وا پێویستە، هاوڵاتیانی وڵاتی نەوت، ئاسودەو خۆشگوزەران بن، هەموو پێداویستیەكانی ژیانیان بۆ دابینكرابێت، ئەوان برسیو بێكارو نەخۆش نەبن بەو مانایەی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەرانو پێشكەوتووبن. پێشبینیدەكرێت لەو وڵاتانەدا باشترین كوالێتی دەرمانو بەرزترین شێوازی خوێندنو لقی زانستە نوێیەكانی خوێندن لەزانكۆكانیاندا هەبێتو زیرەكترین پزیشكو باشترین پرۆسەی پەروەردەو كارگە گەورەكان هەبێتو پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا لەم وڵاتانەوە بەرەو زۆرینەی وڵاتانی دنیا ڕەوتی بگرتایە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەوڵاتانی نەوتدا دەیبینی لەوڵاتە بێنەوتو بێسامانە سروشتیەكاندا نایبینی ئەوەندەی لەوڵاتی نەوتدا، پارەو سەروەتو سامانی هەڵتۆقیو دەوڵەمەندو سەرمایەداری لەناكاو و شەخسی خاوەن بلۆكی نەوت دەبینرێت ئەوەندە كۆمەڵگای بەختەوەر نابینیت، لەزۆرینەی وڵاتی نەوتدا كەرامەتی مرۆڤەكان دەشكێنرێت، لەكەم وڵاتی تردا وایە.
هەمیشە لەزۆرینەی وڵاتانی نەوتدا هاوڵاتیەكانیان دەخڵافێنن بەپرۆژەی پچكۆلەو ووردیلە، بەنەخوێندەواریو هەژاری بەنەخۆشیو بێئاگاهی بەو مەبەستەی بێئاگابن لەدنیا. ئەمە كەلتووری زۆرینەی زۆری وڵاتانی نەوت فرۆشە بەتایبەتی نەوت فرۆشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویاندا وڵاتانی عەرەبو عێراقو هەرێمی كوردستان.
لەهەرێمی كوردستانیش لەگەڵ ئەوەی رۆژانە كنەو پشكنینی نەوت لەزیادبووندایەو داهاتی نەوتیش فراوانترو شاراوەتر دەبێت، ئێستا لەكوردستان فرۆشتنی نەوت نهێنییە نەك هاوڵاتیان بەڵكو زۆرینەی بەرپرسە گەورەكانیش بێئاگان لەداهاتو سەرمایەو عەقدەكانی نەوتی هەرێم. باسی ئەوەدەكەن گوایە ئەم داهاتە دەخرێتە خزمەت هاوڵاتیانو زانكۆكان بەڵام لەبەرامبەردا نەژیانی هاوڵاتیان خۆشگوزەرانە نەزانكۆكانیش پر زانستی نوێو سەرجەم پێویستیان بۆ دابینكراوە!
خەمی وڵاتانی عەرەب بۆ خۆیان چۆن هەڵسوكەوت بەنەوتەوە دەكەن، بەڵام خەمی چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن بەنەوتەوە لەهەرێمی كوردستاندا بۆ هەموومانە. هاوڵاتیان بێئاگان لەسیاسەتو ستراتیژو دەرهێنانو داهاتی نەوتی هەرێم، ئەمە ئەو مەسەلە سیاسییو ئابوورییەیە كە پێویستە هەمووان زانیاریمان لەسەر سامانی سروشیوداهاتی نەوت هەبوایە، تا باوەڕو متمانەمان بەبازرگانیكردن بەنەوتەوە هەبوایە، سیاسیە ئیداریەكانی هەرێمی كوردستان زۆر بەمنەتو بەگرنگیەوە باسی فرۆشتنو نەزاهەتی ئەم بازرگانیە دەكەن كە چەند كەسێك لێی بەرپرسو سوودمەندە!!
كاتێك باسی گرنگی فرۆشتنی نەوتو سامانی سروشتی دەكەن بەو نرخەی كە خۆیان مەبەستیانەو خەمیان لەهەرزانبازاركردنی نییە، لەهەمانكاتدا باسی گەشەپیدانی هەرێمی كوردستانیش دەكەن، ئەگەر بپرسین بەرێگاوبانی پڕتاسەو قیری هەڵوەشاوەدا یان بەدرزی دیواری قوتابخانەكاندا یان بەنەخۆشخانە بێدەرمانەكاندا یان بەئاستی لاوازی زانكۆكاندا یان بەناكوالیتی یاری مناڵاندا یان بەناشیاوی باخچەی ساوایاندا یان بەپرۆگرامی خوێندندا یان بەشێوەی خراپی ژیانی بەساڵاچواندا یان بەنەبوونی كارگە نوێیەكاندا یان بەپانتایی زەویە وشكایەكانماندا، بزانین داهاتی نەوت بۆ گەشەپێدانو خزمەتگوزاریە لەهەرێمی كوردستانە؟.
لەبەرامبەر ئەوەی ئێمە وڵاتی نەوتین بەڵام چونكە داهاتەكان بۆ بەرژەوندی گشتی بەكارنایەتو هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە ناتوانن لێی سودمەندبن كاروپیشەی باشیان لەسایەیەدا هەبێت، حكومەت نەیتوانیوە پرۆژەی بەهێزی لەسەر داهاتی نەوت بنیاتنابنێت، هەر بۆیە وەكو چاوبەست سلفەكانی هاوسەرگیریو خانوو و قەرزی پچوك دەهێننەوە بەنمونە، كە هەموان دەزانین ئەو پارانەش لەسەر داهاتی نەوت نیە بەڵكو لەبەغداوە بۆمان دێت.
ئەم بەخشینو ئەم پرۆژانە ناكرێت ئەوەندە بەگرنگ بزانین چونكە وڵاتی ئێمە ولاتی نەوتە دەكرا ئەوەندە پرۆژەی بازرگانیو كارگەی گەورەمان هەبوایە، حكومەت پروژەو كارگەی وای هەبوایە هاوڵاتیان لەسایەیدا خاوەنی كارو داهاتی باش بوایە، ئەوەندە كەم كەس پێویستی بەوەرگرتنی سلفەی حكومەت هەبێت، ئەگەر سلفەكان بدەینە بەرپرسانو نەوتەكەش بدەینە هاوڵاتیان ئەوكات هاوكێشەی گەشەپێدانو خۆشگوزەرانی یەكسان دەبێت.
سەرچاوە : هاوڵاتی