قەیرانی دارایی یۆنان و وانەكانی بۆ كوردستان

یۆنان و هەرێمی كوردستان دوو وڵاتی جیاوازن لە دوو جوگرافیای جیاوازدا، بەڵام قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لە یۆنان و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان زۆر لە یەك دوور نین، بگرە هۆكار و سەرچاوەكانیان چوونیەكن.

تا ساڵی 2009، یۆنان وڵاتێكی جوان و سەرنجڕاكێشی كەناری دەریای ناوەراست بوو، ئەو وڵاتەی كە دیمەنە جوانەكانی دەریای شین و مێژووە دەوڵەمەندەكەی هەستی هەموو گەشتیارێكی دەهەژاند، تا ئەو كاتەی لە ناوەراستی ساڵی 2009 حكومەتەكەی جۆرج پاپاندێرۆ خەمڵاندنەكانی بۆ كورتهێنانی بودجەی حكومەت لە 6% ەوە بەرزكردەوە بۆ 12% و لە كۆتایی هەمان ساڵیشدا بۆ 13.6%. تا ساڵی 2011 قەرزەكانی یۆنان گەیشتە ژمارەی خەیاڵی 327 ملیار یۆرۆ كە دەیكردە 140%ی هەموو داهاتی نیشتمانی و لە ساڵی 2012 شدا بەرز بووەوە بۆ 340 ملیار یۆرۆ، واتا 160%ی كۆی داهاتی نیشتمانی. بەڵام یۆنان چۆن ئەو هەموو قەرزەی لەدوای یەك كەڵەكە كرد؟

حكومەتێكی دیمۆكرات و خەڵكێكی سۆشیاڵ
لە ساڵی 1974دا حكومەتێكی دیمۆكرات لە یۆنان هاتە سەركار و دەستی بە چەندین گۆڕانكاری گەورە كرد، لەوانەش بەرزكردنەوەی مووچەی كارمەندان و مووچەی خانەنشینی و بەرزكردنەوەی خەرجییەكانی تەندروستی و هەروەها زیادكردنی كارمەندانی حكومی و كەرتی گشتی، لەبەر ئەوەش خەڵكی یۆنان راهاتوون بە حكومەتێكی گەورە و فراوان كە خەرجییەكانی لە ئاستێكی بەرزدایە.

سیستەمی كۆكردنەوەی باج
یۆنان بەوە ناوبانگی دەركردووە كە سیستەمێكی زۆر ئاڵۆزی كۆكردنەوەی باجی هەیە، لەبەر ئەوەش كۆمپانیاكان و بازرگانان و هەروەها هاووڵاتیانیش دەتوانن خۆیان لە پێدانی باج بدزنەوە. وا خەمڵێندراوە كە لە ساڵی 2011دا حكومەتی یۆنان بڕی 30 ملیار یۆرۆ تەنیا لەبەر شكستهێنانی لە كۆكردنەوەی باج زیانی دارایی لێكەوتووە، ئەو رێژەیە لە ئەمساڵدا گەیشتووەتە 82 ملیار یۆرۆ كە دەكاتە %40ی كۆی داهاتی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.

كولتووری نەدانی باج
یۆنان نموونەیەكی هەرە زەقی خۆدزینەوەیە لە باج، هۆكارەكەشی كولتوورێكە كە دەگەڕێتەوە بۆ حوكمكردنی ئەو وڵاتە لەلایەن بیانییەكانەوە. لەسەدەی 19داو لە كاتی فەرمانڕەوایی عوسمانییەكاندا، خەڵكی یۆنان نەدانی باجیان وەك ئامرازێكی بەرگری و نیشتمانپەروەی سەیر دەكرد، دواتر ئەو كولتوورە گوازرایەوە بۆ سەدەی 21 و ئێستاش یۆنانیەكان لەبەر ئەوەی پێیانوایە دەسەڵاتدارەكانیان خزمەتگوزاریی باش پێشكەش ناكەن، لە دانی باج هەڵدێن و بۆ ئەوەش فرت و فێڵی زۆری یاسایی و نایاساییان دۆزیوەتەوە.

داهاتی نیشتمانی و تاكەكەس
یۆنان لە هەموو بوارێكدا وەك وڵاتانی دیكەی ئەوروپی: ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتالیا گەشەی نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی داهاتێكی تاكەكەسیی زۆرە كە گونجاو نییە لەگەڵ ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە و هاووڵاتیانی. داهاتی تاكەكسی لە یۆنان ساڵانە 29 هەزار دۆلارە كە بە پلەی 17 دێت لەناو 27 وڵاتی ئەوروپیدا، كەچی لە ئەرزی واقیعدا، هەر تاكێكی یۆنانی ئەوەندە بەرهەمی نییە، ئەوەش كورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتەی لێكەوتووەتەوە كە ساڵ بە ساڵ زیادی كردووە و لەبەر ئەوەش ناچار بووە بڕواتە ژێر باری ئەو قەرزە زەبەلاحە.

دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان
حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت ئێمەی هاووڵاتیش هەمان هەڵەی حكومەت و گەلی یۆنان دووپات دەكەینەوە. لە چەند ساڵی رابردوودا و لە كابینەكانی پێشوودا بە لێشاو خەڵك لە كەرتی گشتی و حكومیدا دامەزراون كە بۆ دابینكردنی مووچەكانیان بە مووچەی خانەنشینیشەوە، بەتەنیا پێوستی بە مانگانە 750 ملیۆن دۆلارە و كەم حكومەت هەیە بەرگەی ئەو بارگرانییە بگرێت. پێویست بە گوتنیش ناكات ئەو هەموو دامەزراندنە لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە نەبووە كاروباری وڵات بە رێكوپێكی بەڕێوەبچێت، وەك دیارە تەنیا بۆ كڕینی دەنگی هاووڵاتیان و كۆكردنەوەی جەماوەر و لایەنگری حیزبی بووە.

سروشتی سۆشیاڵ لە هەرێمی كورستان
هاوشێوەی یۆنان، كەلتووری سۆشیالیش لە كوردستان رەگی خۆی داكوتاوە و بەو ئاسانییە ناگۆڕدرێت. ئێمەش وەك هاووڵاتیانی یۆنانی حەزمان لێیە كەم كاربكەین و خۆمان زۆر ئەزیەت نەدەین و مووچەی باش وەربگرین و ژیانێكی خۆش بەسەر بەرین، چونكە ئاو و كارەبامان بەنرخێكی كەم پێدەدرێ و تەنانەت خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانیش هەر بە بەلاش پێشكەش دەكرێن ئەگەر تاقەتمان هەبێ لە نەخۆشخانە حكومییەكاندا لە ریزەكان راوەستین، هەڵبەت ئەگەر بە كواڵیتی ئەو خزمەتگوزارییانە رازی بین. ئێمەش وەك یۆنانییەكان حەزمان لە سۆشیالە و ئامادەش نین هیچ باجێك لەسەر مووچەكانمان یان داهاتەكانمان بدەین.
 
خەرجییەكانی حكومەت
حكومەتی هەرێمی