پاره‌یه‌كى زۆر له‌ساڵى نوێدا

ئه‌و پاره‌ى كه‌ بڕیاره‌ له‌ ساڵى 2015دا له‌به‌شه‌ بودجه‌ى عێراق بگاته‌ هه‌رێمى كوردستان بڕه‌كه‌ى 16 ترلیۆن و 532 ملیار دیناره‌و ئه‌م پاره‌یه‌ جیاوازه‌ له‌و بڕه‌ى كه‌ چه‌ندین ملیار دینارى دیكه‌یه‌و هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى فرۆشتنى نه‌وته‌وه‌ ده‌ستى ده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كى به‌هێزو چاكسازى خواز هه‌بێت ساڵى 2015 بۆ كوردستان ساڵێكى زێڕین ده‌بێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقد، پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2015) پەسەندکرد کە بڕەکەی (123) ملیار دۆلاری ئەمەریکیە و نرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە (60) دۆلار جێگیرکرا.
لە بڕگەی یەكەم/ب لە ماددەی یەكەمی پڕۆژە یاساكەدا ئاماژەدراوە بە هەناردەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و 300 هەزار بەرمیل لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە لەڕێگای بۆری هەناردەكردنی هەرێم كراوة ، و بڕی یەك بەرمیل نەوتیش بە نرخی (60) دۆلاری ئەمریكی دەستنیشانكراوە.
هه‌رێمى كوردستان تواناى به‌رهه‌مى نه‌وتى ئێستا نزیكه‌ى 400 هه‌زار به‌رمیله‌و رۆژ به‌رۆژ زیادده‌كات و كۆتایى ساڵى 2015 ده‌بێته‌ دوو هێنده‌ى ئه‌وه‌ى ئێستا به‌رهه‌مدێت، به‌مه‌ش جگه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌ى له‌ به‌غداوه‌ دێت هه‌رێمى كوردستان خۆشى داهاتێكى زۆرى له‌به‌ر ده‌سته‌.
بەپێی بڕگەی پێنجەمی ماددەی (9)ی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2015) وەزارەتی بەرگری پابەند كراوە كە خەرجییەكانی پێشمەرگە لە خەرجییەكانی سیادی وەزارەتی بەرگری بدات ، كە بۆ ساڵی (2015) بە بڕی (100) ملیار دینارى مانگانە يە، و كۆی گشتی ساڵەكەش دەكاتە (1) ترلیۆن و (200) ملیار دینار.
بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (9)ی پڕۆژە یاساكە بەشە بودجەی هەرێم بە (17%) دوای داشكاندنی خەرجییەكانی سیادی و حاكمە جێگیركراوە كە دەكاتە (15) ترلیۆن و (332) ملیار دینار و به‌ پاره‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌گاته‌ 16 ترلیۆن و 532 ملیار دینار،
بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی (9)ی پڕۆژە یاساكە، ئەم بەشە بودجەیەی هەرێم قابلی زیادبونە بە بەرزبونەوەی نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕی جیهانی بۆ زیاتر لە (60) دۆلار، وە بە پێچەوانەشەوە لە كاتی دابەزینی نرخی یەك بەرمیل نەوت لە 60 دۆلار بەشی هەرێمیش كەم دەكات.
ده‌توانین بڵێن: حوكمڕانانى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌دان ساڵێكى قورسمان تێپه‌ڕاند و بۆ ساڵى ئاینده‌ش پاره‌یه‌كى زۆر دێته‌ ده‌ستمان، لێره‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌م پاره‌ خه‌رجده‌كرێت، بۆچى خه‌رجده‌كرێت‌و به‌رهه‌مى چییه‌؟