ئابوری عێراق و كوردستان هه‌نگاو به‌ره‌و مایه‌پووچ بوون!

ده‌وڵه‌تی عێراق، وه‌ك وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ له‌ نه‌وتی خاو كه‌ له‌ ئێستادا بڕی یه‌ده‌گی نه‌وتی خاوی عێراق بریتیه‌ له‌ 160 ملیار به‌رمیلی دڵنیایی و نزیكه‌ی 360 ملیار به‌رمیلی خه‌مڵێنراو و به‌مه‌ش سێیه‌م وڵاتی یه‌ده‌گی نه‌وته‌ له‌دوای سعودیه‌ و ئێرانه‌وه‌ و غازی سروشتی كه‌ یه‌ده‌گی عێراق بریتیه‌ له‌ 112 تریلیۆن مه‌تر سێجا و به‌مه‌ش عێراق ده‌یه‌مین وڵاتی دونیایه‌.كه‌ دوو سه‌رچاوه‌ی گرنگی وزه‌ن و بوشنه‌ته‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی ده‌وڵه‌تی عێراقی به‌ڕێژه‌ی 95%و جگه‌ له‌ نه‌وت و غازی سروشتی عێراق سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و ده‌وڵه‌مه‌ندی تری نیه‌ بۆ داهات وه‌ك كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار و توانای مرۆیی و و…هتد.هه‌ربۆیه‌ داهاتی عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ پشتیان به‌ستۆته‌ سه‌ر داهاتی نه‌وت، كه‌ ئه‌م داهاته‌ش له‌ ئێستادا و بۆماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵ ده‌بێت له‌ مانگی 6/2014وه‌ نرخی 1 به‌رمیل نه‌وت له‌ 115 دۆلاره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ته‌ سه‌ر كه‌متر له‌ 50 دۆلاری ئه‌مریكی، كه‌ ئه‌م به‌رده‌وام دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌ له‌ جیهاندا بۆته‌ مایه‌ی زیانگه‌یاندنی گه‌وره‌ به‌سه‌رجه‌م وڵاتانی له‌لایه‌ك خاوه‌ن و به‌رهه‌مهێنی نه‌وت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌ وڵاتانی به‌كاربه‌ری نه‌وت،و سه‌رجه‌م گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنه‌كانی دونیاشی خاوكردۆته‌وه‌ و قه‌یرانێكی دارایی گه‌وره‌و مه‌ترسیدار به‌رۆكی جیهانی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌پله‌ی یه‌كه‌م پشت ده‌به‌ستنه‌ سه‌ر داهاتی نه‌وت ئه‌وا زیانی گه‌وره‌یان به‌رده‌كه‌وێت ،ئه‌گه‌ر بۆ مه‌ودای كورتیش نه‌بێت ئه‌وا به‌دڵنیایی له‌ مه‌ودای دووردا زیانی گه‌وره‌ به‌ یه‌ده‌گی نه‌ختینه‌ی پاره‌ی گرانبه‌ها له‌ بانكه‌ ناوه‌ندیه‌كانیاندا و ژێرخانی ئابورییان ده‌گات.
 
•    بۆیه‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ و به‌رده‌وام بوونی ئه‌وا زیانی گه‌وره‌ به‌ عێراق و كوردستانیش ده‌گه‌یه‌نێت.و له‌ ئێستاشدا سه‌ره‌تا مه‌ترسیداره‌كانی ده‌ركه‌وتوه‌، ئه‌وه‌تا ته‌نها داهاتی عێراق بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ڕوات و ناتوانرێت هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزرای و وه‌به‌رهێنان جێبه‌جێبكرێت  و به‌ته‌نها له‌ كوردستاندا نزیكه‌ی 6هه‌زار پڕۆژه‌ له‌كار وه‌ستاون، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا به‌دڵنیایی ده‌وڵه‌ت ناتوانێت سه‌ره‌تایترین خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان بكات و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ڕێگاو بان و كاره‌با و ئاو و ئاوه‌ڕۆو ..هتد.. بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵگایه‌كی نه‌خۆش و نه‌خوێنده‌وار و دواكه‌وتووش به‌رهه‌م دێت..
 

هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌داخه‌وه‌ بۆ بێ پلانی زانستی و ئیداره‌یه‌كی سه‌رنه‌كوتوو و قوڵبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌هه‌موو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق و كوردستانیشدا..ئه‌وه‌تا ته‌نها له‌كه‌رتی نه‌وتدا بڕی 5ر14 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی له‌نێوان ساڵانی 2011-2014 زیان به‌ر عێراق كه‌وتوه‌. و له‌كه‌رتی كاره‌باشدا بڕی 40 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی زیان به‌عێراق كه‌وتوه‌ و بڕی 360 ملیار دۆلاری ئه‌مریكیش زیان به‌عێراق كه‌وتوه‌ له‌ ئه‌نجامی گه‌نده‌ڵی و كاری شۆردنه‌وه‌ی دراوی یاساغكراوله‌نێوان ساڵانی 2006 تا 2014.

•    ئه‌وه‌تا عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی به‌پێی ئاماری  وه‌زاره‌تی پلان دانانی عێراقی له‌ 25/8/2015دا  بریتیه‌ له‌ 36 ملیۆن كه‌س كه‌ ڕێژه‌ 51% نێر و 49% مێیه‌ ، سه‌رۆك وه‌زیران عێراق د. حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ 10/9/2015دا ڕایگه‌یاندا كه‌ ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانیش بریتیه‌ له‌ زیاد له‌ 4 ملیۆن فه‌رمانبه‌ر كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 20% ده‌ستی كار، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ د. احمد چه‌له‌بی  ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی عێراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی په‌ڕله‌مان ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2015دا ده‌بێت عێراق ڕۆژانه‌ بڕی  دوو ملیۆن و 950 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بفرۆشێت به‌ نرخی 45 دۆلاری ئه‌مریكی ئه‌و كات ده‌توانێت كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات كه‌ ساڵانه‌ ده‌گاته‌ 51 تریلیۆن دیناری عێراقیو مانگانه‌ش 25ر4 تریلیۆن دینار ده‌كات..له‌كاتێكدا كۆی نرخی نه‌وتی فرۆشراو بریتیه‌ له‌ 59 تریلیۆن دینار و كاتێك پاره‌ی تێچوونی ده‌رهێنانی نه‌وت بریتیه‌ له‌ 14 تریلیۆن دینار ئه‌وا پاره‌ی ماوه‌ی نه‌وتی فرۆشراو بریتی ده‌بێت  ته‌نها له‌ 45 تریلیۆن دینار، كه‌واته‌ مانگانه‌ عێراق بڕی 5 تریلیۆن دینار ده‌چێته‌ ژێر قه‌رزه‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا قه‌رزی كه‌ڵه‌كه‌بووی سه‌ر عێراق بریتیه‌ له‌ 40 تریلیۆن دینار.