پەرەپێدان تیایاندا وەستێنراوەو لە کێڵگەکانی هەولێر و دهۆک بەردەوام بوە، لەوانە کێڵگەی چیا سورخ کە بەتەنیا لەیەک بیردا (18) هەزار بەرمیل رۆژانە بەرهەمی هەبوە، بەڵام پەرەپێدانی تێدا راگیراوە.
هەردو پاڵاوگەی بازیان و کەڵەک کە هەردوکیان حکومەتی عێراق دروستی کردون، کەچی ئێستا پاڵاوگەی کەڵەک رۆژانە توانای پاڵاوتنی هەشتاو پێنج بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام پاڵاوگەی بازیان توانای پاڵاوتنی تەنیا (30 بۆ 35) هەزار بەرمیلی هەیە، بەوهۆیەشەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەک سزا بۆ هەر بەرمیلێک پاڵاوتن (17) دۆلار دەداتە پاڵاوگەی کەڵەک بەڵام تەنیا (7 بۆ 8) دۆلار دەداتە پاڵاوگەی بازیان، هەردو پاڵاوگەکەش بەدەست کۆمپانیای حیزبییەوەن.
سەرباری ئەمانەش کۆی پارەی نەوتی فرۆشراو لەڕێگەی بۆری و تانکەر و موشتەقاتی نەوت و غازی شل هەموی دەچێتە بانکی کوردستان و هەر ئەویش پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار ئەنجام دەدات کە رۆژانە قازانجێکی گەورە دەکات.
پێویستە بوترێت لە پەراوێزخستن و بنیاتنانی حوکمی ناوەندێتیدا هەمو حیزبەکانی دەرەوەی پارتی، کە لەساڵانی رابوردو و ئێستاش لەحکومەتدا بەشدارن رۆڵیان هەبوە، چونکە بێ دەنگی و بەشدارییان واتەی بێ دەسەڵاتی سیاسییە کە ناتوانن خۆیانی لێ بێ بەری بکەن و پێویستە ئەو پرۆسەیە رابگیرێت و ئەو بارە ناهاوسەنگە راست بکرێتەوە، چونکە تەنیا ئەوە بەردەوام بونی ئەو ناهاوسەنگییە زیان لە یەک گوتاری و ریفراندۆم و بڕیاردان لەمافی چارەنوسی نەتەوەیمان دەدات.