خوێندنی باڵا لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكاندا، بە درێژایی سەردەمەكانی رابردوو، سەرچاوەیەك بووە لە سەرچاوەكانی داهاتی وڵاتەكانیان، خوێندكارانی دەوڵەتانی تری زۆربەی ناوچەكانی جیهان، كێبڕكێیانە لەسەر زانكۆكانی ئەو دەوڵەتانە، كە بەشێكیان وەك ماركەیان لێهاتووە، بۆ نمونە، ناوبانگی زانكۆكانی وەك كامبریجو ئەكسفۆرد لە بریتانیا، هارڤاردو وییلو ئستانفۆردو بێركلی لە ئەمریكا، لەو زانكۆیانەن كە بوونەتە جێی بایەخی زۆرێكی بەهرەمەندانی جیهان.
دەفرێك لە دەفرەكانی وەبەرهێنان
لە بەرامبەر ئەو داخوازییەی زۆرەی لەسەر خوێندنی باڵا هەیە، خوێندنی باڵا بۆتە یەك لە سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی هەریەك لە ئەمریكا، بریتانیاو ئوسترالیا، لەبەرئەوە، كاتێك حكومەتی ئەمریكاو بریتانیا لە پێدانی ڤیزا بە خوێندكاران دوای تەقینەوەكانی ١١ سێپتەمبەر، رێوشوێنی توندیان گرتەبەر، زانكۆكانی ئەمریكاو بریتانیا داوایان لە حكومەتەكانیان كرد، كە مەرجەكانی هاتنی خوێندكاران بۆ ناو زانكۆكانیان سوك بكات، تا زانكۆكان دووچاری كێشەی دارایی نەبنەوەو بتوانن پەیامی خوێندنیو رۆشنبیریی خۆیان بگەیەنن.
زۆرێكی دەوڵەتانی پێشكەوتوو خوێندنی زانكۆیی وەك دەفرێك لە دەفرەكانی وەبەرهێنان بەكاردەهێنێت، هەوڵی راكێشانی خوێندكارانی دەوڵەتانی تر دەدەن، تاوەكو لە زنكۆكانیاندا خوێندن تەواو بكەن، ئەمەش لەبەرامبەر بە پارەیەكی بە رێژەیی بەرز، وێرای خەرجی رۆژانەو مانگانە، كە دەبێ خوێندكار لەو ماوەیەی لەو وڵاتە دەخوێنێت خەرجی بكات. بۆ نمونە، هەریەك لە ئەمریكاو بریتانیاو كەنەداو دواتریش ئوسترالیا، خوێندنی زانكۆیی وەك سەرچاوەیەك لە سەرچاوەكانی داهاتی نەتەوەیی دەبینن، هەروەها هەوڵی پەرەپێدانو باشتركردنی زانكۆكانیان دەدەن تاوەكو ژمارەی زیاتری خوێندكارانی بیانی بۆ خوێندن لە زانكۆكانیان رابكێشن.
دەوڵەتانی پێشكەوتوو تەنیا لە دەروازەی وەبەرهێنانی ئابوورییەوە ناڕواننە زانكۆكانیان، بەڵكو لە رووی دەستكەوتی سیاسیو كلتوریشەوە لێێ دەڕوانن، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی بەرژوەندیی ستراتیجیی هاوبەشیان هەیە. زانكۆكان بەردەوامن لە دروستكردنی كامپی نوێ بە شێوازێكی نوێ كە هاوڕێی ژینگە بێت، هەروەها بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە ئەوان تیۆرەكانیان لەسەر ئەرز پراكتیزە دەكەن، واتە ئەوەی خوێندكارەكانیان بە تیۆری ئەیخوێنن، زانكۆكەشیان لەسەر ئەرزی واقیع دەیكاتە پڕۆژەو جێبەجێی دەكات.
سەرچاوەیەكی بەردەوامی دەستهات
بەپێی ئامارەكان، حكومەتی بریتانیا، ژمارەی ئەو خوێندكارە بیانییانەی لە زانكۆكانی وڵاتەكەی بۆ خوێندن هاتوون، بە ٤٠٠ هەزار خوێندكار مەزندە دەكات، بەهای دەستهاتی ساڵانەی بریتانیا لە هاتنی ئەو خوێندكارانە بە نزیكەی ١٥ ملیار پاوەندی ئستەرلینی مەزندە كردووە. لەگەڵ ئەمەشدا حكومەتی بریتانیا لە هەوڵەكانی بۆ راكێشانی خوێندكاری زیاتر بەردەوامە، چونكە حكومەتی بریتانیا ئەو خوێندكارە بیانییانە بە سەرچاوەیەكی بەردەوامی دەستهات دەبینێت، چونكە ئەو خوێندكارانە جگە لە پسپۆری، هاوڕێیەتیو وەلائیش بۆ وڵاتەكانی خۆیان دەبەنەوە، دەتوانێت لە ئایندەدا لە شێوازی پەیوەندیی بازرگانیو رۆشنبیریو دیبلۆماسی سوودی لێ وەربگرێت، واتە راكێشانی خوێندكارانی ئەمڕۆ بونیاتنانی پەیوەندیی بەهێزی سبەینێیە، لەبەرئەوە بریتانیا بەردەوامە لە راكێشانی نەوەی دووەمی بڕیاردەرانو داڕێژەرانی رای دەوڵەتانی جیهانی سێیەمە بەلای خۆیدا.
ئوسترالیاش لای خۆیەوە، هەوڵەكانی بۆ بەدەستهێنانی بەشێكی بازاڕی نێودەوڵەتیی خوێندن بۆخۆی چڕكردۆتەوە، حكومەتی ئوسترالیا هەموو رێساكانی پێدانی ڤیزای تایبەت بە خوێندن بۆ خوێندكارە بیانییەكانی ئازاد كرد، ئەمەش لەو پێناوەدایە، ژمارەیەكی بەرچاوی خوێندكاری بیانی بۆ وڵاتەكەی رابكێشێت.
رانكینگی زانكۆكانیانیشی پێ بەرزدەكەنەوە
زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لەم رووەوە دەرفەتێكی زێڕینی لەبەردەستدایە، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان سەرچاوەی داهات بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، بەتایبەتی كە ئێستا رەوشی سیاسیو گوزەرانی بەشێكی بەرچاوی باكوورو ناوەڕاستی عیراق ناجێگیرە، ژمارەیەكی زۆری خوێندكارانی زانكۆكانی ئەو ناوچانە لە هەرێمی كوردستان ئاوارە بوونە، دەكرێ ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، وەك هەر دەوڵەتێكی تر كە لەبەرامبەر بە پارە دەرفەتی خوێندن بۆ خوێندكارانی دەوڵەتانو ناوچە جیاوازەكان دەڕەخسێنیت، هەنگاوێكی لەم جۆرە بنێن، د