ئه‌م ئێواره‌یه هه‌ر به ڕاستی ده‌مه‌وێت پاک ببمه‌وه به‌وێنه‌ی پاکژی ڕۆژانی جارانی شاره‌که‌م !
له یادی ئه‌م ساڵه‌دا ده‌مه‌وێت چوون ساته‌کانی پڕ له به‌رائه‌ت ببمه‌وه به‌کیژۆڵه‌که‌ی ژێر چوخمه‌که‌ی
سابونکه‌رانی سلێمانی ،،،،
بۆ ئه‌م یاده نامه‌وێت ئه‌م ئێواره‌یه له‌سه‌ر کورسی ومێزێکی ته‌خته‌ی ڕه‌ق دانیشم وبهدهستێکم چه‌تاڵ و به‌ده‌ستێکی ترم که‌وچک و جارجار ده‌ست به‌رم بۆ چه‌قۆکه‌ی به‌رده‌ستم وخواردنێکی ناکوردیانهی
بێ تام به‌ته‌نها و به مۆنی بخۆم و دواتریش به کوپێکی ده‌سکداری قه‌به‌ی زل چایه‌کی( توره‌که به ده‌زوی )خێرای بکه‌م به‌سه‌ردا ،،،، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ دۆست و ئازیزانداسفرهیهکی کوردیانه ڕاخه‌م و به قاقا وپێکه‌نین له( له‌گه‌نی) شوشه‌ی بریقهدارا قۆڵی لێههڵکهم و ده‌زوی (گیپه) ڕاکێشم و جا به له‌تێ نانی تیری ته‌ڕکراوی پڕ له ڕه‌شکه‌و شمڵی پارویه‌ک له برنجی ناواخن به قیمه و ده‌نکه مێخه‌ک بکه‌مه لوقمهیهکی چه‌ور وبێ ترس له‌م نه‌خۆشیه باوانه‌ی ئه‌مڕۆ بیخۆم ، که تێر بوم خۆم بخشێنم بۆ لای قوڵپه قوڵپی سه‌ماوه‌ره زه‌رده‌که که قۆریه‌کی شوشه‌ی سه‌ر به کوژه‌که به‌ستراوی پڕ له چای بۆن حێلاوی لهسهرهوئهگری و له لولهکهیهو هه‌ڵمی به ژوره‌که‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه منیش به چمکی فهقیانهکهم ده‌سکی قۆریه‌که ده‌گرم و له پیاڵه ته‌نکه‌که‌ی سه‌ر ژێر پیاڵه‌یه‌کی نه‌خشێنراو به وێنه‌ی ئامێزی گه‌رمی (خه‌یام) چایه‌کی گه‌رمی ده‌که‌م به‌سه‌را،،،،،،،
باوه‌رتان بێت ئه‌م ئێواره‌یه گه‌ر بۆ ساتێکی زۆر که‌میش بێت نامه‌وێت هاورێو هونه‌رمه‌نده سه‌د ڕوه‌کان ببینم .. هونه‌رمه‌نده بێ ئهمهکهکان که شوانه له‌سه‌ر سفره‌ی ماڵه‌که‌م ههڵمدهدن بهئاسمانداو له‌ده‌ره‌وی ماڵه‌که‌شم ده‌مخه‌نه‌وه خواره‌وه ،،،، ده‌مه‌وێت پاک بمه‌وه له درۆزنی ڕوخساریان که له‌پێشه‌و ده‌م پان ده‌که‌نه‌وه‌و لهپشتیشمهوه خه‌نجه‌رم لێ ئه‌ده‌ن ،،،، نه‌خیر بۆ ته‌نها یه‌ک ساتیش ئه‌مه‌وێت بگهڕیمهوهلای هونه‌رمه‌نده شکۆمه‌نده به ئینسافهکهنی شاره‌که‌م و هاوڕێکانم،،،،،،،،،،، هونه‌رمه‌نده عاشقهکهنی شانۆ تا جارێکی تر بۆنی ئه‌و سڵاوه بکه‌م کهلهبهردهمم و له‌دواشمه‌وه هه‌ر یه‌ک زه‌رده‌خه‌نه و یه‌ک بۆن بوون،،،،،،،،،،،،
بۆ ئه‌م یاده هه‌وڵ ئه‌ده‌م بۆ ساتێک گوێ له گۆرانیه‌کی غه‌یره کوردی نه‌گرم، به‌ڵکو سه‌ری خۆم هه‌ڵگرم و به سه‌تڵێکی فافۆنی پڕ له ئاوی کارێزه‌که‌ی( وه‌ستا شه‌ریف) خۆم پاک که‌مه‌وه و وسڵی ئه‌م گه‌ردو تۆزه خۆڵاوییهی هاوچه‌رخێتی له خۆم ده‌رکه‌م و ڕادیۆیه‌کی گه‌وره‌ی دوگمه زل له‌سه‌ر کۆشی پاکم دانێم و به سرکهییهکی ڕه‌نگ سور وڕه‌شی قه‌ترانی پرچم داپۆشم وله‌سه‌ر به‌رزایی گرده‌که‌ی مامه یاره وه گوێ له ده‌نگی ڕه‌شۆڵ و دیلان بگرم وله‌گه‌ڵ دار ئه‌رخه‌وانه‌کانی سه‌یواندا دڵ نه‌وایی کۆچکردوهکانم بکه‌مه‌وه..بڵێم – ئۆخه‌ی گرده‌که‌ی یاره چه‌ن شیرین ونازداره،،،،،،،،،،،،
ئه‌م ئێواره‌یه که به‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی ئه‌م شاره‌دا ئه‌ڕۆم نامه‌وێت ئه‌و دار خورما زلانه ببینم که به‌زۆرو به په‌تێکی ئه‌ستوری زنجیردار ڕایانکێشاونهته ناو خاکی ئه‌م شارهوهوفهرمانیان به‌سه‌را ده‌كه‌ن که هه‌رده‌بیت لیره بڕوێن ،،،ئه‌مه‌وێت بۆ یه‌ک سات بگه‌رێمه‌وه بۆ ژێر دره‌ختی تووه‌که‌ی لای ماڵی( عومه‌ربه‌گ)ی سابونکه‌ران وله‌ژێر شنه‌ی سورهچنارهکانی باغی گشتیی‌دا هه‌وایه‌کی ئه‌م شاره هه‌ڵمژم،،،،،،،،،،،،،،،،،،
بۆ ئه‌م یاده ده‌مه‌وێت زۆر پاک ببمه‌وه، که‌دێمه زهماوهندهکهیهوه ناچمه به‌رده‌م که‌نتۆرێکی پێنچ ده‌رگای ژوره‌که‌م تا کراسێکی سه‌رو مل ڕوتی کورتی سه‌ر به کلتوری دوژمنانم له‌به‌ربکه‌م، به‌ڵکو له‌به‌رده‌م سندوقه بهڕاقهکهمدا داده‌نیشم که کۆمه‌ڵێک لێفه‌ی به‌سوورمه چنراو وسه‌رینی کوردی ئه‌م سه‌ر وئه‌وسه‌ر ره‌نگا وڕنگی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه تا ده‌رگاکه‌ی ناوه‌ڕاستی بکه‌مه‌وه‌و بوخچه‌یه‌کی سپی وه‌ک چۆڕی شیربه ده‌زووی (ئه‌ته‌مین) چنراو به‌ده‌ستی ژنانی ئه‌م شاره پڕ له جلی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی قه‌د کراوی یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک و ده‌ست بۆ کاراسێکی (مۆزلینی )ڕه‌نگ خامه‌کی ده‌به‌م