زۆربەمان كاتێك بەرەو رووی كێشەكانی ژیانمان دەبینەوە راستەوخۆ چەند پرسیارێك بە خیاڵماندا دێت وەك:
1. ئایا ئەم كێشە ئازارم دەدات؟
2. ئایا رێگاچارەكەی دەزانم؟
3. ئایا ئەتوانم رێگا چارەكەی جێبەجێبكەم؟
4. ئایا دەتوانم بەردەوام بم لەسەر ئەوچارەسەرە؟
پرسیاری یەكەم و دووەم روون وئاشكران و لەبابەتەكانی پێشوودا كەم تا زۆر باسمان لیكردووە، بەڵام دەمەوێت لەم بابەتەدا جەخت لەسەر ئیرادەی بەدیهێنانی چارەسەرەكە بكەم وچۆنێتی بەردەوام بوون لەسەری.
ئیرادەو توانای مرۆڤ بریتیە لەهێزی بەرگریو بنیاتنان لەناخی مرۆڤدا، كە ئاراستەی هەڵوێستو كردەوەكانی دەكات. كەوابێت لە بواری ئیرادە و ویستی مرۆڤدا بە دەوری ئەم چەمكانەدا دەخولێینەوە “هێز، بەرگری، بنیاتنان، ناخ، هەڵوێست، كردەوە، ئاراستە.”
ئەگەر لەم چەمكانە ورد ببینەوە ئەوا بۆمان دەردەكەوێت نەك تەنها لەسەر ئاستی تاكدا ئیرادە پێكدێنن، بەڵكو لەسەر ئاستی كۆمەڵگاشدا ئیرادەو ویستی ئەو كۆمەڵگایە پێكدێنن. بۆیە هەر تاكێكو هەر كۆمەڵگەیەك بێهێزبوو و توانای بەرگریو خۆراگری نەبوو و بنیاتنەر نەبوو لەناخی ئەو تاكەو لە هزریەوە زیندوو نەبوو ئەوا بێگومان هەڵوێستو كردەوەكانیش بە ئاراستەی نەشیاو و نادروستدا تێدەپەڕنو پاشان چەندین قەیرانی لێدەكەوێـتەوە.
كەوابێ ئیرادە پێوەری زیندوویەتی مرۆڤەو بەڵگەیە لەسەر مانو نەمانی ئەو تاكە یان ئەو كۆمەڵگایە، بۆئەوەی ئیرادەمان هەبێتو بوونی خۆمان بسەلمێنین پێویستە ئەم هەنگاوانە بنێین:
1. دڵنیابوون كە كێشەكە لە بوونو نەبوونی تونادا نیە، بەڵ:و لە متمانەی ئێمەدایە بەو توانایانە كە خوای گەورە بە هەموو كەسێكی بەخشیووە هەریەكە بە جۆرێك.
2. بە خۆماندا بچینەوەو واقیعیانە خۆمان بناسێنین بۆئەوەی بزانین ئێستا چیمان لە توانادا هەیەو بۆ ئایندە چۆن بووەو بە تواناكانمان بدەینو بیاندۆزینەوە.
3. لە تاقیكردنەوەو ئەزموون نەترسین بە جورئەتەوە بەرەو ڕویان ببینەوە، چونكە ئەوانەن كە داماندەتاشن.
4. سەختیو نارەحەتیەكانی ژیانمان بەرز بنرخێنینو سوود و پەندەكانیان فێربین، چونككە ئەوانەن كە خۆمانو توناكانمان پێ ئەناسێنن.