كێشە ناوخۆییەكان بەرهەمی قەیرانی ناسیونالیزمی كوردین!

كۆمەڵگەی كوردی بەداخەوە لەبری رابوونەوەو هەنگاونان بەرەو رێنیسانسێكی گشتگرو هەمەلایەن، رۆژ لە دوای رۆژ لە زۆر رووەوە لەپاشەكشەدایە. هۆكاری ئەو پاشەكشەیەش بە تایبەتی لە رووی مەعنەویەوە پەیوەندی بەو بارودۆخە خراپەوە هەیە كە سیاسەتی كوردی و حیزبی كوردی و نوخبەی سیاسی كوردی لە ماوەی بیست و چوار ساڵی رابردوودا درووستیانكردووە.

دەكرا لە ماوەی ئەم بیست وچوار ساڵەیەدا كورد بە رێنیسانێكی گشتگرو هەمەلایەندا تێبپەڕیایەو بینای كەسێتی تێكشكاوی كوردی بكرایەتەوەو كورد بە كردەوە هەنگاوی بەرەو چوونە ناو مێژووی هەڵبهێنایە كە ئەویش تەنیا لەسەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتدا دەگاتە ئەنجام.

بێگومان هۆكاری ئەم پاشەكشە ئاشكرایەی كۆمەڵگەی كوردی نەك هەر لە باشووری كوردستاندا بەڵكو لە كوردستانی گەورەدا، نەبوونی پرۆژەی نەتەوەییە. دیارە پرۆژەی نەتەوەییش بەرهەمی ناسیونالیزمی خاوەن شووناسە.

بێگومان بزووتنەوەكانی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان لە قەیرانی خنكێنەری نەبوونی بەرنامەو پرۆژەی نەتەوەیدان كە ئەمانەش بەرهەمی ناسیونالیزمێكی پێگەیشتوو خاوەن شووناسن. واتە قەیرانی كۆمەڵگەی كوردی قەیرانی نەبوونی ناسیونالیزمی خاوەن شووناس و پرۆژەو بەرنامەیە.

هۆكاری خەریكبوونی كۆی حیزبەكانی كوردستان بە كێشەی ناوخۆی خۆیان و كێشەیان لەگەڵ یەكتری دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ ئاسۆیەكی ئایندەیی چونكە ئاسۆی ئایندە بە گوێرەی حیزبی نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، تەنیا سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتە. نەبوونی ئاسۆو بەرنامەی ئایندەیی لای كۆی حیزبەكانی كوردستان، بەرەو لادان و لەرێگادەرچوونی بردوون و كۆی كێشەكانی ناوخۆی كوردستان دەرئەنجامی ئەو لادان و لەرێگادەرچوونەیە.
 

بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناكرێت لە سایەی كۆی حیزبەكانی ئێستای كوردستانی گەورەدا كورد هەنگاوی بەرەو چوونە ناومێژوو بنێت. ئەم حیزبانەش لەبەرئەوەی پرۆژەی ئایندەییان نیەو ئاسۆی ئایندەشیان زۆر تەسكە بۆیە لەبری ئاراستەكردنی خۆیان و كۆمەڵگەش بە ئاراستەی دەرەوەو بەرامبەر بە داگیركەرانی كوردستان، هەم خۆیان بە ململانێ ناوخۆییەكانیانەوە خەریك كردووە هەم كۆمەڵگەشیان لە نێوان ململانێكانی خۆیاندا دابەشكردووەو ئەوەش نەك هەر یەكێتی نەتەوەیی بەرەو رووخاندن بردووە، بەڵكو ئاشتی كۆمەڵایەتیشی لە كوردستاندا خشتۆتە بەردەم مەترسیەوە.