ئابووری روسیا ماوەیەكە رووبەڕووی چەند گرفتێكی یەك لەدوای یەك دەبێتەوە، مەترسیدارترییان، پاشەكشێی نرخەكانی نەوتە، كە لەم دواییەدا كاریگەریی گەورەی لەسەر تەواوی دەوڵەتانی بەرهەمهێنو هەناردەكاری نەوت هەبوو، بەهۆی ئەو گرفتانەوە رەوشی ئابووریی روسیا زۆر خراپ بوو، بەدوایدا بەهای دراوی روسیا بەشێوەیەكی گەورە وەك ئەوەی لەساڵی ١٩٩٨ روویدا، پاشەكشێی كرد. لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٣، تێكڕای نرخی گۆڕینەوەی رۆبڵ، ٣٣ رۆبڵ لەبەرامبەر بەدۆلارێك بوو، تادوو هەفتەی پێشوو نرخی گۆڕینەوەی رۆبڵ بۆ دۆلار گەیشتە ٥٤ رۆبڵ. رێژەی ئەو پاشەكشێیەی رۆبڵ لەبەرامبەر دۆلار ٦٤% بوو، كە بەخراپترین پاشەكشێی رۆبڵی روسی دادەنرێت، كە لەكۆتایی نەوەتەكانی سەدەی رابردووەوە لەبەرامبەر بەدۆلار تۆماری كردبێت، بەدووەم خراپترین ئەدای دراو لەسەر ئاستی جیهان لەدوای دراوی ئۆكراین دادەنرێت.
بەو شێوەیە، كۆمەڵێك هۆكار پێكەوە بەیەك ئاراستە گوشاریان خستۆتە سەر ئابووریو دراوو تێكڕای گەشەی ئابووریی روسیا، ئابووریی روسیا لەڕووی ئابوورییەوە گەمارۆ دراوە، لەكاتێكدایە نرخەكانی نەوت پاشەكشێ دەكات، كە بەسەرچاوەی سەرەكی داهاتی روسیا دادەنرێت، یەدەكە بیانییەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو دادەخورێت. بەجۆرێك كە ئاستی مەترسییەكانی داڕمانی ئابووریی روسیا بەرز دەكاتەوە، هەموو ئەوە بەئامانجی ناچاركردنی روسیایە، تا لەئۆكراین پاشەكشێ بكات.
دەستێوەردان لەبازاڕی نەختی بیانی
روسیا روبەڕووی قەیرانێك بۆتەوە كە پێی دەوترێ گرفتی ئابووریی هەڵكەوتوو، كە لەبنەڕەتدا پشت بەیەك كاڵا یان چەند كاڵایەك دەبەستێتو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵات پێكدێنن، كە ماوە ماوە روبەڕووی تەوژمی توندی رەوكردنی سەرمایە دەبێتەوە، كاتێك مەترسییەكانی سەر دراوەكەی بەرزدەبێتەوە، دەبێتە هۆكاری داخورانی یەدەكە دۆلارییەكەی، ئەمیش بەڕۆڵی خۆی گوشاری سەر پاشەكشێی بەهای دراوەكەی زیاد دەكات، كە هاوكاتی خواست لەسەر دۆلار بۆ تەمویلكردنی پڕۆسەكانی چوونە دەرەوەی سەرمایە زیاد دەكات، پڕۆسەكانی رەوكردنی سەرمایە لەساڵی ٢٠١٤ بەنزیكەی ١٣٤ ملیار دۆلار مەزندەكراوە، لەكاتێكدا پێشبینی دەكرێت كە لەساڵی ٢٠١٥دا رەوكردنی سەرمایە بگاتە نزیكەی ١٢٠ ملیار دۆلار.
لەحاڵەتی پاشەكشێی بەرچاوی بەهای دراودا، بانكە ناوەندییەكان راستەوخۆ دەستوەردەدەنە بازاڕی نەختی بیانی بۆ فرۆشتنی دراوە بیانییەكانو كڕینی دراوە ناوخۆییەكان، تا ئەو پڕۆسەی كڕینە ببێتە هۆكاری زیادكردنی خواست لەسەر دراوی ناوخۆییو لەبازاڕی گۆڕینەوەی نەختی بیانیدا بەهاكەی بەرزبێتەوەو بەدوایدا گوشارەكانی سەر پاشەكشێكردنی تێكڕای گۆڕینەوەی دراو كەم بكات. وەلێ لەحاڵەتە توندەكانی، وەك ئەم حاڵەتەی كە روسیای تێدایە، پڕۆسەی دەستێوەردان لەبازاڕی نەختی بیانی زۆربەی جار كاریگەریی سنوورداری دەبێتو ماوەكەشی كەم دەبێت، رەنگدانەوەی لەسەر ئاراستەی تێكڕای نرخی گۆڕینەوەی دراو دەبێت بەرەو داشكانی خێراتری بەهاكەی. لەهەندێك حاڵەتدا دەستوەردانی بانكی ناوەندی، تێكڕای نرخی گۆڕینەوەی دۆلار دوای دەستوەردانی بانكی ناوەندی پاشەكشێی دەكرد، بەڵام هێندە نابات جارێكی تر بەرزدەبێتەوە، چونكە لەو حاڵەتەدا بازاڕ برسی دراوی بیانییە، هەرچەندە دەبوو دەستوەردانی چڕی بانكی ناوەندی لەبازاڕی نەختی بیانیدا، پەیامێكی دڵنیایی بەسەوداكارانی ئەو بازاڕە بدات، بەوەی كە بانكی ناوەندیی روسیا لەپشت دراوی وڵاتەوەیەو ئامادەیە بەهەر نرخێك بێت بەرگری لێبكات.
بەڵام كاتێك پێشبینییەكان نەرێنین، پڕۆسەكانی دەستوەردان ئاستی ترس لای سەوداكارانی بازاڕی نەختی بیانی زیاد دەكاتو خواست لەسەر دراوی بیانی بەمەبەستی هەناردنە دەرەوە یان بەمەبەستی لەكۆڵكردنەوەی دراوی ناوخۆیی یان بۆ سەوداكاری زیاد دەكات. دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو ئاراستانە لەبازاڕی نەختی بیانی لەبەرڕۆیشتنی (استنزاف) مایەی دەوڵەتە لەدراوی یەدەكی بیانی، ئەوەش رەوشەكە زیاتر خراپ دەكاتو دراوی ناوخۆیی بەرەو داڕمان دەبات.
هەنگاوەكانی بانكی ناوەندیی روسیا
كاتێك پڕۆسەی دەستوەردانی راستەوخۆی بانكی ناوەندی لەبازاڕی نەختی بیانی، لەڕێی بەكارهێنانی یەدەكی نەختی بیانییەوە بۆ بەرگریكردن لەدراوی وڵاتەكەی شكست دێنێت، بانكی ناوەندی پەنا بۆ بەكارهێنانی ئامرازەكانی سیاسەتی نەختی دەبات تا خواستی سەر دراوی وڵاتەكەی بەهێزبكاتو رێگیری لەداشكانی بەهاكەی لەبەرامبەر بەهای دراوەكانی تردا بكات، ئەوە رێك ئەو هەنگاوەیە كە بانكی ناوەندیی روسیا پێی هەڵسا كاتێك بڕیاری كەمكردنەوەی دەستوەردانی راستەوخۆی لەبازاڕی نەختی بیانیدا، بۆئەوەی رۆبڵ دووچاری داڕمان نەبێتەوەو بەیەكجار نرخی سودی لە (١٠.٥% – ١٧%) ب