پیاوێک ھەمیشە تووڕە و پڕ لە تێڕامان و بێدەنگی، بە چاویلکەیەکی خڕ و عەلاگەیەک کتێب و دەستنووس و ھەندێ جار بە ڕیش و سەرێکی ماشوبرنجییەوە، ڕۆژانە بە شەقام و بازاڕ و پارکەکانی شاردا بەھێمنی و باوەشێک خەمەوە، پیاسە دەکات. تووڕەبوونەکانی ناخی، بێدەنگییەکی قوڵی پێ بەخشیوە، ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە سیمایدا ھەن، بوونەتە ناسنامەی ئەو، بەم تایبەتمەندییانەوە ھەر پیاوێکت بینی دەتوانیت بێ دوودڵی بڵێیت ئەوە خۆیەتی، ئەوە نووسەری کتێبەکانی (گۆران و ئەدەبی ئینگلیزی و نوور بەخشی و مەحمود خانی دزڵی و بەڵگەی زیندوو)ە، ئەو پیاوەی لە ھیچ کەس و نووسەرێکی تر ناچێت.
ژیان بە جۆرێک ئەم نووسەرە کوردەی تۆراندووە، تەنانەت نووسین و کتێبیش ناتوانێت ئاشتی بکاتەوە. ھەر کە پرسیاری بەرھەمی نوێی خۆی لێ دەکەیت، ڕستەیەکی ھەیە بە دڵێکی شکاوەوە دووبارەی دەکاتەوە: “لەدوای ڕاپەڕین و لە سەردەمی ئازادیدا، ھیچ دەزگایەکی چاپەمەنی لاپەڕەیەکیان بۆ چاپ نەکردووم”. ئەمە لە کاتێکدا ئەو ھاوڕێ و دۆست و نزیکی زۆر لە بەرپرسانی ڕۆشنبیری و کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی کوردە، بەڵام ئەو دەروونبەرزییەی لەم مرۆڤەدا دەبینرێت، مەگەر بەس لە پاڵەوانی نێو ڕۆمان و تێکستە ئەفسانەییەکان گریکەکاندا ھەبێت.
لەگەڵ ئەوەی ٥٦ ساڵە وەک زێوانێک لە ماڵی وشە و فەرھەنگی کوردیدا خەرمانێک بەرھەم و کتێبی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە نائومێدیی نووسین، بێدەنگییەکی پڕ لە تووڕەبونی پێ داوە و بە جۆرێک دڵشکاوە، ھەست دەکەیت نایەوێت لەگەڵ کەس بدوێت و تەنیا لەگەڵ ناخ و خەمەکانی خۆیدا ھاوڕێ بێت.
نزیکەی بیست ساڵە دەیناسم، پەیوەندیمان پەیوەندیی پرسیار و زانیارییە، لەو ماوەیەدا بیرم نایەت لەسەر ھەر نووسەرێکی کورد، کەسایەتیەک، ڕووداوێکی مێژوویی، کتێبێکی کۆن، دەستنووسێک، پرسیارم لێ کردبێت و دونیایەک زانیاریی لەسەر نەوتبێت. کەم نووسەری کوردم بینیوە ھێندەی عومەر مارف بەرزنجی خاوەن گەنجینە و یادەوەریی بەھێز بێت. (گۆران)ناسێکی بەسەلیقەیە، زۆر شتی نەزانراو لەسەر عەبدوڵڵا جەوھەر و پیرەمێرد و نەجمەدین مەلا و گیو موکریانی و شاکر فەتاح و ئەمین زەکی بەگ و تۆفیق وەھبی و عەلادین سەجادی و شێخ مەحمودی حەفید دەزانێ. لەئێستاوە خەم بۆ ئەو ساتانە دەخۆم کە دەمرێت، ئەوسا دەزانین کورد چ خەزێنەیەکی گەورەی لەدەست داوە، کە ڕەنگە بەشێکی زۆری ئەو گەنجینە زانیارییانەی وەک زۆرێک لە لاپەڕە پەرشەکانی مێژووی نەتەوەکەمان، بۆ ھەتا ھەتایە بە ونبوویی بمێنێتەوە.
نوور بەخشی
شیعرە ونبووەکانی مەلیک
چەندین ساڵ بوو لای زۆر کەس باسی کۆمەڵێک لە شیعری بڵاونەکراوەی شێخ مەحمودی حەفید دەکرد، دەیان جار گوێم لێ بووە، ھاوەڵانی پێیان گوتووە: شێخ عومەر بۆ کۆیان ناکەیتەوە لە کتێبێکدا؟ ئەویش دەیگوت: “خەریکم و نامەوێت پەلەی لێ بکەم.” ھەر واشی کرد. بۆ یەکەمینجار لە چوارچێوەی کتێبێکدا بەناونیشانی (نوور بەخشی، شیعرەکانی مەلیکی کوردستان شێخ مەحمودی بەرزنجی) لە ساڵی ٢٠٠٦ چاپ و بڵاو کردەوە.
بە خوێندندوەی دیوانەکەی شێخ مەحمودی حەفید دڵخۆش بووم، ھەرچەندە ڕۆشنبیرانی کورد لەو سەردەمەدا ڕەخنەیان لە شێوازی دەوڵەتدارییەکەی شێخ مەحمود ھەبووبێت، بەڵام سەرۆکێکی کورد لەو سەردەمە تاریک و پڕ کێشەیەدا، شیعری نووسیبێت و خەریکی دونیای ئەدەب بووبێت بۆ من جێگەی دڵخۆشییە. بەدەر لەو دیوانە، ھەر جارێک پرسیاری شێخ مەحمود و ھەڵوێستە سیاسییەکانیم لێ کردبێت، زۆر ھەڵوێستی مەردانە و نەتەوەییانەی شێخی بۆ باس کردووم، کە رەنگە ھەندێ کەسی تر نەیزانێت، یان نەیەوێت ئاماژەی پێ بدات. جگە لەوە، لە چەند نووسین و کتێبێکی تریشیدا، عومەر بەرزنجی لەسەر لایەنە جیاواز و گەشەکانی شێخ مەحمود ھەڵوەستەی کردووە، یەکێک لەوانەش لە کتێبی (بەڵگەی زیندوو، کۆمەڵێ بابەتی زیندوو سەبارەت بە ئەدەب و مێژوو) چەند نامەیەکی نێوان شێخ مەحمودی حەفید و مارشاڵ براتۆڤی فەرماندەی سوپای قەیسەری رووسەکان لە ساڵی ١٩١٦ بڵاو کردووەتەوە، لەو نامانەدا، ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەلیکی کوردستان بەڕوونی دەردەکەوێت، لێرەدا وەک خۆی دوو نامەی نێوانیان بڵاو دەکەمەوە:
نامەیەک لە مارشاڵ براتۆڤ، فەرماندەی ھێزەکانی ڕووسیای قەیسەر بۆ سەرۆکی ھێزی کوردان، شیخ مەحمودی بەڕێز:
شەڕکردنتان لەگەڵمان و یارمەتیدانتان بۆ تورک، کە دوژمنی ھەردوو لامانە، بە زیانی خۆتان کۆتایی دێت، ئێمە چاومان نەبڕیوەتە وڵاتی ئێوە، تەنھا ئامانجمان دەرکردنی تورکە ستەمکارەکانە لە ھەموو زەویی ڕۆژھەڵاتدا، یارمەتینەدانتان بۆ تورک، کردەوەیەکی چاکە بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و سەربەخۆییتان، ئێمەش ئامادەین