لەجیهانی ئەمڕۆدا، ئاستی بەرهەمهێنانو زامن كردنی خۆبژێویی، رەگەزێكی سەرەكی هێزو كۆڵەكەی پتەوی هەژمونگەریو باڵادەستییە، هیچ وڵاتێك لەهەزارەی سێهەمدا توانای بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەكانو ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نابێت گەر ئاسایشی ئابوری مسۆگەر نەكردبێت، ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی دوایش سەلماندویەتی كە سەربەخۆیی سیاسی بەبێ سەربەخۆیی ئابوری كارێكی زۆر ئەستەمە.
كەواتە ناكرێت تەنها لەسۆنگەی ئابورییەوە لەبایەخی خۆراك بڕوانینو رەهەندە سیاسیەكەی نادیدە بگرین، ئێستا خۆراك وەك چەكێك لەهاوكێشەی سیاسی وڵاتاندا بەكاردەهێنرێتو ئامڕازێكی كاراو كاریگەری ئەو وڵاتانەیە كە توانای خۆبژێوییو بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیان لەئاستێكی بەرزدایەو زیادەی خۆراكیان هەیە، ئەمەش دەرفەتو هێزێكی زیاتری پێبەخشیون بۆ زاڵبونی سیاسیو ئابورییان بەسەر جیهاندا.
هەر چەند ساڵێك لەمەوبەر بوو كە ئێمە ئەزمونی ئەوەمان كرد گەمارۆو ئابڵوقەی ئابوری لەسەر عێراق چەند كوشندەتر بوو لەتەقو تۆقی چەكو موشەكو جەنگی سەربازیو چ كاریگەرییەكی گەورەی كۆمەڵایەتیو دەرونیو سیاسیو ئابوریشی كردە سەر بەرینترین توێژەكانی كۆمەڵگە!
بەدرێژایی پەنجا ساڵی رابردووش، هەمیشە رێكخستنی یارمەتییە خۆراكییەكان ئامڕازێكی گرنگ بووە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا بەرامبەر بەجیهان، هەر ئێستا یەكێك لەهەڕەشە گرنگەكانی ئەمەریكاو جیهانی رۆژئاوا لەدژی وڵاتانی روسیاو ئێران، لەسەر مەسەلەی ئۆكرانیاو چەكی ئەتۆمی، پەنابردنە بەر سزادانی ئابوریو ئابڵوقەدانی ئابورییانە. لەبەرئەوە درك كردن بەمەسەلەی ئاسایشی خۆراك بۆ هەرێمی كوردستان بایەخو گرنگی لەپەی بردن بەگرنگی ژمارەی پێشمەرگەو جبەخانە كەمتر نییە.
دەمێكە پرسیارێك لەمێشكی هەمووماندا دێتو دەچێت: بۆچی كوردستان كە خاوەنی ئاوی سازگارو خاكی بەپیتو دەستی كاری زۆروزەوەندو سەرمایەی فرەیە، كەچی توانای بەرهەمهێنانی لانیكەمی پێویستیەكانی خۆی نیەو خۆی پێبەخێوناكرێت؟!
بیركردنەوە لەوەی كوردستان خەریكە ئاستی بەرهەمهێنانی نزیكدەبێتەوە لە”سفر” خەمهێنەرە، هەنووكە سەر بەهەر سۆپەرماركێتێك یان دوكانێكی میوەو سەوزەواتی بازاڕەكانی كوردستاندا بكەیت، سەرت لەوە سوڕدەمێنێت كە هەرێمی كوردستان 90%ی پێویسیتیەكانی لەدەرەوە هاوردە دەكاو توانای خۆژیاندنو بەرهەمهێنانی پێویستیە خۆراكیە هەرە بنەڕەتیەكانی خۆی نییەو لەدابینكردنی ئەو خۆراكانەدا پشت بەهاوردەی دەرەكی دەبەستێتو بووە بەبازاڕێكی گەورەی ساغكردنەوەی بەروبومو كاڵای وڵاتانی دەرو دراوسێو جیهان! لەسایەی ئەم دۆخەشدا، رۆژ بەرۆژ زیاتر گوندەكانی بێ بەرهەمترو دراوی قورسیشی بەخوتوخۆڕایی بۆ دەرەوەی سنورەكانی دەڕواو هەرێمی كوردستان بەتەواوی بووەتە پاشخانو پاشكۆی ئابوریو سیاسی وڵاتانی دەرەوە.
بەردەوامبونی ئەم دۆخە مەترسیی گەورەی لەهەناوی خۆیدا بۆ كوردستان هەڵگرتووە، كە هەموومان بەحكومەتو هاوڵاتیانیشەوە دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورەوە تا باشتر بیرێك لەدواڕۆژی خۆمان بكەینەوە، بێگومان بەرپرسیارێتیە گەورەكەش دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەڕێگەی داڕشتنی پلانو ستراتیجییەكی تۆكمەو درێژخایەنەوە كۆمەڵگەی كوردی بگەیەنێتە ئاستێك توانای خۆژیاندنو دابین كردنی خۆراكی پێویستی لەكورت ماوەو درێژخایەندا لەڕووی چەندایەتیو چۆنایەتیشەوە بەنرخێكی گونجاو بۆ خۆی هەبێت، لەسەر حكومەتی هەرێمیش پێویستە كە كەرتی كشتوكاڵاو پیشەسازی خۆراك ببوژێنێتەوە، ئەگینا وڵاتانی دەرودراوسێ هەر كاتێك بیانەوێت خۆراكمان وەك چەكێكی سیاسی لەدژ بەكاردەهێننو ئێمەش تا ماوین بارمتەی ئابوری ئەوان دەبین.