بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی باشووری كوردستان بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی بانكی ناوەندی عێراق ئێستا زیاتر لەو 75 ملیۆن دۆلارە دەخاتە بازاڕەكانەوە، كە لە پڕۆژە بودجەی ئەمساڵ دیاریكراوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكان پاڵپشتە بە چەند هۆكارێك كە یەكێكیان بریتییە لە كەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەپێی ماددەی 50 لە یاسای بودجەی 2015ی عێراق، بانكی ناوەندی ناچاركراوە بەوەی رۆژانە تەنها 75 ملیۆن دۆلار لە رێگای كاش و حەواڵەوە بخاتە بازاڕەكانەوە.
دوای پەسەندكردنی بودجە، ئەنجوومەنی وەزایرانی عێراق تانەی لە 19 ماددەی پڕۆژە بودجەی 2015 دا، یەكێك لەو ماددانە ماددەی 50 بوو كە تایبەتە بە فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، بەڵام تا ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق هیچ بڕیارێكی نەداوە لەسەر ئەو 19 ماددەیەی كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزایرانەوە تانەی لێدراوە.
ئێستا بانكی ناوەندی پابەندی ماددەی 50ی یاسای بودجە نابێت و رۆژانە نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەكانەوە، لەپێناو پاراستنی بەهای دینار لە بازاڕەكان، بەڵام ئەمە كاریگەری ئەوتۆی دروستنەكردووە و دۆلار رۆژ لەدوای رۆژ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
هۆكارێكی دیكە خراپی دۆخی ئەمنی عێراقە بەهۆی ئەوەی ناسەقامگیری لە بازاڕەكان دروستبووە و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران ترسیان لە خستەڕووی سامانەكانیان هەیە لە بازاڕەكان، بەمەش قەبارەی دۆلار كەمبووەتەوە، هەروەها خراپی دۆخی ئەمنیش كاریگەری لەسەر سنوورەكانی عێراق دروستكردووە، بەهۆی بردنەدەرەوەی بەشێك لە دۆلار لە رێگای سنوورەكانەوە بە شێوەی قاچاخ.
لەلایەكی دیكەوە بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی جیهان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە بەرامبەر بە دراوەكانی دیكە، ئەمەش پەستانێكی زیاتری خستووەتە سەر بازاڕەكانی عێراق و كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی دۆلار دروستكردووە.
سوودمەندی ئەو دۆخەی ئێستا حکومەتی ناوەندی عێراقە، چونکە نزیکەی سەدا 90ی داهاتی عێراق بە دۆلارە ئەمەیش لە رێگای فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت.
بانکی ناوەندی عێراق بەشیک لەو دۆلارە لە بازاڕەکان دەفرۆشێت، بەشێکی دیکەشی ئاڵوێر پێدەکات بۆ دینار، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و دابینکردنی پارە بۆ پرۆژەکان. سوودی حکومەتی عێراق لەو پرۆسەیە بریتییە لە کەمکردنەوەی ئەو قەبارە گەورەیەی کورتهێنانی بودجە کە زیاتر لە 25 تریلۆن دینارە.
لە لایەکی دیکەوە گرفتێکی دیکە بۆ عێراق هاتووەتە پێش ئەویش کەمبوونەوەی داهتی نەوتە، بەجۆرێک لە ساڵی رابردوودا هەر بەرمیلێک نەوت لە ئاستەکانی 100 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە ئێستا نرخی نەوتی عێراق لە خوار ئاستەکانی 55 دۆلارە، ئەو نرخەش کەمترە لەو نرخەی کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە لە پڕۆژە بودجەی 2015ی عێراقدا.
عێراق بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە پلانی دانابوو، بەشێکی بە قەرزی دەرەکی لە بانکی ناوەندی جیهانییەوە پڕبکاتەوە، بەشێکی دیکەشی لە رێگای پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلارەوە بێت. لە مانگی 12ی ساڵی 2014 هەر 100 دۆلارێک لە بازاڕەکان بەارمبەر بوو بە ئاستی 122 هەزار دینار، بەڵام لە 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەر 100 دۆلاریک بەرامبەرە بە نزیکەی 143 هەزار دینار بەمەش حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ لە هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 15 هەزار دینار قازانج دەکات و کۆمپانیاکانی دراویش نزیکەی 5 هەزار دینار قازانج دەکەن.
ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی دۆلار زۆرترین زیان بە چینی مووچەخۆرانی دینار دەگەیێنێت، بەهۆی ئەوەی زۆرترین ئەو كەلوپەلانەی لە بازاڕەكانی كوردستان هەن لە دەرەوە هاوردەدەكرێن و بە دراوی دۆلاریش سەرجەم ئەو شتومەكانە هاوردەدەكرێن، بۆیە بازرگانان ناچاردەبن بە نرخێكی زیاتر هاووڵاتیانیان بفرۆشنەوە.