خۆزگە قالەش دڵسۆزێكی هەبوایە!

 یادەوەرییەكانی سلێمانی
كۆمەڵێك یادەوەریی دێرینی شاری سلێمانییە، خاتوو گەزیزە دەینوسێت.
 

قالە ئەو كوڕە سەر زلە قەڵەوە بو هەمیشە سەری سفر دەكرد و گەلێ جاریش تاڵە موەكانی قژی ڕەش ڕەش لەسەر پێستی سەرە ئەستورەكەیەوە  دەهاتنەوە، منداڵانی گەڕەك كە قالە دەردەكەوت خێراو بە ڕاكردن بە( قالە شێت ) بەدوای دەكەوتن و هەرزەكاراكانیش بە پێكەنینەوە چەند قسەیەكی كوڕانەیان پێ دەوت، من ئەو كاتە هیچ لێی تێ نەدەگەیشتم .. منداڵە چەتونەكانی گەڕەكیش بەردە بارانیان دەكرد و ئەویش سەرە پانەكەی دەكێشا بەدیوارەكەدا تا وای لێ دەهات خوێن سەرو چاو و جلەكانی سور دەكرد، ئەوەی بۆ من جێی پرسیار بو، باشە چۆن هەست بە ئازار ناكات؟! ئەو هەمیشە كراسێكی لەبەر دەكردو قۆپچەكانی پاش و پێش دادەخست و لە ژێرەوە فانیلەكەی بەری دەردەكەوت و بە گەرما وسەرما چاكەتێكی پان و پۆڕی قۆڵ درێژی بەسەرا لەبەر دەكرد و شەرواڵێكی بە بەنەخوێن بەستراو   بە كورت و درێژی دەهاتە خوارەوە، كە ئەم وشانە دەنوسمەوە خەیاڵم دەم بات بۆ ئەو ساتەی  كە خوای گەورە كوڕێكی داوە بەو دایك و باوكەی داخۆ لە چ خۆشیەكدا نوقڵیان بەخشیبێتەوە؟ دەبێ لە شەوی بانگ هەڵدان بەگوێی  قالەدا دڵی ئەو خیزانە  چۆن شا گەشكە بوبێت؟ وەلێ ڕۆژگارێك دێت كەس دەربەنی ئەم كۆڕە گەنجە نیە و دەكەوێتە سەر شەقامەكان؟! ڕۆژانە بە منداڵی ئەم شانۆییەی قالەمان لە كۆڵانە جیا جیاكانی گەڕەكی سابون كەران دەبینیەوەو جاریش هەبوە بەڕاكردن خۆمان گەیاندۆتە ماڵەوە تا بەر بەردە بارانەكەی قالەی داماو نەكەوین كە بۆدایكممان دەگێڕایەوە  ئەویش  دەیوت:  نەگبەتە ئەگەر دڵسۆزی هەبوایە دەیان بردە( شەماعیە) من هیچ لەو وشەیە تێ نەدەگەیشتم بەڵام ئەوەندەم دەزانی كە ئەوە ماڵی شێتەكان بوو.. ئێستا كە بیر دەكەمەوە  ئەوە چ ڕۆشنبیریەك بوە كە بەوە شێوەیە مامەڵە لەگەڵ كەسێكی نەخۆشدا كراوە؟ ئەوە چ پەروەردەیەك بوە لەكلتوری ئێمەدا ؟ پاش بیست ساڵ  كە چومە بەغدا بۆ خوێندن لە كۆلیج  وانەی دەرون  زانیمان  هەبو مامۆستا (قاسم حسین ساڵح)ی  دەرونناس پێی دەوتین لە سەردانێكدا كە بۆی ڕێكخستین بردیینیە( ئەبو غریب) بۆنوسینی ڕاپۆرت لەسەر  ئەوانەی كە توشی نەخۆشی دەرونی بون كە گەیشتینە ئەوێ گوێم لە وشەی ( شەماعیە ) بو قوتابیەكان لە بەینی خۆیاندا  باسیان دەكرد  ڕاستەو خۆ دەنگی دایكم هاتەوە گوێم دیارە ئەمە  ئەو شەماعییە یە!، شوێنەكە زۆر گەورەبو  قاوشی ژنان و پیاوان لە یەك جودا بون دنیایەكی زۆر نائاسایی كە دەتوانم بڵیم ئەم سەردانە یەكێك بولە هەرە شتە سەیرو جیاوازەكانی ژیانم كە هەرگیز بیرم ناچێتەوە نە لە نوسینەكانمدا ونە لە ژیانی تایبەتیمدا، پاش گەڕانێكی زۆر چوینە قاوشێكەوە كابرایەكم بینی لە گۆشەیەكدا كزۆڵەی كردبو جامانەیەكی لە ملدا بو و پاڵتۆیەكی بەشانەوە و تەزبیحێكی بەدەستەوە، خێرا دڵم كرایەوە چونكە هەمو قوتابیەكان عەرەب بون گەر یەكێك بە كوردی قسەی بكردایە  زۆر جێگەی دڵخۆشی بو بۆم، لێی چومە پێشەوە وتم بەڵكو ئەمە قالە بێت و پیر بوبێت وگەیاندبێتیانە ئێرە؟ بەداخەوە بە قسەكانیا دەركەوت قالە نەبو لە نەخۆشیش نەدەچو بەڵام كە دواندم  وتی خەڵكی سابونكەرانم وام دەزانی ئەوە كەسێكی خۆمە پرسیارم لێ كرد كە ئەونەدە باشیت و یادەوەریت زیندوە بۆ ناڕۆیتەوە بۆ سلێمانی!؟  وتی كە ماوەی بیست ساڵە لێرەم سەرەتا كە هاتوم خوشكێكم سەردانی كردوم دواتر ئەویش دیارنەماوە، نازانم بچمەوە بۆ كوێ؟؟ ئێرەم لە هەمو شوێن باشترە  تازە بەم شوێنە ڕاهاتوم، لەو كاتەدا یادەوەریم بردمیەوە بۆ لای قالە، خۆزگە قالەش كەسێكی دڵسۆزی هەبوایەو لە بەردەبارنی منداڵانی گەڕەك  بیان پاراستایە.