ئارایشت بە باروت

لە بەرەبەیانی مێژوەوە كە هەردوڕەگەزی نێرو مێ لەسەر ئەم هەسارەیە ژیان بەڕێ ئەكەن، لەبەر جوانی و لەبەر ناسكی ، لەبەر ڕێزی دایكایەتی، هەمیشە ئافرەت لە لای كورد ڕێز لێگیراوبوە ، ئەم گەلە بە هەمو ئەو بەسەرهات و نەهامەتیانەوە كە بەرۆكی پێگرتوە لەزۆرێك لە گەلانی جیهان جوان بینترو شایستە تر لە ئافرەتی ڕوانیوە ، بەڵگەی كۆن و نوێی ئەوەیە ڕەنگە كورد تاكە نەتەوەبێ لە ئاخافتندا جیاوازی نێرو مێ نەكات.
ئەوڕۆژەی ئەوانەی ئاین و خودایان كردە سەنگەر بۆ تێر كردنی ئارەزوە شەیتانیەكانیان ، تاریكی مەزهەبی بەنیاز بوو مێژویەكی ڕەش بۆخۆی تۆمار بكات ، هێرشیان كردە سەر خەڵكی سیڤیلی كۆبانێ ، خەڵكی ئەوشارەش بڕێارێكیان دا، كە مێژوو نەك هەر لەیادی ناكات بگرە ئەیخاتە خانەی شانازی خۆیەوە (مقاوەمەت) لە لاپەڕە زێڕینەكانیدا ئەیدا بە تۆمار، بڕیاریان دا ئازاد بژین، تاریكیو دیلێتیان ڕەتكردەوە، ئەو شارە ژنان و كچانی پێش پیاوەكان چەكیان كردە شانیان هەرچەندە دژی چەك و خوێن بون ، دایك بون خوشك بون ، هاوسەر بون، مرۆڤ بون، مێ بون، جوان بون، نازدار بوون، ناسك بوون.
ژنان و كچانی ئەو شارە كە كوردن بڕیاریان دا مێزی ئارایشت و ئاوێنەكانیان پشتگوێخەن ، هەمو توانایان خستە كار دژی تاریكی، لەجیاتی شانێل و ماكسفاكتۆر بخەنە جانتا دەستیەكانیانەوە كۆڵەپشتی شەڕیان كردە پشت، لە نێوان كرێمی های فای و خۆڵی كۆبانێ دا، دوهەمیان هەڵبژارد.
ئەوان لەبری مۆسیقای لۆڤستۆری و مۆنامۆ گوێیان بە دەنگی خومپارە و بۆمب ڕاهێنا، لەبری نازی چاوبازان و ژوانی دڵداران و دەست لەملانی ئازیزان دەستیان كردە ملی دۆشكاو تفەنگ، باسكیان كردە سەرین بۆ زامدارەكان.
ئەوان نەك تەنها نەتەوەكەی خۆیان شانازیان پێوە ئەكات بگرە مرۆڤ دۆستانی دنیایان سەرسام كرد ، زۆرێك لەو بەناو سیاسیانەی كە هەمو تواناكانیان لە خۆبادان بەسەر خەڵكی كۆمەڵگاكەی خۆیاندا تێپەڕ ناكات، خەون بەوەوە ئەبینن بەرپرسێكی پلە هەشتی وڵاتێكی بیانی قاوەیەكیان دەرخوارد بدا لەقاوەخانەیەكی هاوینەدا، بەڵام تەوارەكانی كۆبانێ لەگەڵ هۆلاندی سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆشكی ئەلێزێ دائەنیشن، ئۆباما لەكۆشكی سپی پێشوازیان لێ ئەكات .
ڕۆژی ئەوە هاتوە ئەوانەی كە تەنها سەرمەستی ئەوەن چۆن بەردەوامی بە دەسەڵاتەكەیان بدەن و خۆیان بە كورسیەكانیانەوە بزمار ڕێژكەن، ئەوانەی سیاسەت و دەسەڵات بە میرات ئەزانن یان وا ئەزانن ئەزەلیەو لە ئاسمانەوە بە دیاری بۆیان هاتۆتە خوارەوە مەستی بەریان بدا، كەشتی ئەم گەلە ماندووە نەخەنە دەریای نەزانین و سەر كەشیەوە، با بزانن میلەتێ كە مێژووی كۆبانێ تۆمار بكات لێیان خۆش نابێ.
ئەی ئەوانەی مێژوی گەلەكەتان و مرۆڤایەتیتان بە باروت ئارایشت كرد ، جوانیتان بەخشی بە جوانی ، ناسكیتان ناسكتر كرد، دایكایەتیتان پیرۆز تر كرد ، سەلماندتان كە غیرەت تەنها لای سمێڵە بابڕو ڕەشكراوەكان نیە ، ئێوە ناوی ئەو نەتەوەیەی كە بەدرێژایی مێژوو ئەچەوسێتەوە بەسەر ئەم هەسارەیەدا پەخشكرد ،كە هەندێ لە گەلانی دنیا لە كولەكەی تەڕیشا ناویان نەبیستبوو .
هەرئێوەشن ئەتوانن دوا ڕۆژ بگۆڕن، منیش لەبری گوڵی سوری ڤالانتاین، لەبری خشڵی زێڕ، تەنها دێڕێ شیعری بابەگەورەی شیعری كوردیتان پێشكەش ئەكەم ، تابزانن پیرانی شیعر لە دێرزەمانەوە ئێوەیان ناسیوە ، ئێوەش بە دنیاتان ناساندین، فەرمون بزانن حەزرەتی نالی چیتان پێئەڵێ:

صیددق و عەزیز هەر وەك یوسف كە نەبی بۆ كوڕ

صیددیقەیی مەعصومـە وەك داكــی مەســـیحا كــــچ

دەستان خۆش ئەی مریەمە پاكیزەكان