ریفۆرمی‌ ئابووری‌‌و پلانی‌ چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی‌…

 
 
دواڕۆژی‌ مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵ له‌كۆنفرانسی ریفۆرمی‌ ئابوریدا سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پرۆسیسی‌ ریفۆرمی‌ ئابوری‌ راگه‌یاند. به‌دیقه‌تگرتنی‌ ورد له‌ پلانه‌كه‌ به‌وسه‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین کە له‌وماوه‌ دوورودرێژ و هه‌ستیاره‌دا كه‌ده‌كرێت به‌تێپه‌رین به‌نوته‌كترین رێگای‌ پر له‌ئاڵۆزی‌ قه‌یران شوناسی‌ بكه‌ین، حكومه‌ت ته‌ریب به‌هه‌وڵه‌كانی‌ بۆ ده‌ستبه‌ركردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌ڵپه‌ی‌ ئه‌وه‌دا بووه‌ به‌پلانێكی‌ تۆكمه‌وه‌ بۆردی‌ چاره‌سه‌ری‌ بۆ داهاتوو رابگه‌یه‌نێت .
 
 
له‌وه‌ش زیاتر كه‌هه‌نگاوه‌كان به‌ته‌نیا تێپه‌راندنی‌ ئه‌ودۆخه‌ بووبێت، ده‌ستبردنه‌ بۆ پلانێك کە نزیكمان ده‌خاته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ چۆن بتوانین پرسی‌ ریفۆرمی‌ ئابووری‌ به‌كلتوری‌ رۆژانه‌ بكه‌ین هه‌ربه‌وه‌ی‌ چۆن قه‌یران “بۆماوه‌یه‌ك له‌په‌لوپۆی‌ خستین، به‌لاَم له‌ناوی‌ نه‌بردین”، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌كرێت وه‌ك رێكارێك كارلێكی‌ له‌گه‌ڵ بكه‌ین  و “په‌ندی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ لێوه‌ربگرین”.
 
 
لە دۆخێکی وەهادا کە قه‌یران به‌و هه‌موو قورسایی‌‌و ئاسته‌نگه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ هێنای‌، سه‌رنجی‌ هه‌موومانی‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ برد كه‌ خه‌می‌ تاك ده‌بێت پتر ئاوێته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان بێت نه‌ك رۆڵی‌ به‌كار به‌ری‌ هه‌بێت، وه‌ك ئەوەی‌ كه‌ئێستا به‌دی‌ ده‌كرێت، هه‌رئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ ئه‌ركه‌ قورسه‌كه‌ له‌ئه‌ستۆی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ دابێت وناچارە کە شان بداته‌ به‌ر  كۆڵی قورسی ئه‌م قه‌یرانه‌.
وه‌ك چۆن سێ‌ شه‌ممه‌ی ره‌شی‌ ساڵی‌ كۆتایی‌ بیسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووی‌ ئه‌مریكا و به‌دوی‌ دا ولاَتانی‌ ئه‌وروپی‌، گه‌وره‌ترین پلانی‌ تۆكمه‌ی‌ به‌دوی‌ خۆی‌ دا كێشكرد و به‌شێوه‌یه‌كی‌ ریشه‌یی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م پرسه‌ی‌ دۆزیه‌وه‌،، هه‌رئه‌وه‌ش چاوه‌رێ‌ ده‌كرێت كه‌ له‌دوای‌ ئه‌و هه‌موو چه‌رمه‌سه‌ریه‌ی‌ قه‌یران له‌ئه‌ستۆی‌ تاكی‌ ئێمه‌ی‌ ناوه‌، پرسی‌ پلانرێژی‌ كۆتایی‌ ریشه‌یی‌ بێت بۆی‌.
 
 
هەر بۆیه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌وتار و پلانه‌كه‌ی‌ دا مكوربوو له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت هه‌ژاران به‌كه‌مترین زه‌ره‌ر له‌م قه‌یرانه‌ ده‌ربازیان بێت، بۆئه‌مه‌ش ئاوری‌ له‌رابردوو ده‌دایه‌وه‌ كه‌ده‌بێت هاوكێشه‌كه‌ بۆ ئاینده‌ بگۆرین و تاكی‌ به‌كاربه‌ر به‌ره‌و به‌رهه‌مێن هه‌نگاوبنێ‌ و حكومه‌ت ئه‌رك و وه‌زیفه‌یه‌تی‌ ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌ستبه‌ربكات به‌ده‌ستاوه‌لاَكردنی‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و فه‌راهه‌مكردنی‌ دۆخێك له‌په‌نا گه‌شه‌ی‌ ئابوری‌ دا سێكته‌ره‌كانی‌ تریش بووژانه‌وه‌ به‌خۆیانه‌وه‌ ببینین و سه‌ره‌نجام ریفۆرم شكلی‌ كلتوور وه‌ربگرێت وئاشته‌وایی‌ لێ‌ شین بێت .
 
 
ئەمەیە ئەو په‌رچه‌كردارەی‌ قه‌یرانه‌کە کە به‌قورسی‌ خۆی‌ پێداكێشاین و ئاسۆی دەربازبوونیش لێی لە میانەی ئەو پلانەی سەرۆژی حکومەتەوە ڕوونە و ئەمەش چاوەڕوانییەکەی هاونیشتیمانیانە لێی.