وێنەكانی منداڵی لە كۆڵانەكەی خۆمان
لە شاری سلێمانی یەكێك لە هەرە گەرەكە كۆنەكانی ئەو شارە كە( سابون كەران)ەو زۆرینەی كەسانی ناوداری ئەو شارە بەشێكی ژیانیان لەو گەڕەكەدا بەسەر بردوە،، وەك خاوەنی دەست وقەڵەمی بە پێز ( شێخ محەمەدی خاڵ) كە لەو گەرەكە دراوسێ بوین .
لەو وێنە سەیرانەی كە تا ئێسات لە بیرمە وێنەی مامۆستا خاڵ بو كە خەڵكی گەڕەك پێیان دەوت ( قازی) ئەو هەر كاتێك لە سەر سوچی كۆڵانەكەوە دەر دەكەوت بە عەبا ڕەشكەی و مێزەرە سپی و سورەكەیەوە بەرەو ماڵی خۆیان دەهاتەو ە خێرا هەمو ژنانی گەرەك ئەگەر لەبەردەرگا بونایە بەپەلە دەچونە ژورەوە دەیان وت – ئەوە جەنابی قازی هاتەوە، یان ئەگەر مناڵان لەو كۆڵانە باریكەدا یاریان بكردایە دایكەكانیان خێرا و بەپەلە دەنگیان هەڵدەبڕی – هێواش با جەنابی قازی بڕوات كەمێ بوەستن .
بەڕێزی ئەوەندە بە سام و هەیبەت بو كاتێ كە بەو كۆڵانەدا دەڕۆیشت هەمو جوڵەیەك لە ئاسایی خۆی دەكەوت … من هەمو جارێ لە دایكمم دەپرسی، بۆچی لە ماڵ دەرچون و هاتنەوەی مامۆستا خاڵ بۆ ماڵی هەمو شتێك دەگۆڕێت؟؟ ئەویش هەر ئەوەندە دەیوت ؛ عەیبە ئەو زۆر پیاوێكی بەڕیزە، من لەو وشە یەهیج تێ نەدەگەیشتم ؟ ئەی پیاوەكانی تر چیانە؟ خۆ هیچ كەسێك لەو كاتەدا كارێكی نادروستی ئەنجام نەداوە تا شتەكان وەك خۆی نەبێت و عەیب بێت؟!.
تێپەڕبونی مامۆستا خاڵ بەو كۆڵانەدا لە ڕۆژێكا یەك جار نەبو مزگەوتەكە زۆر نزیك بو لە ئێمە ، هەمو ئەو كاتانەی كە بانگی دەفەرمو بەڕیزی بۆ نوێژ دەچوە مزگەوت و دواتر دەگەرایەو ماڵەوە .
ماڵەكەیان زۆر تایبەت بو ماڵێكی زۆر گەورەی بە دیواری بەردی زل هەڵچنرابو، دەرگایەكی دوو تاكی ئاسن لە ناوەراستی دیوارەكەدا، ئێمە ماوەیەكی زۆر لەو ماڵەدا ماینەوە كە دیوارمان بە دیواری ماڵی مامۆستا خاڵەوە بو بە هەمو دریژایی ئەو ڕۆژگارانە من بە ئاواتی ئەوەوە بوم بزانم لە پشتی ئەو دیوارە بەرزانەوە چی هەیە؟ خەونم بەوەوە دەدی ئەو دەرگایەیان بە كراوەیی ببینم تەنها ئەو كاتانە دەمدی دەكرێتەوە كە مامۆستا دەهات و دەچو تەنانەت گەلێ جار دەكەوتمە گومانەوە لە هات و چۆی مامۆستاش، من بۆ خۆم لەوانە بوم زۆر شت دەبو بە پرسیار لەلام و حەزم دەكرد بزانم ئەو ماڵەی كەئەو زاتە بەڕێزەی تیایە چۆنە؟.
جارێكیان بریارم دا كە هەردەبێ ئەو دیوی ئەو ماڵە ببینم ، كە مامۆستا لەسەری كۆڵانەكەوە دەركەوت بەڕاكردن چومە ژورەوە تا خۆم گەیاندە پەیژە دارینەكە و بەدزی دایكمەوە بەترس و لەرزێكی زۆر بە پەیژەكەدا سەركەوتم وەك ئەوەی ڕاویان نابم بە دەستە بچكۆلەكانم ئەمسەرەو سەری پەیژەكەم گرت، تا گەیشتمە سەربان ، سەربانەكەمان گڵ بو بەهاران سەوزە گیا و گەلێ جار سێوی بن عەرز و قارچكیشی لێ دەڕوا، كە گەیشتمە سەرەوە زۆر دڵخۆش بوم ، بە هێواشی بەرەو لای ماڵی قازی ڕۆشتم، سەربانەكەمان بە هیچ دەورە نەگیرابو، بەڵكو ئەگەر لە كەنارەوە بوەستایتایە یەكسەر دەكەوتیتە خوارەوە، بەڵام من ئێستاش سەرم لە چاونەترسی خۆم سوڕمابو كە چۆن دەچومە ئەو قەراغی سەربانە بۆ سەیركردن ، من ئەمزانی سەیركردنی ماڵە دراوسێ كارێكی جوان نیە، بەڵام كەسایەتی تایبەتی ئەو بەڕیزە ئەوانەی بیر بردبومەوە، لە سەربان چیم بینی؟ حەوشەیەكی زۆر گەورە تا چاو بڕ بكات سەوزایی هەمو دەوری بە درەختی سەوز گیرابو، گەلێك لە درەختەكان ئەوەندە گەورەبون چڕ ببونەوە.
چاوەڕێ بوم مامۆستا بێتە ژورەو بۆیەكەم جار( خاڵ) م بینی لەدەرگای حەوشەكەوە ڕێك بەرەو سەرەوە رۆیشت و دەنگی پێوەدانی دەرگاكەم گوێ لێبو كە لەو كاتەدا دایكم بانگی كردم، ئیدی لەو رۆژەوە من هەركاتێك دایكم ئاگای لێ نەبوایە خێرا سەرئەكەوتمە سەربان تا دانیشم و سەیری ماڵی ئەو مامۆستا بەڕێزە بكەم بزانم كەی دەرگاكەیان دەكرێتەوە؟.