حکومەتی کوردستان لەم ماوەیەی پێشوودا پرۆژە یاسایەکی خستووەتە بەردەست پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان و رازیبوون لە سەری، پرۆژە یاساکە لە کاتێکدا دێت کە حکومەتی ناوەندی عێراق وا بۆ ماوەی یازدە مانگە بەشە داهاتی نەوتی لە هەرێمی کوردستان بڕیوەو بەو هۆیەشەوە موچە و سەرچاوەی دارایی و وەبەرهێنان تووشی ئاستەنگێکی زۆر بووە. داوای قەرزی دەرەکی لە کاتێکی ئاوادا، زۆر کردارێک و کاردانەوەیەکی سروشتیانە دێتە بەرچاوو زۆر نزیکە پەرلەمان و جەماوەری کوردستان بێ سێ و دوو پاڵپشتی ئەم پرۆژە یاسایە بکەن.
پێش ئەوەی شیکردنەوەیەک و ئەنجامگیریەک بۆ پرسێکی وا گرنگ بکەین، پێویستە لێرەدا بە شێوەیەکی کورت شیکردنەوەیەک بۆ جۆرەکانی قەرزی دەوڵەتی بکەین و بە ئەزموونی وڵاتانی گەشەکەردا بچینەوەو بزانین کێشەو ئاستەنگەکانی ئەم شێوە قەرزکردنە چین.
قەرزی دەوڵەتی
بەشێوەیەکی گشتی قەرز لە بارێکدا دەکرێت کە خەرج (Expenditure) لە داهات (Income) بەرزتر بێت. بە پێچەوانەشەوە، پاشەکەوتکردن (Saving) لە کاتێکدا دەکرێت کە داهات لە خەرج بەرزتربێت. بە هەمان پێوەر، دەشێ حکومەت قەرز بکات لەکاتێکدا کە وەبەرهێنانی نیشتمانی لە پاشەکەوتی نیشتمانی نزم بێت، لێرەدا پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان قەرزو پاشەکەوتکردنی بەکاربەری ئاسایی (Ordinary consumer)و قەرزی دەوڵەتدا. هەرچەندە بناغەکانی قەرزکردنی تاکەکەس و دەوڵەت زۆر لەیەک دەچن بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە ڕووی مەبەست و مەوداو شێوەی قەرزکردنیاندا هەیە.
(1)لە پێش هەموویانەوە، بە پێچەوانەی تاکە کەسەوە، دەوڵەت کاتی ژیانی دیاریکراو نییە، واتە دەوڵەت تەنیا شەست یا هەفتا ساڵ ناژی هەتا مەودای قەرزەکانیشی بە پێی ژیانی بێت و لە کۆتایی ژیانیدا هەموو قەرزەکانی دابێتەوە.
(2)بەپێچەوانەی تاکە کەسەوە، پێشبینی دەکرێت دەوڵەت ئیفلاس نەکات. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێگەیشتنەی کە دەوڵەت نوێنەرایەتی نیشتمانێکی سەربەخۆ Sovereign Nation)) دەکات و نیشتمانیش ڕەنگە تووشی نشوستی بێت لە بارو زروفی نەخوازراودا، بەڵام لە ئایندەدا هەر هەڵدەستێتە سەر پێی خۆی. هەر بۆیە ڕێژەی مەترسی (Risk Rate) قەرزی دەوڵەتی زۆر کەمترە (زۆرجار یەکسان دەکرێت بە سفر) لە قەرزی تاکەکەس و کۆمپانیاکان.
(3)هەر ئەمەش وادەکات کە دەوڵەت لە چاو تاکەکەسدا سەرچاوەی قەرزی زۆر زیاتری هەبێت و دامودەزگا جیهانیەکان زیاتر متمانەیان پێی هەبێت.
(4)جیاوازیەکی بنەڕەتی دیکەی قەرزی دەوڵەتی لەگەڵ قەرزی بەکاربەری ئاساییدا ئەوەیە کە مەبەستی قەرزی دەوڵەت بۆ وەبەرهێنان و پێشڕەوتی نیشتمانە نەک سوودی تاکەکەس. هەربۆیە، دەرئەنجامی قەرزکردنی دەوڵەت بە باش و بە خراپ کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو هاووڵاتیانی وڵات. جا ئەگەر هاووڵاتیان ئاگایان لە قەرزەکە بووبێت یا نەبێت، کاردانەوەکانی قەرزەکە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموویان هەر دەبێت.
لێرەدا پێویستە ئەوە بخەینەڕوو کە بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆرە مەبەستی سەرەکی قەرزکردنی دەوڵەتی هەیە:
یەکەم، قەرز بە مەبەستی وەبەرهێنان. ئەم جۆرە قەرزەش دەکرێت بە دوو جۆرەوە. جۆری یەکەم بۆ وەبەرهێنانە لە ژێرخانی ئابووریدا وەکو دروستکردنی ڕێگەوبان و بەنداو و ئێزگەی بەرهەمهێنانی وزەو ..تاد. زۆربەی قەرزیش بۆ ئەم مەبەستانە دەبێت درێژخایەن بێت چونکە پرۆژەکان ماوەیەکی زۆریان دەوێت تەواوبکرێن. لە هەمان کاتدا، بەهرەی ئەم پرۆژانەش لە ماوەیەکی زۆر درێژخایەندا بەدی دەهێنرێن. بۆ نمونە، لێدان و تەواوکردنی ڕێگایەکی ستراتیژی یا هێڵی ئاسنین ڕەنگە چەند ساڵێکی بوێت تا تەواو دەبێت بەڵام دەیەها ساڵی دەوێت هەتا تێچووەکەی خۆی دەربهێنێتەوە. زۆرجار بەهرەی ئەم جۆرە پرۆژانە زۆر ناڕاستەوخۆن و سەرەڕای ئەوەی دەوڵەت ئێستا دەبێت خەرجێکی زۆریان تێدا بکات، بەهرەکەیان بەسەر هەموو دانیشتوواندا دابەش دەبێت و ڕاستەوخۆ نابنە مایەی هیچ داهاتێک بۆ بودجەی دەوڵەت. جۆرێکی دیکەی قەرز بۆ مەبەستی وەبەرهێنان قەرزی کورتخایەنە. بۆ نموونە قەرز بە مەبەستی بەرهەمهێنان لە پرۆژەیەکدا کە خێرا دێتە دەستەوەوە و خێرا دەست دەکات بە بەرهەمهێنان و بەهرەکەشی راستەوخۆیە. بۆ نمونە، دامەزراندنی کارگە و کێڵگەی بەرهەمهێنەر. بەرهەمی ئەم جۆرە پرۆژانە بەرجەستەیین (Tangible) بۆیە پرۆژەکان توانایان هەیە خۆیان قەرزەکانی خۆیان بدەنەوەو چاوەڕوان ناکڕێت لە پاشە