وڵاتی نەرویج بەشێک لە پارەی فرۆشتنی نەوتەکەی دادەنێت بۆ نەوەی داهاتوو. لە کوردستان فرۆشتنی نەوت موچەی ئەم نەوەیەی بڕی و نەوەی داهاتوشی بە بڕی ١٨ ملیار دۆلار قەرزار کرد.
ئەم جیاوازیە وایکردووە کە نەوەی ئێستای نەرویج باوەڕیان بە خۆیان و متمانەیان بە سیستمی سیاسی وڵاتەکەیان هەبێت.
هەمان جیاوازی وایکردووە کە نەوەی ئێستای کوردستان باوەڕیان بە خۆیان نەبێت و متمانەیان بە سیاسیەکانی کوردستان نەبێت.
هەر لەبەر هەمان هۆکار زۆر گەنج و لاوی کوردستان دەیانەوێت کوردستان بەجێبێڵن و پشت بکەنە سیستمە سیاسیەکەی.
سویدی دەڵێت کە خوێن ڕژا لە سەر شەقامەکان، خانوو و موڵک بکڕە. ئەم وتەیە زۆر کەسی کردۆتەدەوڵەمەند و کەپیتالیست. من باوەڕم وایە کە متمانە نەما لە کۆمەڵگەدا پێویستە کار بکرێت بۆ جێگیرکردنی بەها بنەماییە بەرزەکان لە ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا. ئەو شوێنەی کە دەتوانرێت ئەو کارەی تێدا بکرێت بە شێوەیەکی سیستماتیکی، قوتابخانەیە. دەکرێت بە پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن سیستمێکی پەروەردەی مرۆڤدۆست بهێنرێتە کایەوە کە تێیدا منداڵ متمانەی بە گەورەساڵان هەبێت. مێرمنداڵان باوەڕیان بە ڕوناکی پاشەڕۆژ هەبێت.
ئەم جۆرە کارکردنە، لەبەرنامە و ویستی سیسسیەکانی کوردستاندا نیە. کاری ستراتیژی پەروەردەیی پێویستی بە توانا و ویست هەیە. هیچ کامێکیان لە سیستمی سیاسی ئیمڕۆدا بەدی ناکرێت.
سیاسەتی ئابوری کوردستان لەسەر فرۆشتنی نەوت بنیادنرا، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە تەنانەت موچەشی پێدابین ناکرێت. بەڵام لە هەموی ترسناک تر نەمانی متمانەیە بە سیستمەکە، دەرئەنجامیش یا بەجێهێشتنی وڵاتە یا مانەوەی ناچاریە و لە کۆتایی ڕێگەشدا وەستانەوە دژی سیستمەکە ئەگەر وڵات بەرەو برسێتی بڕوات.
لەم کاتەدا ڕۆڵی کەسانی ئازادیخواز و ڕێکخراوە سەربەخۆ و ناحکومیەکان زۆر گرنگە بۆ کارکردن لەسەر بەهاکانی ئازادی تاکەکەس، سەربەخۆیی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان، یەکسانی ژن و پیاو، پیرۆزڕاگرتنی ژیانی مرۆڤەکان و پرینسیپە دیموکراتییەکان.
کاتێک کە سیستمی سیاسی وڵاتێک متمانەی خۆی لە دەستدەیات، دەبێت دامەزراوەی ڕێکخراوی مەدەنی جێگای بگرێتەوە و بە ئەرکەکانی هەستێت، ئەگەر نا، کۆمەڵگە بەرەو داڕمان دەڕوات و زەبر و زەنگ جێگای دیالۆگی مەدەنیانە دەگرێتەوە. دەرئەنجامیش یاساکانی شاخ زاڵ دەبن کە هەندێکیان بریتین لە زیرەکی لە بەکارهێنانی چەک، ئازایەتی عەشایەری، زەبروزەنگ، تێکدان و ڕوخاندن، سەرکوتکردنی بەرامبەر و لاوازکردنی ڕۆڵی ژن.
لە ساڵی ١٩٩١ وە دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستاندا فەرمانڕەوایە، دەبوایە ئەو کات کار بکرایە بۆ جێگیرکردنی بەهاکان لە سیستمی فێرکاری کوردستاندا، ئەم کارە نەکرا و ئەنجامەکەشی ئەو ناشەفافیەتیەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبینرێت بە تایبەتی بواری ئابوری کوردستان کە بێجگە لە چەند کەسێک، کەسی تر ئاگای لە وردەکاریەکانی نیە.
هۆکاریکی گرنگ بە گەیشتن بەم دەرئەنجامەی ئێستا نەبونی پسپۆڕ و لێزانە لە بوارەکانی سیاسەت، پەروەردە و ئابوریدا. ئابوری شاخ بۆ نمونە کڕین و هێنانی چەک بە وڵاخ، یەکناگرێتەوە لەگەڵ دەرهێنانی نەوت و تێکەڵکردنی بە سیستمی گلۆباڵی ئابوری جیهان.
ئێستاش تەنیا ڕێگا بۆ باشکرنی ئابوری کوردستان گەڕانەوەی متمانەیە بە سیستمەکە، ئەوەش تەنیا بەها بەرزەکانی ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابینی دەکات. ئەم کارەش دەبێت لە ژێرخانی کۆمەڵگەوە بکرێت نەک لە سەرەوە چونکە سەرەوە لێی نازانن و ویستیشیان نیە بیکەن.