8ی مارس و بارودۆخی ژنی كورد

  
ئه‌مساڵ له‌كاتێكدا ژنانی جیهان یادی 8 ی مارس ده‌كه‌نه‌وه‌ و باس له‌ ئازادی و ده‌ستكه‌وته‌كانیان ده‌كه‌ن، ژنانی كورد بۆ ئه‌و یاده‌ له‌نێو ژانی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ریی و چاوه‌ڕوانی ئازادكردنی ژنه‌ رفێندراوه‌كانی لای داعش و ئازاری قوربانیانی توندتیژیی رێكخراوی تیرۆریستی داعش ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ژنان و كچانی شه‌ڕڤان ‌و گه‌ریلاكانیش توانای ژنی كوردیان بۆ پارێزگاریكردنی سه‌روه‌ری وڵات ‌و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان سه‌لماندووه‌ و 8ی مارس بۆ هه‌ردوو لاكه‌یان باسكردنه‌وه‌ ده‌بێت له‌ چۆنێتی خۆسازدانه‌وه‌ بۆ گێمێكی تری ململانێ له‌گه‌ڵ عه‌قڵی پیاوسالاریی و كولتووری باوی كۆمه‌ڵگا و ئه‌و دۆخه‌ی زۆرێك له‌ مافه‌كانی ژنی كوردی زه‌وتكردووه‌.

8ی مارسی ئه‌مساڵ له‌كاتێكدا یاد ده‌كرێته‌وه‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی كردار لاوازن به‌رانبه‌ر به‌ به‌دواداچوونیان بۆ كێشه‌ سه‌خته‌كانی  ژنان و كه‌مته‌رخه‌می پارته‌ سیاسییه‌كانیش به‌رانبه‌ر به‌ مافی ژنان ‌و پشتگوێخستنی وه‌رچه‌رخان ‌و گه‌شه‌پێنه‌دانی دۆخه‌كه‌ش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ‌.

واقیعی ئێستای ژنی كورد پێویستی به‌ دیدێكی نه‌ته‌وه‌یی بۆ چاره‌سه‌ركردن هه‌یه‌، پێویسته‌ بكرێته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ‌و له‌و قاوغه‌ی كه‌ئێستا تیایدا قه‌تیس ماوه‌ ده‌ربچێت ‌و به‌ره‌وپێشچوون به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، پێویست ده‌كات به‌دواداچوون بۆ كرۆكی كێشه‌كان بكرێت ‌و پێداویستییه‌كان ئاماده‌ بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ستراتیژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كه‌ بۆ ژن داڕێژراوه‌.

باوه‌ڕم وایه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان و باشتركردنه‌وه‌ی بارودۆخی ژنانی كورد پێویسته‌ له‌سه‌ر 3 ئاست كاری له‌سه‌ر بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر روونتریش ئاماژه‌ی پێبكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كی له‌ئه‌ستۆی ژنان خۆیانه‌، پێویستی یه‌كخستنه‌وه‌ی ریزه‌كان و داڕشتنه‌وه‌ی ستراتیژێكی واقیعی و كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری بۆی له‌لایه‌ن خودی ژنانه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت ئه‌وا ئاستی دووه‌م به‌هۆی فشاره‌كانی ژنانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ كاركردنی جددی كه‌ ئه‌ویش حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانێتی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ فشار بۆ سه‌ر حزبه‌ سیاسییه‌كان گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌جددی كاری بۆ بكه‌ن و هه‌روه‌كو ناو و چه‌ندێتی لای خۆیان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن.

دۆخی ژنانی كورد باش نییه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ر و فراوانكردنی خه‌باتی رزگاریخوازیش له‌ئاستی پێویستدا نییه‌، ئه‌مه‌ دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌كات، باوه‌ڕم وایه‌ هه‌ر ته‌مه‌ڵیكردن و خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی باشتر نابێت و مافه‌كانمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م له‌ناوچوونی زیاتره‌وه‌. 

كاتی ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌، ژنانه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی و واقیعی خه‌باتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانی ژنی كورد بره‌وپێبده‌ین، ئه‌وه‌ش كارێكی نه‌كرده‌ نییه‌.