بۆچی نابێت پارە لە بانك دابنێین؟

بۆ ئەوانەی هێشتا متمانەیان بە بانكەكان ماوە، ئەگەر ئێستا یان لە داهاتودا پارەت هەبوو، لە بانك دایمەنێ (بەتایبەت ئەوانەی كە وەبەرهێنان دەكەن، بۆ نمونە قەرز دەدەن) تەنیا لە یەك كاتدا نەبێت كە لە كۆتاییدا باسی دەكەم. هۆكارەكانی ئەمانەن:

• دەزگایەكی سەربەخۆ نییە لە هەرێمدا دەستەڵاتەكانی بانكی ناوەندیی هەبێت و بەرپرسیارێتی پاشەكەوتكەران لە ئەستۆ بگرێت، تەنیا ناوێك هەیە كە لە ناوەرۆكدا شوێنێكی دیكەیە بۆ كۆكردنەوەی هەندێك لە كارمەندانی حكومەت.
 
• حكومەتی هەرێم خۆی ناتوانێت قەرزەكانی خۆی بداتەوە، چجای ئەوەی قەرز بۆ بانكەكان لە كاتی ئیفلاسكردنیان دابین بكات. حكومەتی هەرێم مافی چاپكردنی پارەشی نییە.
 
• تا ئەو شوێنەی من ئاگادار بم، هیچ یاسایەك نییە ڕێ لە حكومەت بگرێت حسابەكەت بە تاڵ نەكاتەوە، كەی ویستی دەتوانێت چی لە حسابەكەتدایە ڕایبكێشێت.
 
• زۆربەی بانكە ئەهلییەكانی كوردستان لە سایەی یاساكانی بانكی ناوەندیی عێراقدا دەجوڵێنەوە و سەر بە ناوەندن. كە هەڵهاتن، حكومەتی هەرێم ناتوانێت هیچیان لەگەڵ بكات، وەك چۆن ناتوانێت بەشە بودجەی هەرێم وەربگرێت.
 
• بانكی ناوەندیی عێراق بەرپرسیارێتی مایەپوچبونی بانكەكانی هەرێمی لە ئەستۆ نەگرتووە. لە وڵاتێكی وەكو ئەمەریكا، بانكی ناوەندیی هەتا 250 هەزار دۆلار (بۆ هەر ئەمەریكییەك) لە ئەستۆ دەگرێت ئەگەر بانكەكە توشی مایەپوچبوون بوو.
 
• حكومەتی عێراقیش حكومەتی كەمینەیە، كێ دەتوانێت لەسەر ئیفلاسكردنت بەرۆكی حكومەتی كەمینە بگرێت؟
دەشێت یەكجار بانك توشی ئیفلاست بكات، بەڵام زۆر بە ئازار دەبێت. سەدەی بیست پڕە لە ئەزمونی هەڵهاتن لە بانكەكان، میلیۆنان مرۆڤ توشی زەرەر بوون و كەس نەبوو ئازارەكەیان لەگەڵ بەش بكات.

بۆیە هەتا بانكی ناوەندیی بە فەرمی ڕاینەگەیەنێت كە بەرپرسە لە پاشەكەوتی خەڵك، باشترە پارەكەت لای خۆت بێت، ئیدی با ئابوریناسان بۆ خۆیان هەر بڵێن:” ئەمە مراندنی پارەیە و زیان بە وەبەرهێنان دەگەیەنێت”.